یه‌كێتی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ له‌ حه‌ویجه‌ پشتڕاستده‌كاته‌وه‌
عه‌ره‌ب و توركمان: ئه‌نجامی ده‌نگه‌كان جێگه‌ی دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆرن

May 11, 2018 at 12:57 pm

كه‌ركوك، 10-5-2018، ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: عومه‌ر جه‌واد

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان به‌ده‌ستهێنانی “ده‌نگی باش” له‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت ته‌نانه‌ت له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ی باشوری كه‌ركوك پشتڕاستده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆته‌هۆی دڵه‌ڕاوكێ و ترس لای هه‌ردوو پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان.

ئاشكرابونی هه‌ندێك ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك، كه‌ پێنجشه‌ممه‌ 10ی ئایار به‌ڕێوه‌چوو، نیگه‌رانی لایه‌نه‌ عه‌ره‌بی و توركمانه‌كانی به‌دواداهات و بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی كۆببنه‌وه‌ و به‌جیا یان به‌هاوبه‌شی هه‌ڵوێست وه‌ربگرن.

له‌ یه‌كێك له‌ ئه‌نجامه‌كاندا كه‌ وێنه‌گیراوه‌ و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبۆته‌وه‌، یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ بنكه‌یه‌كدا 157 ده‌نگی هێناوه‌ له‌كاتێكدا هه‌ردوو ركابه‌ره‌كه‌ی له‌ لیستی عه‌ره‌بی (هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك و هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نییه‌) به‌هه‌ردوكیان دوو ده‌نگیان هێناوه‌.

پەروین فاتیح، كاندیدی یه‌كێتی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ته‌نانه‌ت له قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی عه‌ره‌بن ده‌نگیان به‌ یه‌كێتیداوه‌، به‌ڵێ ئه‌وه‌ راسته‌، هه‌ندێك لایه‌ن به‌م ئه‌نجامه‌ كاره‌با گرتونی و توشی شۆك بون، ئه‌زمونی رابردوی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی تری كه‌ركوك و به‌تایبه‌ت مامه‌ڵه‌و به‌رنامه‌ی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان وایكردوه‌ ده‌نگ به‌یه‌كێتی بدرێت”.

ته‌نانه‌ت له قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی عه‌ره‌بن ده‌نگیان به‌ یه‌كێتی-داوه‌

په‌روین جگه‌ له‌وه‌ی وتی كه‌ یه‌كێتی ده‌نگی باشی له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تدا هێناوه‌، هیچ ئامارێكی نه‌خسته‌ڕوو.

له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ته‌وه‌ وتی “خەڵکانێکى زۆر نه‌یانتوانیوه‌ ده‌نگ بده‌ن، به‌هۆی سیستی ئامێره‌كانی ده‌نگدان، بۆ نمونه‌ له‌ بنكه‌ی قوتابخانه‌ی گه‌رمیان له‌ گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه‌ی كه‌ركوك له‌ كۆی سێ هه‌زار ده‌نگده‌ر ته‌نیا هه‌زار و 800 كه‌س ده‌نگیداوه‌، بۆیه‌ داواده‌كه‌ین کێشەى سستی كاری ئامێرەکانی ده‌نگدان چاره‌سه‌ربکرێن، یاخود بنکەكانی دەنگدان زیادبکرێن”.

كه‌ركوك، 10-5-2018، ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

راکان سەعید جبوری، پارێزگارى کەرکوک به‌وه‌كاله‌ت شه‌وی رابردوو لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى-دا وتی “دەنگدانى تایبەت بە شێوەیەکى زۆرباش بەڕێوەچووه‌، بەبێ هیچ سه‌رپێچییه‌كی ئەمنى، به‌ڵام ژمارەیەکى زۆر لە دەنگدەرانى تایبەت نەیانتوانیوە دەنگى خۆیان بدەن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هەڵە لە کارتى دەنگدان و تۆماری ده‌نگده‌راندا هه‌بوه‌”.

راكان وتیشی “هەندێک سکاڵامان به‌ده‌ست گه‌یشتوه‌ لەسەر ئەنجامى دەنگدانى تایبەت کە جێگاى دڵەڕاوکێیەکى زۆرە، لە ئێستادا خوێندنەوەى بۆ دەکرێت لە لایەن حزبەکانەوە ئه‌گەر بێت و راستییەکان ئاشکرابێت پێویستە کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنی بەغدا بێته‌ شارى کەرکوک و سەرپەرشتى هەڵبژاردن بکات… ئێمە سکاڵاکانى هاوڵاتیان و بەڵگەکان پێشکەش بە کۆمسیۆن دەکەین بۆ ئەوەى بەدواداچونی بۆ بكات”.

ریاز سارى کەهیە، کاندید لە لیستى به‌ره‌ی تورکمانی له‌ کەرکوک پێیوایه‌ پێشێلكاریی “زۆر” له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان كراوه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هه‌ندێك زانیاریمان به‌ده‌ست گه‌یشتوه‌ كه‌ لایەنێکى سیاسیی له‌ناو كۆمسیۆن باڵاده‌سته‌ له‌ زۆرێك له‌ بنكه‌كانی ده‌نگدانی تایبه‌ت پێشێلكاریی كردوه‌”، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌و لایه‌نه‌ بهێنێت.

لایەنێکى سیاسیی له‌ناو كۆمسیۆن باڵاده‌سته‌ له‌ زۆرێك له‌ بنكه‌كانی ده‌نگدانی تایبه‌ت پێشێلكاریی كردوه‌

ساری كه‌هیه‌ وتی “ده‌نگدانی تایبه‌ت پاك نه‌بوو، تاکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان نەداوە ئایا سکاڵا دەکەین یاخود چی دەکەین! هێشتا رێکنەکەوتوین و بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی 11ی ئایار كۆببینه‌وه‌ و هه‌ڵوێستێكمان هه‌بێت”.

یه‌كێك له‌ ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگدانی تایبه‌ت كه‌ وێنه‌گیراوه‌ و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبۆته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا راستییه‌كه‌ی نه‌سه‌لمێنراوه‌

به‌ڵام په‌روین فاتیح وتی “هەر کاتێک کورد نەک لە پرۆسەى دەنگدان بەڵکو لە هەر پرۆسەیەکى دیکه‌دا سەرکەوتوبێت هه‌ندێك لایه‌ن‌ ده‌ستده‌كه‌ن به‌ تۆمه‌تی ته‌زویر، هەر کاتێک خۆیان سەرکەوتوبن ئەوە پرۆسه‌كه‌ به‌ پاك و بێگه‌رد وه‌سفده‌كه‌ن”.

(كه‌ركوك ناو) چه‌ندجارێك ویستی بۆچونی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ بزانێت، به‌ڵام بێ وه‌ڵامبون.

له‌ پارێزگای كه‌ركوك؛ رێژه‌ی به‌شداری ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ سه‌دا 66 بووه‌، له‌ كۆی 36 هه‌زار و 544 كه‌س كه‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه‌ زیاتر له‌ 22 هه‌زار و 500 كه‌س ده‌نگیداوه‌، به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن