“با بخوێنینه‌وه”
پێشانگه‌یه‌كی رۆشنبیری له‌ لالش بۆ ئاواره‌كان كرایه‌وه‌

April 20, 2018 at 9:02 pm

شێخان، نیسانی 2018، هه‌ڵمه‌تی هاندانی هاوڵاتیانی ئێزیدی بۆ خوێندنه‌وه‌ له‌ لالش فۆتۆ: موهه‌نه‌د سنجاری

موهه‌نه‌د سنجاری – نه‌ینه‌وا
ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌نجانی ئێزیدی، له‌ رێی پێشانگه‌یه‌كی رۆشنبیرییه‌وه‌ هانی زیاره‌تكارانی لالش به‌ تایبه‌ت ئاواره‌كانیان دا، كتێب بخوێننه‌وه‌.
ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌، به‌ كردنه‌وه‌ی شه‌قامێكی رۆشنبیری له‌ ژێر ناوی “با بخوێنینه‌وه‌” ده‌ستیپێكرد له‌ په‌رستگای لالش، شوێنی ئاینی ئێزیدی (60كم باكوری رۆژئاوای موسڵ).
نوری عیسا، سه‌رۆكی گروپی ئاماده‌كاری چالاكییه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی رۆشنبیری لای ئاواره‌كان و بۆ هاندانیان به‌ ئامانجی خوێندنه‌وه‌، ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌مان ئه‌نجامدا.

چالاكییه‌كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك گه‌نجی كه‌مپی شاریاوه‌ رێكخرا بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك و كتێبه‌كانی نێو پێشانگه‌كه‌ش له‌ كتێبخانه‌ی شه‌نگال كه‌ له‌نێو كه‌مپه‌كه‌یاندا هه‌یه‌ به‌ كاتی وه‌رگیرابوو له‌گه‌ڵ هاوكاری خه‌ڵكی تر.
حه‌جی ئه‌لیاس دنای، رۆژنامه‌نوسی پێكهاته‌ی ئێزیدی بۆ (كه‌ركوك ناو) باسی له‌وه‌كرد پێشوازییه‌كی زۆر له‌ پێشانگه‌كه‌ كراوه‌ و سه‌رباری كه‌می كتێبه‌كان كه‌ نزیكه‌ی 300 كتێب ده‌بوو، به‌ڵام بیرۆكه‌كه‌ زۆر باش بووه‌ و ده‌كرێت بۆ كه‌مپه‌كانی دیكه‌ش دوباره‌ بكرێنه‌وه‌.
ئه‌و چالاكییه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ جه‌ژنی سه‌ری ساڵ یان چوارشه‌ممه‌ی سوری پێكهاته‌ی ئێزیدی كه‌ زۆرینه‌یان له‌و رۆژه‌دا سه‌ردانی په‌رستگای لالش ده‌كه‌ن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری