شه‌ڕی ده‌نگ له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك
خاڵی به‌هێز و لاوازی لیسته‌ كوردییه‌كان

May 8, 2018 at 11:16 am

كه‌ركوك/7ی ئازاری 2010/ ژماره‌یه‌ك ده‌نگده‌ری كورد به‌ ئاڵای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌قامێكی شاره‌كه‌ ئاهه‌نگده‌گێڕن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

 شۆڕش خالید – كه‌ركوك ناو

كورد له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌ژێر فشاری كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیدایه‌، له‌ پاڵ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و پرسی ریفراندۆم، نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی و ئیداریی و په‌رته‌وازه‌ییان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ن كه‌ روبه‌ڕوی ده‌نگی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ بۆته‌وه‌.

هه‌ردوو هێزی ده‌سه‌ڵاتداری كوردی (پارتی و یه‌كێتی) له‌ سێ هه‌ڵبژاردنی رابردودا ده‌نگه‌كانی كوردیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌و ناوچانه‌ یه‌كلاییكردۆته‌وه‌، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌به‌رده‌م له‌ده‌ستدانی به‌شێك له‌ ده‌نگه‌كانیاندان، كه‌ ئه‌گه‌ری به‌هێز هه‌یه‌ بۆ هێزه‌ ركابه‌ره‌ كوردییه‌كانیان بچێت.

ئه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا قورسایی ده‌نگی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك یه‌كلاییده‌كاته‌وه‌، خاڵه‌ لاواز و به‌هێزه‌كانی ئه‌و لایه‌نانه‌یه‌.

پارێزگای كه‌ركوك

پارێزگای كه‌ركوك كه‌ ململانێ له‌سه‌ر 12 كورسییه‌، له ‌نێو هێزه‌ كوردییه‌كاندا‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان زۆرینه‌ی ده‌نگی كورد به‌ده‌ستبهێنێت.

خاڵی به‌هێزی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك، بونی بنكه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری به‌هێزیه‌تی له‌ پارێزگاكه‌ به‌ به‌راورد به‌ پارێزگاكانی تری هه‌رێمی كوردستان. زۆرینه‌ی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ چه‌كدار یان شه‌هیدیان له‌و حزبه‌دا هه‌یه‌.

حزبه‌كه‌ خاوه‌نی هێزی چه‌كداره‌ و له‌ چوار ساڵی شه‌ڕی داعش-دا له‌ پارێزگاكه‌ رۆڵی هه‌بوه‌، له‌ سێ هه‌ڵبژاردنی رابردودا به‌رده‌وام ده‌نگده‌ره‌ كورده‌كان ئه‌و هێزانیان تاقیكردۆته‌وه‌ و سه‌ریانخستون كه‌ هێزی چه‌كدارییان هه‌بوه‌.

به‌ڵام خاڵی لاوازی یه‌كێتیی، روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوه‌ كاتێك هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وانه‌ش پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش به‌بێ شه‌ڕ پاشه‌كشێیان كرد و هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ كه‌ركوك گه‌ڕانه‌وه‌.

خاڵی لاوازی یه‌كێتیی، روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوه‌

ركابه‌ره‌كانی یه‌كێتی ئه‌مه‌ وه‌كو “خیانه‌ت” له‌ بانگه‌شه‌كاندا به‌كارده‌هێنن، كه‌ تاڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر.

نه‌بونی هه‌ڵوێستی رونی یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم خاڵێكی تری لاوازی ئه‌و حزبه‌یه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك تا دواساتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم دژایه‌تی پرۆسه‌كه‌یان ده‌كرد، به‌شێك له‌ لایه‌نگرانی حزبه‌كه‌ش به‌ده‌نگدانی نهێنی له‌ مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك پشتیوانی ئه‌و هه‌نگاوه‌یان ده‌كرد، به‌ڵام رۆژێك پێش ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ سه‌ركردایه‌تی بڕیاری به‌شداریكردنیاندا به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌‌ بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌‌یان.

هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تی دیاری ئه‌و حزبه‌ له‌و پارێزگایه‌ (نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك) پشتیوانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌و پارێزگایه‌ ناكات و شاره‌كه‌ به‌ “داگیركراو” وه‌سفده‌كات، ئه‌مه‌ خاڵێكی تاڕاده‌یه‌ك لاوازی یه‌كێتییه‌. له‌كۆی 209 هه‌زاری ده‌نگی یه‌كێتی له‌ هه‌ڵبژاردنی 2014 له‌و پارێزگایه‌، نه‌جمه‌دین كه‌ریم 150 هه‌زار ده‌نگی هێناوه‌.

كه‌ركوك/نیسانی 2014/ نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك و یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ناو ده‌نگده‌رانی حزبه‌كه‌یدا له‌ شه‌قامێكی كه‌ركوك فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

دروستبونی بۆشایی له‌ نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوكیش، له ‌به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی-دا نییه‌، به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی ئه‌و حزبه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی 2014دا نزیكه‌ی 20 هه‌زار ده‌نگی نه‌ته‌وه‌كانی تر بۆ یه‌كێتیی چوبون، به‌ڵام ریفراندۆم و پرسی هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری كه‌ركوك كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر پرسی ده‌نگدانی نه‌ته‌وه‌كانی تر به‌ لیستی‌ كوردی.

مه‌ترسییه‌كی تر بۆ سه‌ر ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی، دروستبونی ركابه‌ری نوێی و به‌هێزی كوردییه‌ له‌ كه‌ركوك، لیستی نیشتیمانی (گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ریی به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح‌)، به‌هێزترین لیستی كوردی-یه‌ كه‌ ركابه‌ری یه‌كێتی ده‌كه‌ن.

مه‌ترسییه‌كی تر بۆ سه‌ر ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی، دروستبونی ركابه‌ری نوێی و به‌هێزی كوردییه‌ له‌ كه‌ركوك

به‌هێزی لیستی نیشتیمان، به‌شدارنه‌بونی حزبه‌كانیه‌تی له‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ كه‌ركوك، هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی ریفراندۆم كه‌ بوه‌هۆی پاشه‌كشێی و بێهێزبونی كورد له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی جێناكۆك.

به‌شێك له‌ ده‌نگده‌ری كه‌ركوك، له‌ ئیداره‌دانی 14 ساڵه‌ی یه‌كێتی و پارتی له‌و پارێزگایه‌ ناڕازین، پێكهێنه‌رانی لیستی نیشتیمان‌ به‌شێك نه‌بون له‌و ئیداره‌دانه‌.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌پێی هه‌ڵبژاردنی رابردو خاوه‌نی نزیكه‌ی 20 هه‌زار ده‌نگه‌ له‌ كه‌ركوك، كۆمه‌ڵی ئیسلامیش زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ لیسته‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح كه‌ جێگری سكرتێری یه‌كێتی بوه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌شێك له‌ جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی هه‌یه‌، لیستی نیشتیمان ئه‌گه‌ری بردنی كورسی هه‌یه‌ له‌ كه‌ركوك.

به‌ڵام خاڵی لاوازی ئه‌م لیسته‌، بڕوانه‌بونی زۆرێك له‌ ده‌نگده‌ری كوردی كه‌ركوكه‌ به‌هێزی مه‌ده‌نیی و بێ چه‌ك، ئه‌وه‌ش به‌پێی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو ته‌نیا ئه‌و هێزانه‌ كورسییان له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك بردوه‌ كه‌‌ خاوه‌نی هێزی سه‌ربازیی بون.

وتاری نه‌ته‌وه‌یی كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگده‌ری كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك هه‌یه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی یه‌كێتیی و پارتی-یه‌وه‌، سه‌ركردایه‌تی لیستی نیشتیمان‌ له‌م خاڵه‌دا لاوازن.

یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان، یه‌كێكه‌ له‌و لیستانه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌ كه‌ركوك چاوی له‌سه‌ره‌، ئه‌وان نه‌یشاردۆته‌وه‌ كه‌ چاویان له‌و 63 هه‌زار ده‌نگه‌ی پارتی هه‌یه‌، كه‌ به‌هۆی بایكۆتی حزبه‌كه‌یانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت ده‌نگ به‌لایه‌نی تری كوردی بده‌ن.

یه‌كگرتوو له‌ كه‌ركوك نزیكترین حزبه‌ بۆ ده‌نگده‌رانی پارتی به‌ به‌راورد به‌ حزبه‌كانی تری پارێزگاكه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌كانی له‌سه‌ر ریفراندۆم و پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان.

یه‌كگرتوو به ‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و كه‌سایه‌تییه‌ ئیسلامیه‌كانی تر به‌شداریی پرۆسه‌كه‌ ده‌كات.

ئه‌گه‌ر پارتی رێگرنه‌بێت له‌ ده‌نگدانی ده‌نگده‌ره‌كانی، ئه‌وه‌ یه‌كگرتوی ئیسلامی ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ به‌شێك بێت له‌و هێزه‌ كوردییانه‌ی ده‌نگی كورسیی به‌ده‌ستبهێنن.

ئه‌گه‌ر پارتی رێگرنه‌بێت له‌ ده‌نگدانی ده‌نگده‌ره‌كانی، ئه‌وه‌ یه‌كگرتوی ئیسلامی یه‌كێكه‌ له‌و هێزانه‌ی ئه‌گه‌ری بردنی كورسی هه‌یه‌

خاڵی لاوازی یه‌كگرتوی ئیسلامی بۆ ده‌نگده‌ری كه‌ركوك، ئه‌وه‌یه‌ هێزێكی مه‌ده‌نیی و بێ چه‌كه‌، هه‌روه‌ها هاوشانی یه‌كێتیی و پارتی به‌شداربوه له‌ به‌شێك له‌ بڕیار و هه‌ڵوێست و ئیداره‌دانی پارێزگاكه‌ به‌ قه‌باره‌ی كه‌متر.

هێز كوردییه‌كانی تری كه‌ركوك ئه‌گه‌ری بردنی كورسییان نییه‌ له‌و پارێزگایه‌، ته‌نیا له‌حاڵه‌تێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بڕیارێك ئه‌و لیسته‌ بۆ ده‌نگده‌رانی دیاریبكات كه‌ ده‌بێت ده‌نگی پێبده‌ن.

پارێزگای نه‌ینه‌وا

هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردودا، خاوه‌نی هه‌شت كورسی پارێزگاكه‌ بون له‌كۆی 31 كورسی كه‌ ململانێی له‌سه‌ره‌، (پارتی شه‌ش، یه‌كێتی دوو كورسی)، ده‌نگده‌ری كورد به‌زۆری له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا بونیان هه‌یه‌ و چاوی هێزه‌ كوردییه‌كانیان له‌سه‌ره‌.

پارتی به‌هێزترین هێزی كوردی ده‌بینرێت له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌ نه‌ینه‌وا، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوشدا هه‌روابوه‌.

خاڵی به‌هێزی پارتی له‌و ناوچه‌یه‌، بونیه‌تی له‌ پارێزگاكه‌ و به‌تایبه‌ت ده‌شتی نه‌ینه‌وا له‌ دوای ساڵی 2003و روخانی رژێمی به‌عس، پارتی به‌رده‌وام كاری له‌سه‌ر ده‌نگده‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌ كردوه‌، راكێشانی سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و خێڵه‌كان هێشتا كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگی ئه‌و حزبه‌ هه‌یه‌.

پارتی ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌نه‌ینه‌وا به‌ موڵكی حزبی خۆی ده‌زانێت، بونی ئاواره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ژێر سه‌ر‌په‌رشتی ئه‌و پارته‌دا له ‌چوار ساڵی رابردوداو به‌ئێستاشه‌وه‌ خاڵێكی به‌هێزی تری ئه‌و حزبه‌یه‌ بۆ مسۆگه‌ركردنی به‌شێك له‌ده‌نگه‌كانیان، به‌تایبه‌ت به‌پێی بڕیاره‌كانی كۆمسیۆن ئاواره‌كان ده‌توانن به‌هه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بێت ده‌نگبده‌ن.

حزبه‌كه‌ جۆرێك له‌ قورخكاریی چالاكی سیاسی هه‌بوه‌ و زۆرینه‌ی پۆسته ئیدارییه‌كانی ناوچه‌كانی جێناكۆكی نه‌ینه‌وای به‌ده‌ست بوه‌.

قۆستنه‌وه‌ی روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری كه‌ركوك و شه‌ڕی پردێ و سحێلا وه‌كو ئه‌وه‌ی تاكه‌ هێزه‌ به‌رانبه‌ر هێزی عیراقی وه‌ستاوه‌ خاڵێكی به‌هێزی پارتییه‌.

#كه‌ركوك_ته‌نیا_جێمه‌هێڵنالشرطة كركوك للمواطنين: لاتتركوا مدينتكمپۆلیسی‌ كه‌ركوك بۆ هاوڵاتیان: شاره‌كه‌تان جێمه‌هێڵنPolice urges civilians not to live Kirkuk

Geplaatst door KirkukNow op woensdag 18 oktober 2017

ئه‌گه‌ر شه‌ڕی داعش بۆ پارتی له‌چه‌ند روییه‌كه‌وه‌ خاڵێكی به‌هێز بێت، به‌هه‌مان شێوه‌ خاڵی لاوازی ئه‌م حزبه‌شه‌، به‌تایبه‌ت به‌رگرینه‌كردن له‌ قه‌زای شه‌نگال له‌ ئابی 2014ه‌و كوشتن و ئاواره‌بونی خه‌ڵكی قه‌زاكه‌ له‌لایه‌ن داعش-ه‌وه‌ كه‌ مه‌یلیان تائه‌وكاته‌ به‌لای پارتی-دابوو، شه‌نگال گه‌وره‌ترین خاڵی لاوازی پارتی-یه‌.

دۆخی یه‌كێتی به‌ ئه‌ندازه‌ی پارتی له‌ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌ نه‌ینه‌وا خراپه‌، ئه‌گه‌ر خراپتر نه‌بێت، هه‌ردو هێزه‌كه‌ چالاكیی سیاسییان سنورداره‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ناتوانن باره‌گا له‌زۆر شوێن بكه‌نه‌وه‌ و بانگه‌شه‌ بكه‌ن.

یه‌كێتی جگه‌ له هاوبه‌شی له‌و خاڵه‌ لاوازانه‌ی پارتی، كێشه‌ی ناوخۆییشی هه‌یه‌، دوای دروستبونی لیستی هاوپه‌یمان به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح له‌ هه‌ناوی ئه‌و حزبه‌دا، كه‌ چاوی له‌ ده‌نگی یه‌كێتی-یه‌، ئه‌گه‌ری لاوازبونی زیاتری هه‌یه‌ له‌ نه‌ینه‌وا.

هه‌روه‌ها لیستی نیشتیمان و به‌هێزی هێزه‌كانی نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌نگی یه‌كێتی و پارتی.

هێزه‌كانی نزیك له‌ په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال بۆیه‌كه‌مجار به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌م هێزه‌ به‌رگریكارێكی باش بون له‌ پێكهاته‌ی ئێزیدییه‌كان له‌شه‌ڕی داعشدا و چاوی له‌ ده‌نگی ئه‌و پێكهاته‌ ئاینییه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردودا له ‌به‌رژه‌وه‌ندی پارتی یه‌كلاده‌بونه‌وه‌.

پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین

كورد له‌ باشترین حاڵه‌تدا كورسییه‌ك له‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌هێنێت له‌كۆی 12 كورسی پارێزگاكه‌، یه‌كێتیی كه‌ له‌گه‌ڵ لیستی هاوپه‌یمانی گردبونه‌وه‌ی عیراقییه‌كان بۆ گۆڕانكاریی به‌شداریی ده‌كات، به‌سه‌رۆكایه‌تی پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین چانسی له‌هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان زیاتره‌.

خاڵه‌ لاواز و به‌هێزه‌كانی یه‌كێتی هه‌مان ئه‌و خاڵانه‌ن كه‌ له‌ ‌پارێزگای كه‌ركوك هه‌یانه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئاواره‌بونی خه‌ڵكی دوزخورماتوو له‌و پارێزگایه‌ كه‌ زۆرترین ده‌نگی كوردی لێیه‌، ره‌نگه‌ دۆخی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك خراپتربێت له‌ رابردو.

كورد له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردودا ده‌نگی كه‌متربوو له‌ 40 هه‌زار، به‌هۆیه‌وه‌ هیچ  كورسییه‌كی به‌ده‌ستنه‌هێنا، چانسی یه‌كێتی له‌وه‌دایه‌ كاندیده‌كه‌یان به‌ده‌نگی لیستی هاوپه‌یمانی گردبونه‌وه‌ی عیراقییه‌كان ده‌ربچن.

هه‌ڵه‌بجه‌/7ی ئازاری 2010/ دوو ژن له‌وكاته‌ی ده‌نگه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ناو سندوقی ده‌نگدانه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

لیسته‌ كوردییه‌كانی تر چانسی بردنی كورسییان زۆر لاوازه‌، چونكه‌ جگه‌ له‌ كه‌می ده‌نگی كورد له‌ سه‌ڵاحه‌دین، كێشه‌ی كورد له‌ قه‌زای دوزخورماتوو وه‌ك تاكه‌ ناوچه‌ی جێناكۆكی پارێزگاكه‌ ئه‌وه‌یه‌ هێشتا دانیشتوانه‌كه‌ی زۆرینه‌ ئاواره‌ن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها نیگه‌رانن له‌و دۆخه‌ی كه‌ به‌سه‌ریاندا هاتوه‌ خانوه‌كانیان روخاون و ماڵه‌كانیان تاڵانكرا له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو.

خاڵێكی به‌هێزی یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ به‌شێكی زۆر له‌ ئاواره‌كانی دوزخورماتوو ئاواره‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی بون و له‌وێش ده‌نگده‌ده‌ن. به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا به‌دشاربونی له‌گه‌ڵ لیستی عه‌ره‌بیدا به‌دیوێكی تردا وه‌كو خاڵێكی لاواز ده‌بینرێت.

پارێزگای دیاله‌

كورد له‌ پارێزگای دیاله‌ چاوی له‌ ده‌نگده‌ری قه‌زای خانه‌قین و ناحییه‌كانی ده‌روبه‌ریه‌تی كه‌ ناوچه‌ی جێناكۆكن به‌پێی ده‌ستوری عیراق، زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و ناوچه‌یه‌ كوردن و نزیكه‌ی 80 هه‌زار ده‌نگده‌ری كورد هه‌ن.

له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردودا یه‌كێتی و پارتی له‌و پارێزگایه‌ پێكه‌وه‌ لیستێكی هاوبه‌شیان هه‌بوو توانیان دوو كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنن كه‌ هه‌ردوو كورسییه‌كه‌ بۆ كاندیداكانی یه‌كێتیی بون.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هاوپه‌یمانی نیشتیمانی (گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری)، پێكه‌وه‌ به‌شداریی ده‌كه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا حزبه‌ كوردییه‌كانی تر پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتیی نیشتیمانیی، حزبی سۆسیالیست و  حزبی شیوعی و نه‌وه‌ی نوێ هه‌ریه‌كه ‌و به‌ لیستێك به‌شدارن.

ئه‌گه‌ری كه‌مبونه‌وه‌ی كورسییه‌كی كورد هه‌یه‌ له‌ پارێزگای دیاله‌ به‌هۆی په‌رته‌وازه‌ییانه‌وه‌، هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2010 كه‌ ته‌نیا یه‌ك كورسیان برد ئه‌ویش بۆ یه‌كێتی بوو.

ئه‌گه‌ری كه‌مبونه‌وه‌ی كورسییه‌كی كورد هه‌یه‌ له‌ پارێزگای دیاله‌

یه‌كێتی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا چانسی له‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی تر زیاتره‌، به‌هۆی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی ئه‌و حزبه‌ له‌ قه‌زای خانه‌قین كه‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری ده‌نگده‌ری كوردن و لایه‌نگری یه‌كێتین.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری