ده‌نگدانی تایبه‌ت سه‌دا 78ی تێپه‌ڕاندووه‌
ئاماره‌كانی ده‌نگدان له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك

May 10, 2018 at 10:08 pm

كه‌ركوك، 10-5-2018، ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: عومه‌ر جه‌واد

كه‌ركوك ناو

ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق، له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ سه‌دا 78 و به‌هۆی كێشه‌ی ته‌كنیكیشه‌وه‌، به‌شێك له‌ ده‌نگده‌ران نه‌یانتوانی به‌شداری پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن.

كاتژمێر 7ی به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10-5 بنكه‌كانی ده‌نگدان بۆ سه‌دان هه‌زار كارمه‌ندی هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازیه‌كان و زیندانیه‌كان كرایه‌وه‌، تا كاتژمێر 6ی ئێواره‌ی پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌بوو.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تدا رێژه‌ی به‌شداری گه‌یشتۆته‌ سه‌دا 78 و ژماره‌یه‌ك زۆر كه‌م سكاڵا تۆماركراون، به‌ گشتی پرۆسه‌كه‌ وه‌كو ئه‌وان ده‌ڵێن سه‌ركه‌وتوو بووه‌.

له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تدا، زیاتر له‌ 943 هه‌زار كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگری، ده‌زگای دژه‌تیرۆری عیراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، له‌ رێی زیاتر له‌ 494 بنكه‌وه‌ به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، له‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه‌ی 700 هه‌زار كه‌س ده‌نگیانداوه‌.

له‌ كێشه‌ دیاره‌كانی كاتی ده‌نگدان، به‌ پێی روماڵی په‌یامنێرانی كه‌ركوك له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك كێشه‌ی كاتی ته‌كنیكی بووه‌ له‌ ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان به‌ تایبه‌ت وه‌رگرتنی په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ر له‌گه‌ڵ سستی پرۆسه‌كه‌ به‌ هۆی پێویستی ئه‌و ئامێرانه‌ بۆ به‌رێكردنی رێكاره‌كانی ده‌نگدانی هه‌ر كه‌سێك.

كه‌ركوك، 10-5-2018، ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: عومه‌ر جه‌واد

له‌ پارێزگای كه‌ركوك؛ رێژه‌ی به‌شداری ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ سه‌دا 66 بووه‌، له‌ كۆی 36 هه‌زار و 544 كه‌س كه‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه‌ زیاتر له‌ 22 هه‌زار و 500 كه‌س ده‌نگیداوه‌، به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

عه‌بدولباست ده‌روێش، لێپرسراوی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت كه‌ 19 بنكه‌ی بۆ ده‌نگدانی تایبه‌ت كرابونه‌وه‌ و 64 وێستگه‌ی ده‌نگدانی له‌ خۆده‌گرت، پرۆسه‌كه‌ش به‌ بێ كێشه‌ و ئاسته‌نگ به‌رێوه‌چووه‌.

لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دوای ته‌واوبونی ده‌نگدان له‌ به‌غدا راگه‌یاند كه‌ پرۆسه‌كه‌ له‌ رووی پلانی ئه‌منیه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووه‌ و هیچ پێشێلكارییه‌كی ئه‌منی تۆمارنه‌كراون.

له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ پێی ئاماره‌كانی ئۆفیسی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ (كه‌ركوك ناو)، رێژه‌ی به‌شداری له‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت گه‌یشتۆته‌ سه‌دا 75، به‌شێك له‌ ده‌نگده‌رانیش نه‌یانتوانیووه‌ ده‌نگبده‌ن دوای داخستنی بنكه‌كانی له‌ ئێواره‌ بۆیه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ ده‌نگدانی گشتیدا به‌شداربن.

له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تدا، زیاتر له‌ پێنج هه‌زار چاودێری لیست و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌شداربون، جگه‌ له‌ سه‌دان چاودێری رێكخراوه‌كانی مه‌ده‌نی و نێوده‌وڵه‌تی.

دیاله‌، 12-5-2018، كۆتایی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ خانه‌قین و ناردنی ئه‌نجامه‌كان بۆ ناوه‌ندی سه‌ره‌كی فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

له‌ پارێزگای دیاله‌ رێژه‌ی به‌شداری له‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت گه‌یشتۆته‌ سه‌دا 83، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك ده‌نگده‌ر به‌هۆی كێشه‌ی نه‌بونی ناویانه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌ بێبه‌ش بون.

حەسەن پیروەلی، لێپرسراوی راگه‌یاندنی ئۆفیسی دیاله‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “رێژەی بەشداریكردن نزیكەی سه‌دا 83 بوو لە پارێزگای دیالە، له‌ كۆی 41 هه‌زار ده‌نگده‌ر 36 هه‌زار كه‌س به‌شداری ده‌نگدانیان كردوه‌”.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ قه‌زای خانه‌قینی ئه‌و پارێزگایه‌ش نزیكه‌ی دوو هه‌زار و 600 ده‌نگده‌ری تایبه‌ت هه‌بووه‌ و له‌و ژماره‌یه‌، هه‌زار و 949 كه‌س به‌شداری پرۆسه‌كه‌ بون به‌ چاودێری 92 نوێنه‌ری حزب و رێكخراوه‌كانی مه‌ده‌نی.

لێپرسراوه‌كه‌ی كۆمسیۆن ده‌ڵێت 250 كه‌سیش له‌ خانه‌قین گرفتی نه‌بونی ناوه‌كانیان هه‌بووه‌ و له‌ ده‌نگدان بێبه‌ش بون.

كه‌ركوك، 12-5-2018، ده‌نگدانی تایبه‌تی هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

له‌ قه‌زای دوزخورماتوو، تاكه‌ ناوچه‌ی جێناكۆكی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین جگه‌ له‌ دواكه‌وتنی ده‌ستپێكردنی ده‌نگدان، سه‌دان كه‌سیش له‌ پرۆسه‌كه‌ بێبه‌شبون.

دلێر خه‌لیل، لێپرسراوی نوسینگه‌ی دوزخورماتوی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تدا هه‌زار و 500 كه‌س به‌شداربون و به‌هۆی له‌كاركه‌وتنی ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانه‌وه‌، نزیكه‌ی 700 كه‌س نه‌یانتوانی ده‌نگبده‌ن.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا پێشێلكاری هه‌بوه‌، به‌ تایبه‌ت له‌لایه‌ن لێپرسراوانی حزبی پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراو و كاندیدی لیسته‌كانیانه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌نگدانی تایبه‌ت، ده‌نگدانی هاوڵاتیانی عیراقی نیشته‌جێی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش ده‌ستیپێكرد و بڕیاره‌ ئێواره‌ی سبه‌ی هه‌ینی11-5، كۆتاییبێت.

به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان نزیكه‌ی 900 هه‌زار كه‌س له‌ ده‌ره‌وه‌ی عیراق مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ و له‌ 21 وڵاتدا ناوه‌ند و بنكه‌ی ده‌نگدان كراونه‌ته‌وه‌.

ده‌نگدانی گشتی بۆ په‌رله‌مانی عیراق، بڕیاره‌ شه‌ممه‌ 12ی ئایاری ئه‌مساڵ به‌رێوه‌بچێت و زیاتر له‌ 22 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌، بۆ هه‌ڵبژاردنی 329 ئه‌ندامی په‌رله‌مان كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی 88 لیست و هاوپه‌یمانیدا خۆیان كاندید كردووه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری