450 هه‌زار ده‌نگده‌ری ئاواره‌ هه‌یه‌
روانگه‌ی عیراقی: روبه‌ڕوی فشار بونه‌ته‌وه‌

May 5, 2018 at 11:16 am

موسڵ، 2017، ئاوارەكان ماوەیەكی زۆر چاوەڕێی پشكنینی ئەمنی دەكەن تا رەوانەی كەمپەكان بكرێن فۆتۆ: Felipe Dana/AP

كه‌ركوك ناو

له‌ كه‌مپه‌كانی عیراق، 450 هه‌زار ئاواره‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ و له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا، روبه‌ڕوی فشاری زۆری به‌شێك له‌ كاندیده‌كان بوونه‌ته‌وه‌ تا له‌ هه‌ڵبژاردندا متمانه‌یان پێبده‌ن، ئه‌وه‌ش به‌پێی راپۆرتێكی روانگه‌ی عیراقی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ.

زیاتر له‌ دوو ملیۆن هاوڵاتی، هێشتا له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی عیراق به‌ ئاواره‌یی ماونه‌ته‌وه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ش 450 هه‌زار كه‌سیان مافی ده‌نگدانیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ.

به‌پێی ئاماره‌كانی روانگه‌ی عیراقی، ده‌نگده‌رانی ئاواره‌ به‌سه‌ر 131 كه‌مپدا دابه‌شبون و زۆرینه‌یان له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و هه‌رێمی كوردستانن، به‌شێكیشیان له‌ خانوی كرێدان له‌ به‌غدا، هه‌رێم، كه‌ركوك و دیاله‌.

وه‌كو له‌ راپۆرته‌كه‌ی روانگه‌دا هاتووه‌ “ئاواره‌كان چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌ژێر فشارێكی گه‌وره‌ی ده‌رونیدا ده‌ژین به‌خۆی به‌رده‌وامی سه‌ردانی كاندیده‌كان و ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی ده‌یده‌ن”.

زۆرترین ده‌نگده‌ری ئاواره‌ خه‌ڵكی پارێزگای نه‌ینه‌وان، ژماره‌یان زیاتر له‌ 181 هه‌زار كه‌سه‌.

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئاواره‌كانی له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگداندا بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆ چوار گروپ دابه‌شكردووه‌ و به‌ چه‌ند شێوه‌یه‌كیش ده‌نگده‌ده‌ن، هه‌ندێكیان به‌ كارتی بایۆمه‌تری، ئه‌وانیتر به‌ كارتی كۆنی ئه‌لیكترۆنی یان ماوه‌ كورت یاخود ده‌نگدانی مه‌رجدار.

كه‌ركوك، نیسانی 2018، ئاواره‌كانی كه‌مپی له‌یلان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان كردۆته‌ داواكاری سه‌ره‌كی له‌ هه‌ڵبژاردندا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

روانگه‌ی عیراقی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاشكرایكردووه‌ هه‌زاران كارتی ده‌نگدانی ئاواره‌كان راگیراون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی لایه‌نگری داعش بون یان له‌ شه‌ڕه‌كاندا كوژراون.

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كۆمسیۆن بۆ روانگه‌، ئه‌وان تیمی خۆیان ده‌نێرن بۆ كه‌میه‌كان به‌ ئامانجی چاودێری و به‌دواداچونی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له‌ قۆستنه‌وه‌ی دۆخی ئاواره‌كان و فشاری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌كه‌ن.

له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق، نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كاندید كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی 329 كورسی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، به‌شێكیان چاویان له‌ ده‌نگی ئاواره‌كانه‌.

روانگه‌ی عیراقی له‌گه‌ڵ سێ ئه‌ندامی خێزانێكی ئاواره‌ی سه‌ڵاحه‌دین له‌ كه‌مپی له‌یلانی كه‌ركوك قسه‌ی كردووه‌ و باسیان له‌وه‌كردووه‌ نایانه‌وێت به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن به‌هۆی ئه‌و روداوانه‌ی به‌سه‌ریاندا هات.

ئاواره‌یه‌كی تر ده‌ڵێت یه‌كلایینه‌بوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن، ئاماژه‌ی به‌ سه‌ردانی ده‌یان لێپرسراو كردووه‌ بۆ كه‌مپه‌كان كه‌ به‌ڵێنی گه‌رانه‌ویان پێداون بۆ ناوچه‌كانی خۆیان.

روانگه‌ی عیراقی به‌پێویستی ده‌زانێت كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان رێكاری توند بگرێته‌به‌ر به‌رانبه‌ر كاندیده‌كان تا مه‌ینه‌تی ئاواره‌كان نه‌قۆزنه‌وه‌ له‌ بانگه‌شه‌كانیاندا و فشار نه‌كه‌نه‌ سه‌ر خه‌ڵك.

هه‌روه‌ها داوا ده‌كات لیژنه‌ی چاودێری هه‌ڵبژاردن رێگه‌ نه‌ده‌ن به‌ كاندید و چاودێری لیسته‌كان بۆ ناچاركردنی ئاواره‌كان له‌ رۆژی ده‌نگداندا تا بڕوا و متمانه‌یان بگۆڕن له‌و هه‌ڵبژاردنی كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت ده‌نگی پێبده‌ن.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن