كاندیدانی ژن ده‌یانه‌وێت به‌ربه‌سته‌كان بشكێنن

May 9, 2018 at 9:52 pm

خه‌دیجه‌ عه‌لی، كارمین مكردیج، نه‌براس ئه‌حمه‌د و سه‌بریه‌ قه‌مه‌ر كاندیدانی ژن له‌ كه‌ركوك

كاروان ساڵحی
كاندیدانی ژن له‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركوك، چاویان له‌وه‌یه‌ به‌ كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆتایی به‌ ترس و به‌ربه‌سته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بهێنن، له‌ رێی متمانه‌ی ده‌نگده‌رانه‌وه‌ نیشانی بده‌ن ئه‌وانیش هاوشانی پیاوان ده‌توانن به‌بێ جیاوازی له‌ سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا به‌شداربن.
له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مسالدا، نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كاندید هه‌یه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ ژنان زیاتر له‌ دوو هه‌زار كه‌س پێكده‌هێنن، كه‌ به‌شێكیان سه‌رۆكایه‌تی لیست و هاوپه‌یمانییه‌كان ده‌كه‌ن.
“ئه‌گەر لە هەر بوارێكدا رێگە بە ئافرەت بدرێـت ئەوە دەتوانێت كۆمەڵگه‌یەك بەڕێوەببات، ئافرەتی عیراقی جێگای ئەوەن ئەو متمانەیەیان پێبسپێدرێت، دەتوانن روبەڕوی سەرجەم رۆژگارە سەخت و ناحۆشەكان ببنه‌وه‌” نه‌براس ئەحمه‌د ئیسحاقی، كاندید لە لیستی هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك وای وت.
ئه‌و كاندیده‌ ژنه‌ له‌ كه‌ركوك ده‌یه‌وێت له‌ رێی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانه‌وه‌ ببێته‌ نمونه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی “دونیایەك حەز و ئارەزوو لە دڵیاندایە و لە ترسی شكست ناتوانن بێنە پێشەوە”.
له‌ كه‌ركوك، له‌ كۆی 290 كاندید 86 كه‌سیان له‌ ژنان پێكهاتوون و له‌ رێی زیاتر له‌ 30 لیست و هاوپه‌یمانییه‌وه‌، كێبڕكێ له‌سه‌ر 13 كورسی پارێزگاكه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

كه‌ركوك، ئایاری 2018، هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كارمین مكردیج هاكوب، كاندیدی لیستی بابلیۆن بۆ كۆتای كریستیان له‌ كه‌ركوك ده‌ڵێت به‌ پاڵپشتی هاوسه‌ر و كه‌سوكار و لایه‌نگرانی خۆی كاندید كردوه‌، ده‌یه‌وێت ژنان له‌ دۆخی ئێستا ده‌ربهێنێت تا “بە ئاشتی و سەربەزی دور لە كۆیلایەتی بژین”.
“پێموایە بیروباوه‌ڕی ئافرەت لە زۆر بواردا لە پیاوان باشترە، بۆ ئەوەم نیە لە رۆڵی پیاوان كەم بكەمەوە بەڵام ئەوە ڕاستیەكە كە ئافرەتان لە مێژودا رۆڵی گرنگیان هەبوە” كارمین وای وت.
له‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا، كاندیدانی ژن روبه‌ڕوی زۆرترین هێرش و په‌لاماردانی كه‌سایه‌تییان بونه‌ته‌وه‌ له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی عیراق، ئه‌وه‌ش وێڕای كاردانه‌وه‌ی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی، سوربونی ئه‌و توێژه‌ی له‌سه‌ر كێبڕكێی پرۆسه‌كه‌ زیاتر كردووه‌.
سه‌بریه‌ قه‌مبه‌ر، پارێزه‌ر و كاندید له‌ لیستی حزبی شیوعی كوردستان له‌ كه‌ركوك باسی رۆڵی ژنانی كرد له‌ عیراق و نمونه‌ی دوو ئافره‌تی هێنایه‌وه‌، وه‌كو یه‌كه‌م وه‌زیر له‌ مێژوی وڵاته‌كه‌ و هه‌روه‌ها به‌ ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی شۆفێری له‌ ساڵی 1936دا.
ئه‌و كاندیده‌ ده‌ڵێت پێویسته پێگه‌ی كاریگه‌ری ژنان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ له‌ رێی نه‌هێشتنی ترس و شه‌رم، تا بتوانن له‌ پێشه‌وه‌بن و خۆیان داكۆكی لە مافەكانی خۆیان بكه‌ن، نه‌ك چاوه‌ڕێی ده‌ستی پیاوان بن.
سه‌بریه‌ وتی “عیراق وڵاتێكە لەلایەن حزبەوە بەڕێوەدەبرێت بۆیه‌ پێمباشە ئافرەتان لە رێگای حزبەكانەوە بتوانن پەرە بە تواناكانی خۆیان بدەن”.

كەركوك، 2014، دەنگدەرێكی شاری كەركوك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: ئەرشیفی كەركوك ناو

به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق، پێویسته‌ ژنان له‌ سه‌دا 25ی كۆی كاندیده‌كان و له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش هه‌مان رێژه‌ پێكبهێنن، به‌ڵام به‌شێك له‌ كاندیدانی ژن چاویان له‌وه‌یه‌ به‌ ده‌نگی خۆیان كورسی به‌ ده‌ستبهێنن نه‌ك كۆتا.
خەدیجە عەلی، كاندیدی لیستی بەرەی توركمانی پێدانی رۆڵی زیاتر له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا به‌ ژنان وه‌كو هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌بینێت و وتی “ئافرەتان لە رێگای حزبەكانەوە ده‌توانن بگەن بە دەسەڵات تا پۆستی حزبی و حكومی بەدەستبهێنن و دەستڕۆیشتوتر بن، به‌وه‌ش ده‌چنه‌ پێگه‌ی خاوه‌ن بڕیار”.
جیاواز له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو، ژنان له ئێستادا به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك رۆڵی زیاتر ده‌بینن، جگه‌ له‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی دوو لیست ده‌كه‌ن؛ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌دا زیاتر جه‌خت ده‌كه‌نه‌ سه‌ر پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ئاشته‌وایی.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن