كۆمسیۆن چوار رێنمایی بۆ ده‌نگدانی ئاواره‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌

April 25, 2018 at 5:31 pm

كه‌ركوك، نیسانی 2018، ئاواره‌كانی كه‌مپی له‌یلان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان كردۆته‌ داواكاری سه‌ره‌كی له‌ هه‌ڵبژاردندا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان رونیده‌كاته‌وه‌، ئاواره‌كان له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگداندا بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق بۆ چوار گروپ دابه‌شكراون، به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی گره‌نتی به‌شدارییكردنیان بكرێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 25-4 له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بڵاویكرده‌وه‌، به‌پێی ئه‌و رێكارانه‌ی گیراونه‌ته‌به‌ر رێگه‌ی به‌ هه‌موو هاوڵاتیانی ئاواره‌ ده‌درێت به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ بكه‌ن كه‌ زیاتر خه‌ڵكی پارێزگاكانی كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا، سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبارن.

كه‌ریم ته‌میمی، وته‌بێژی كۆمسیۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ گروپی یه‌كه‌می ده‌نگده‌ران ئاواره‌كانی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌ و ده‌نگدانیان له‌ پارێزگاكانی ئه‌و هه‌رێمه‌ ده‌بێت، به‌ جۆرێك ده‌نگه‌كانیان بۆ پارێزگاكانی خۆیان هه‌ژمارده‌كرێت.

له‌و جۆره‌ ده‌نگدانه‌دا هاوڵاتیان له‌ رێی كارتی بایۆمه‌تری یان كارتی ماوه‌ كورته‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن.

به‌پێی رونكردنه‌وه‌كه‌ی كۆمسیۆن گروپی دوه‌می ئاواره‌كان ئه‌وانه‌ن له‌ كه‌مپه‌كاندا ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ پارێزگاكانی خۆیاندا بێت یان له‌ ناوچه‌یه‌كی دیكه‌، له‌ رێی ده‌نگدانی مه‌رجداره‌ به‌شداری پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

بۆ ده‌نگدانی مه‌رجدار پێویسته‌ هه‌ر هاوڵاتییان له‌رێی ناسنامه‌یه‌كه‌وه‌ خۆی بناسێنێت (پێناسی باری شارستانی یان ره‌گه‌زنامه‌ یاخود پاسپۆرت …).

كۆمسیۆن ئاماژه‌ی به‌ سێیه‌م گروپی ده‌نگده‌ران كردووه‌ كه‌ ئه‌و هاوڵاتییانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ به‌هۆی ئۆه‌په‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان یاخود هۆكاری تر نه‌یانتوانیووه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، ئه‌وانه‌ش له‌ ریزبه‌ندی  ئاواره‌ی ناوخۆیین به‌ جوڵه‌ی دانیشتوان ناوده‌برێن.

ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی له‌ گروپی سێیه‌م هه‌ژماركراون (وه‌كو ئاواره‌كانی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك) له‌ نزیك ناوچه‌كانی خۆیان بنكه‌ی ده‌نگدانیان بۆ داده‌نرێت و پێویسته‌ كارتی ده‌نگدانیان پێبێت.

جۆری چواره‌می ده‌نگدانی ئاواره‌كان وه‌كو له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌ی كۆمسیۆندا هاتووه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ تۆماره‌كانیان نوێكردۆته‌وه‌ و كارتی بایۆمه‌ترییان هه‌یه‌ به‌ وێنه‌ی خۆیانه‌وه‌، ئه‌وان ده‌توانن له‌ ناوه‌نده‌كانی ده‌نگداندا ده‌نگبده‌ن و ده‌نگه‌كه‌یان راسته‌وخۆ بۆ پارێزگای خۆیان ده‌ڕوات، ژماره‌شیان 290 هه‌زار كه‌س ده‌بێت.

له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق، نزیكه‌ی دوو ملیۆن و 500 هه‌زار ئاواره‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی داعش و روداوه‌كانی تره‌وه‌ له‌ شوێنی نیشته‌جێبونی خۆیان دوركه‌وتونه‌ته‌وه‌، تائێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن