كاری خۆبه‌خش كردی به‌ سه‌ركرده‌
چیرۆكی ئه‌و كچه‌ كه‌ركوكییه‌ی ئه‌مریكا خه‌ڵاتی كرد

May 6, 2018 at 10:20 pm

سارا عه‌بدوڵا (21 ساڵ) له‌ كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی سه‌ركرده‌ی گه‌نج له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا

محەمەد عەبدولخالق – كه‌ركوك

“له‌ قۆناغی ئاماده‌یی بوم، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانم جلوبه‌رگمان كۆده‌كرده‌وه‌ و به‌سه‌ر هه‌ژاره‌كاندا دابه‌شمان ده‌كرد” ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای كاره‌ خۆبه‌خشه‌كانی سارا عه‌بدوڵا بوو.

سارا كچێكی كه‌ركوكی ته‌مه‌نی 21 ساڵه‌، له‌ ئه‌نجامی كاره‌ خۆبه‌خشه‌كانیه‌وه‌ وه‌كو سه‌ركرده‌ی گه‌نج هه‌ڵبژێردراوه‌ له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ و له‌ 2ی ئایاری ئه‌مساڵ، له‌ رێوره‌سمێكدا له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌دا خه‌ڵاتكرا.

“من هه‌میشه‌ حه‌زم كردووه‌ كاری خۆبه‌خشی بكه‌م و كاری خۆبه‌خشی زۆرم ئه‌نجامداوه،‌ به‌ڵام سه‌ره‌تایی ده‌ستپێكردنم به‌ كاری خۆبه‌خشی له‌و كاته‌دا بوو كه‌ له‌ قۆناغی دواناوه‌ندی بووم”.

سارا له‌ شاری كه‌ركوك نیشته‌جێیه‌، خوێندكارای زانكۆیه‌ له‌ به‌شی ددانسازی و كه‌سێكی چالاكه‌ له‌ گروپی كۆكار‌؛ كه‌ نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌ك گه‌نجی پێكهاته‌ جیاوازه‌كان چالاكی جۆراجۆر ئه‌نجامده‌ده‌ن.

كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا سارا وه‌كو سەرکردەیەکی هه‌ڵكه‌وتوی شاری کەرکوک و چالاکوانێکی کۆمەڵایەتی بە ئامانج ناوده‌بات، به‌هۆی كاركردنی لە به‌رقەرارکردنی ئاشتی و پاراستنی منداڵ و مافەکانی ژنان.

ئه‌و خه‌ڵاته‌ی سارا ته‌نیا كه‌س بوو به‌ناوی عیراقه‌وه‌ به‌ده‌ستیهێنا، ساڵانه‌ ده‌به‌خشرێته‌ 10 گه‌نجی ته‌مه‌ن 18 بۆ 24 ساڵ له‌سه‌ر ئاستی جیهان، له‌ به‌رانبه‌ر كار و چالاكییه‌كانیاندا له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا.

سارا ده‌ڵێت هێشتا كاره‌ به‌خۆبه‌شییه‌كانیان له‌ قۆناغی سه‌ره‌تادا بوو كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاویانده‌كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش وایكرد هانی خه‌ڵكانی تر بدات و ده‌یانویست كاریان له‌گه‌ڵ بكه‌ن.

“بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه‌ و كۆمه‌ڵێ هاوڕێی نوێدا بڕیاڕماندا لەگەڵ گروپی کۆکاردا کار بکەین، منیش یەکێکم لە سەرکردەکان لە نێو کۆکاردا” سارا وای وت.

كۆكار گروپێكی خۆبه‌خشیه، ئامانجیان په‌ره‌پێدانی ئاشتی و به‌شداریكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌ كایه‌ جیاوازه‌كان، له‌ ئێستادا زیاتر له‌ 500 ئه‌ندامی خۆبه‌خشی چالاكی هه‌یه له‌ هه‌موو پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌كان، زۆرینه‌یان ده‌رچووی كۆلێژ و پەیمانگەكانن، یان خوێندكاری زانكۆن.

سارا ده‌ڵێت “وه‌كو گروپه‌كه‌ له‌ڕابردوودا چه‌ندین كار و چالاكی و ئیڤێنتمان ڕێكخستووه‌ به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌ی و ئاینی،  یه‌كێك له‌ چالاكییه‌كانمان پێدانی جلوبه‌رگ بوو به‌ نزیكه‌ی 300 خێزانی موسڵ و حه‌ویجه‌ و ناوچه‌كانی دیكه‌ كه‌ ئاواره‌ی شاری كه‌ركوك بوون، ئه‌وه‌ش وایكرد.. خه‌ڵاتی یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ گه‌نجه‌كانم پێ ببه‌خشرێت”.

ئه‌و گه‌نجانه‌ی خه‌ڵاتی سه‌ركرده‌ی گه‌نجیان وه‌رگرت، دوو هه‌فته‌ له‌ ئه‌مریكا ده‌مێننه‌وه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌شداری چه‌ندین چالاكی ده‌كه‌ن، تا هانبدرێن له‌ داهاتوودا كاری باشتر بكه‌ن له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌كانیاندا.

“ئامانجمه‌ له‌ داهاتوودا كاری باشتر بكه‌م بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌م و خه‌ڵكی هانبده‌م بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كتری قبوڵ بكه‌ن و جیاوازی نه‌كه‌ن له‌ نێوان نه‌ته‌وه و ئایندا” سارا به‌و ئومێده‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن