“خۆم نوێنه‌ره‌كه‌م دیاریده‌كه‌م”

May 9, 2018 at 10:12 am

چه‌مچه‌ماڵ/17ی نیسانی 2018/ خولێكی سه‌نته‌ری میدیای سه‌ربه‌خۆ (IMOK) بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

“ده‌نگی من بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌‌‌ بۆ شوێنی خۆم بابل… ئیتر ماندوبوین له‌ ئاواره‌یی ساڵێك دوو ساڵ پێنج ساڵ…”، حاجی عه‌دنان حه‌مه‌د (51ساڵ) له‌ سه‌ره‌تای به‌شداریكردنی له‌ خولێكی رێكخراوی میدیای سه‌ربه‌خۆ (IMOK) بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ده‌نگدان بۆچونێكی تری هه‌بوو “ده‌نگدان هیچ ناگۆڕێت”.

حاجی عه‌دنان، شه‌كه‌ت و هێز لێ بڕاو بوو، ره‌نگ و روخساری له‌سه‌روی ته‌مه‌نه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌بینرا، ده‌ستی ده‌خسته‌ سه‌ر چه‌نگایی و‌ گوێی ده‌گرت، ئه‌و چوار ساڵه‌ ئاواره‌یه ‌و چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كات.

ئێستا حاجی عه‌دنان حه‌مه‌د له‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ گیرساوه‌ته‌وه‌، له‌ڕاستیدا ئه‌و له‌ ئاواره‌ییدا به‌هۆی هێرشی داعش بۆ عیراق چوار پارێزگای تری بینیوه‌.

گرفتی گه‌وره‌ی حاجی عه‌دنان ئه‌وه‌یه‌ هیچ رێوشوێنێكی نه‌ده‌زانی سه‌باره‌ت به‌ده‌نگدان، له‌ریزی پێشه‌وه‌ی خوله‌كه‌ داده‌نیشت و زوو زوو پرسیاری ده‌كرد و وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌رده‌گرت.

خوله‌كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی میدیای سه‌ربه‌خۆ (IMOK) له‌یه‌ككاتدا له‌ پارێزگاكانی كه‌ركوك، هه‌ولێر و دهۆك له‌لایه‌ن تیمێك له‌ راهێنه‌رانی رێكخراوه‌كه‌وه‌ ده‌وترێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هاوكاری رێكخراوی (HIVOS)ی هۆڵه‌ندی.

له‌و دانیشتنه‌ی كه‌ حاجی عه‌دنان كه‌ له‌ 17ی نیسان به‌شداریكرد 55 كه‌سی تر كه‌ 21یان ژن بون به‌شداربون.

 له‌ كۆتایی ساڵی 2014 كاتێك داعش هێرشیكرده‌ سه‌ر چه‌ند پارێزگایه‌كی عیراق، حاجی عه‌دنان پارێزگای بابل-ی به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستانی عیراق جێهێشت و ئێستا له‌ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ ئاواره‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌رو دوو منداڵه‌كه‌ی كه‌ ئه‌وانیش مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌.

چه‌مچه‌ماڵ/17ی نیسانی 2018/ خولێكی سه‌نته‌ری میدیای سه‌ربه‌خۆ (IMOK) بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن فۆتۆ: IMOK

له‌سه‌ره‌تای خوله‌كه‌دا كاتێك راهێنه‌ر پرسیاری لێده‌كردن چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، حاجی عه‌دنان له‌پێش هه‌مویانه‌وه‌ وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه‌ “هیچ… نا هیچ ناگۆڕێت”.

دواتر راهێنه‌ر ده‌ستی به‌وتنه‌وه‌ی خوله‌كه‌ ده‌كرد، گرنگی ده‌نگدانی ئاواره‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان رونده‌كرایه‌وه‌، رۆڵی نوێنه‌ری هه‌ڵبژێردراو و گرنگیان له‌ په‌رله‌مانی عیراق، لایه‌نه‌ نه‌رێنییه‌كانی به‌شدارینه‌كردنی ئاواره‌یان بۆ شیده‌كرایه‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر بایكۆت بكه‌یت چۆن خه‌ڵكی تر له‌بری تۆ نوێنه‌ر دیاریده‌كات و بواری زیاتر ده‌ڕخسێت بۆ ساخته‌كاریی و فرت و فێڵی تری هه‌ڵبژاردن.

به‌شداربوه‌كان پرسیاری زۆریان ده‌كرد له‌باره‌ی گرنگی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، بۆچی گرنگه‌ په‌رله‌مان دروستبێت، بۆچی گرنگه‌ ئێمه‌ش نوێنه‌ر دیاریبكه‌ین؟ به‌ڕاستی ئه‌وان گرنگی به‌ده‌نگی ئێمه‌ ده‌ده‌ن؟

زوهره‌ عه‌لی (34ساڵ) كه‌ له‌هه‌مان دانیشتن به‌شداربوو وتی “ئیمه‌ سه‌قامگیریمان ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه‌ شوێنی خۆمان، خزمه‌تگوزاریمان ده‌وێت ده‌نگدان به‌ حكومه‌تی نوێ چۆن ده‌توانێت ئه‌مه‌ بكات”.

راهێنه‌ر گرنگی به‌شداریكردنی له‌ ده‌نگدان و ده‌نگی ئاواره‌ی بۆ رونده‌كردنه‌وه‌، كه‌ چۆن ده‌نگدان تاكه‌ رێگایه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری په‌رله‌مان، تاوه‌كو په‌رله‌مانیش هه‌ڵنه‌بژێردرێت حكومه‌تی نوێ پێكناهێنرێت، تا حكومه‌تیش پێكنه‌هێنرێت یاساو بڕیاره‌كان بۆ خزمه‌تگوزاریی و ئاوه‌داننه‌كردنه‌وه‌ نایاته‌دی.

داود ناسح، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ به‌شداربوانی دانیشتنێكی تری هه‌مان رۆژ، هێشتا نه‌یتوانیوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ زێدی خۆی له‌ قه‌زای دوزخورماتوو له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، ئه‌و وتی “ئێستا تێگه‌یشتم كه ده‌نگدانی ئێمه‌ زۆر گرنگه‌ ده‌چم كارتی ده‌نگدانی خۆم و دایكیشم وه‌رده‌گرمه‌وه‌ و خۆمان نوێنه‌ری خۆمان دیاریده‌كه‌ین نه‌ك كه‌سێكی تر له‌بری ئێمه‌”.

دوای نزیكه‌ی دوو كاتژمێر له‌ گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه، حاجی عه‌دنان پرسیاره‌كانی گۆڕا، چۆن ده‌توانین ده‌نگبده‌ین؟ ئایا هه‌مومان مافی ده‌نگدانمان هه‌یه‌؟

له‌ ‌كۆتا پرسیاریدا وتی “من كارتی ده‌نگدانم نییه‌ چۆن ده‌نگبده‌م… هه‌ستایه‌ سه‌ر پێوه‌ و روه‌ و راهێنه‌ره‌كه‌ وتی به‌ڕاستی من یه‌كێكم له‌وانه‌ی به‌شداریی ده‌نگدان ده‌كه‌م ئێستا پێمبڵی چی بكه‌م”.

به‌پێی بڕیاره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن له‌ عیراق، هه‌موو ئاواره‌كان ده‌توانن له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی ده‌نگبده‌ن، ئه‌گه‌ر كارتی ده‌نگدانیان نه‌بێت ده‌توانن به‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی تر به‌شداریی له‌و پرۆسه‌یه‌ بكه‌ن له‌وانه‌ش به‌ڵگه‌نامه‌ی ئاواره‌یی، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌ ئاواره‌كان كاتێك ناوچه‌كانیان جێهیشت ته‌واوی به‌ڵگه‌نامه‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌، له‌ نمونه‌ی حاجی عه‌دنان حه‌مید.

الحاج عدنان حمد

الحاج عدنان حمد، نازح من بابل:من اجل الاستقرار والعودة الى الديار سأصوتحاجی عه‌دنان حه‌مه‌د، ئاواره‌ی بابل: له‌پێناو سه‌قامگیریی و گه‌ڕانه‌وه‌ماندا ده‌نگده‌ده‌م#لنجعل_صوت_النازحين_مسموعاً#giving_voice_to_the_IDPs#hivos

Geplaatst door KirkukNow op maandag 23 april 2018

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری