له‌ كێبڕكێ-وه‌ بۆ بارگرژی
حزبه‌كان له‌سه‌ر ده‌نگه‌كان روبه‌ڕوی یه‌كتری ده‌بنه‌وه‌

May 13, 2018 at 9:09 pm

كه‌ركوك، 10-5-2018، ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق، ناكۆكی توندی له‌ نێوان به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كاندا دروستكردووه‌ و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌، سه‌ریكێشاوه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی بارگرژی.

زۆرینه‌ی ناڕه‌زاییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای كه‌ركوك چڕبونه‌ته‌وه‌، لایه‌نه‌كان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به‌ ساخته‌كاری له‌رێی ده‌ستكاری و هاككردنی ئامێره‌كانی ئه‌لیكترۆنی ده‌نگدانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و حزبه‌ش ره‌تیده‌كاته‌وه و هه‌ره‌شه‌ی تۆماركردنی سكاڵا ده‌كات.

هه‌رچی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانیشه‌، وه‌كو لایه‌نی سه‌رپه‌رشتیاری پرۆسه‌كه‌ كه‌ پێداگری ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌سته‌می ده‌ستكاری ئامێره‌كانیان، بڕیاریانداوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن و تا ئه‌وكات هه‌ڵوێستی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یان نابێت.

دیاله‌، 12-5-2018، كۆتاییهاتنی ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق له‌ خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

ئامارهكانی ههڵبژاردن

پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق به‌ سێ قۆناغ به‌رێوه‌چوو، 10ی ئایار بۆ ده‌نگدانی تایبه‌ت بوو، 10 و 11ی هه‌مان مانگ بۆ هاوڵاتیانی ده‌ره‌وه‌ی عیراق، 12ی ئایاریش ده‌نگدانی گشتی بوو.

به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ كۆی 24 ملیۆن ده‌نگده‌ر نزیكه‌ی 11 ملیۆن كه‌س به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌كه‌دا كردووه‌، له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ 700 هه‌زاریان له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تی هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان بووه‌، زیاتر له‌ 179 هه‌زاریان له‌ ده‌نگدانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئه‌وانیتر له‌ ده‌نگدانی گشتی ناوخۆی عیراق بون.

كۆمسیۆن له‌ یه‌كه‌م به‌لاغی دوای كۆتایی ده‌نگدان سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌ی راگه‌یاند و ئاشكرایكرد، رێژه‌ی به‌شداری له‌سه‌دا 44.5 بووه‌.

له‌ ده‌نگدانه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشت به‌ هه‌ردوو كارتی بایۆمه‌تری و ئه‌لیكترۆنی به‌سترا، جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماری ده‌نگه‌كان له‌ رێی ئامێری ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ بووه‌، به‌ رێی مانگی ده‌ستكرد نێردراوه‌ بۆ ناوه‌ندی سه‌ره‌كی له‌ به‌غدا.

له‌و پرۆسه‌یه‌دا حه‌وت هه‌زار كاندید له‌رێی زیاتر له‌ 80 لیست و هاوپه‌یمانییه‌وه‌ كێبڕكێی به‌ ده‌ستهێنانی 329 كورسی په‌رله‌مانی عیراقیان ده‌كرد.

كه‌ركوك، 12-5-2018، ده‌ستپێكردنی ده‌نگدانی گشتی بۆ په‌رله‌مانی عیراق به‌ ده‌هۆڵ و زۆڕنا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

عهرهب و توركمانی كهركوك ناڕازین

پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ پارێزگای كه‌ركوك، دوو قۆناغی ده‌نگدانی تایبه‌ت و گشتی به‌ ناكۆكی و ناڕه‌زایی زۆردا تێپه‌ڕی، به‌شێك له‌لایه‌نه‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌ردوو پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان به‌ ئه‌نجامه به‌راییه‌كان رازی نین.

لایه‌نگر و ئه‌ندامانی حزبه‌كانی هه‌ردوو پێكهاته‌ كه‌ له‌ ئێواره‌ی كۆتایی ده‌نگدانه‌وه‌ گردبونه‌وه‌ و خۆپیشاندانیان به‌رده‌وامیان ده‌ستپێكردووه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به‌ ساخته‌كاری و پێیانوایه‌، ده‌نگه‌كانی ئه‌وانیان بۆ خۆیان هه‌ژماركردووه‌.

ناڕازییه‌كان له‌ كه‌ركوك مۆڵه‌تی ته‌نیا 24 كاتژمێر ده‌ده‌نه‌ ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست هه‌ژماربكه‌ن له‌پێناو ئاشكراكردنی راستی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا یه‌كشه‌ممه‌ 13ی ئایار رایگه‌یاند “دوای به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق و به‌ده‌مه‌وه‌چونی سكاڵای لایه‌ن و قه‌واره‌كانی كه‌ركوك له‌باره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ له‌ پارێزگای كه‌ركوك، ئه‌مڕۆ بڕیاره‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ بۆ راستی روداوه‌كان ره‌وانه‌ی كه‌ركوك بكرێن”.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نوێنه‌رانی عه‌ره‌ب و توركمان له‌ كه‌ركوك، داوا له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق كراوه‌ بۆ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ستی له‌ به‌غدا، دورخستنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ ساخته‌كاری تێوه‌گلاون له‌گه‌ڵ پاراستنی سندوقی ده‌نگه‌كان له‌ شاره‌كه‌.

راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت و یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌ب له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا شه‌وی 12-5 ئه‌نجامه‌كانی ره‌تكرده‌وه‌ و داوایكرد ده‌نگه‌كان هه‌ژماربكرێنه‌وه‌.

ئه‌و لایه‌نانه‌ چۆنیه‌تی “سه‌خته‌كارییان” له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا رون نه‌كردۆته‌وه‌ به‌ڵام نمونه‌ی چه‌ندین بنكه‌ و ناوچه‌ ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت ده‌نگی كاندید و خێزانه‌كانیشیان بۆ لیستێكی تر هه‌ژماركراوه‌.

كه‌ركوك، 12-5-2018، ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

شهش لایهنی كوردی ئهنجامهكان رهتدهكهنهوه

حه‌وتی لایه‌نی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و پێیانوایه‌، ساخته‌كاری كراوه‌ له‌ رێی ده‌ستكاریكردنی ئامێره‌ ئه‌لیكرۆنییه‌كان و هاككردنیه‌وه‌.

بزوتنەوەی گۆڕان، یه‌كگرتوی ئیسلامی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی دیموکراسی و  دادپەروەری، حزبی شیوعی کوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێدا دوای كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش جه‌ختیانكرده‌وه‌ له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان هه‌ڵبژاردن.

هه‌روه‌ها هۆشدارییاندا له‌وه‌ی “قبوڵ ناكەین گاڵتە بەئیرادەی خەڵكی كوردستان بكرێت، لەچەند رۆژی داهاتوودا هەنگاوی كردەییمان دەبێت”.

ئه‌و لایه‌نانه‌، یه‌كێتی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌ ده‌ستكاری ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك، له‌ رێی بردنی ده‌نگی لایه‌نگر و ئه‌ندامانی ئه‌وانه‌وه‌.

ئێواره‌ی دوێنێ شه‌ممه‌، دوای ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردن و ناڕه‌زایی گۆڕان به‌وته‌ی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌، به‌ چه‌كی قورس هێرشكرایه‌ سه‌ر باره‌گای سه‌ره‌كیان له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ی سلێمانی له‌كاتی كۆبوه‌ی چوار لایه‌ن و به‌هۆیه‌وه‌، كارمه‌ندێكی ده‌زگایی میدیای خه‌ندان سه‌ر به‌ هاوپه‌یمانی گیانی له‌ ده‌ستداوه‌، جگه‌ له‌ زیانی ماددی، بۆ ئه‌وه‌ش په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ یه‌كێتی درێژ ده‌كه‌ن.

دوای ئه‌و روداوه‌ و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا هه‌ریه‌ك له‌ گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی کۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانیان ره‌تكرده‌وه‌ و جه‌ختیاكرده‌وه‌ كه‌ پێوه‌ی پابه‌ند نابن.

داوایانكرد پرۆسه‌كه‌ له‌ هەرێمی کوردستان، كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك دوباره‌ بكرێته‌وه‌.

هه‌ر ئێواره‌ی دوێنێ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم “دڵته‌نگی” خۆی نیشاندا به‌رانبه‌ر دۆخی ئه‌منی سلێمانی و داوایكرد، دەستبەجێ تەقەكردن لە بارەگای حزبەكان لە سلێمانی رابگیرێت، هێزە ئەمنییەكانیش بەرپرسیارێتیی خۆیان ئەنجام بدەن.

به‌ده‌ر له‌ ناڕه‌زایی ئه‌و حزبانه‌، پارتی دیموكراتی كوردستانی كوردستانیش كه‌ به‌وته‌ی خۆیان زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان مسۆگه‌ر كردووه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌نجامه‌كانی له‌ سلێمانی ره‌تكرده‌وه‌.

مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی ئه‌و حزبه‌ ده‌ڵێت “گومانی زۆرمان له‌ لا دروست بووه‌، له‌وه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو ده‌ستكاری ده‌نگی ده‌نگده‌ران كرابێت”، داواده‌كه‌ن پڕۆسه‌ی ژماردنی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست هه‌ژمار بكرێت.

نه‌ینه‌وا، 12-5-2018، ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

دهنگی ناڕازی لیسته گهورهكان

له‌ نێو لیسته‌ گه‌وره‌كانی سه‌ر ئاستی عیراق، تائێستا ته‌نیا ئیئتلافی وه‌ته‌نی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی، جێگری سه‌رۆك كۆمار تانه‌ی له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن داوه‌، ئه‌وانیتر هێشتا هه‌ڵوێستی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یان نییه‌.

هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی عه‌لاوی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌كات، به‌ پێوستی ده‌زانێت پرۆسه‌كه‌ دوباره‌ بكرێته‌وه‌ له‌ كاتێكدا هه‌لومه‌رجه‌كه‌ له‌باره بێت.

پاساوی ئه‌و هاوپه‌یمانیێتییه‌ به‌رده‌وامی كاره‌ توندوتیژییه‌كان، تۆماركردنی چه‌ندین ساخته‌كاری و كڕینی ده‌نگ و قۆستنه‌وه‌ی دۆخی ئاواره‌كانه‌.

به‌ شێك له‌ لیسته‌كانی دیكه‌ش، به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌بی سونه‌ كه‌ زۆرینه‌ی ناوچه‌كانیان هێشتا دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش له‌ چه‌ند ساڵی رابردو، سه‌رباری هه‌بونی ناڕه‌زایی به‌ڵام هێشتا ده‌ره‌نجامه‌ به‌راییه‌كانیان قبوڵ یان ره‌تنه‌كردۆته‌وه‌.

كه‌ركوك، 12-5-2018، ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

یهكێتی ههڕهشهی تۆماركردنی سكاڵا دهكات

یه‌كێتیی نیشتمانییی كوردستان كه‌ لایه‌نه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوك به‌ ساخته‌كاری تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و هه‌ره‌شه‌ی تۆماركردنی سكاڵا ده‌كات.

سمكۆ ئه‌سعه‌د، راوێژكاری یاسایی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ وتی “یه‌كێتی مافی خۆیه‌تی سكاڵا دژی ئه‌و تۆمه‌ته‌ بێ بنه‌مایانه‌ تۆمار بكات كه‌ ئاڕاسته‌ی ده‌كرێن”.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا “كۆمسیۆن خۆی چاودێری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كردوه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری عیراق بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك و هیچ كه‌سێك ناتوانێت ده‌ستكاری ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات، چو‌نكه‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌مویان له‌ سێرڤه‌رێكی تایبه‌تن له‌ به‌غدا ئه‌وه‌ نییه‌ لایه‌نێك یان كه‌سێك بتوانێت له‌ پارێزگایه‌ك ده‌ستكاری ئه‌نجامه‌كان بكات”.

له‌باره‌ی دۆخی سلێمانیی و تۆمه‌تباركردنیان به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر گۆڕان داوایكرد لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد بكرێت له‌ هه‌ر رووداوێك كه‌ روویدابێت.

هاوكات سه‌عدی پیره‌، وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ “یه‌كێتی بێمنه‌ته‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و پابه‌ندی هه‌ر بڕیارێك ده‌بێت كه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بیدات”.

پیره‌ وتی “ڕێگه‌ ناده‌ین هه‌ندێك ده‌سته‌ چه‌وره‌كانی خۆیان به‌ ئێمه‌ بسڕن ، ئێمه‌ش له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ دهۆك و موسڵ و هه‌ولێر ناڕازین و سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین”.

كه‌ركوك، 12-5-2018، ده‌نگدانی گشتی بۆ په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ههڵوێستی كۆمسیۆن و كاردانهوهكان

كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌ڵوێست و قسه‌ی كۆتایی خۆی خستۆته‌ دوای كاری ئه‌و لیژنانه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ پێكیهێناوه‌، سه‌رباری پێداگری زۆری له‌ رابردودا له‌وه‌ی سیسته‌می ده‌نگدان ناتوانرێت روبه‌روی ده‌ستكاری ببێته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی لێپرسراوانی كۆمسیۆن بۆ میدیا عیراقییه‌كان، لیژنه‌ی تایبه‌ت پێكهێنراوه‌ و ره‌وانه‌ی پارێزگاكانی كه‌ركوك و سلێمانی و ئه‌و ناوچانه‌ی تر ده‌كرێن كه‌ ناڕه‌زایی تێدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌.

ره‌عد سامی، سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی راگه‌یاند كه‌ لیژنه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ له‌ به‌غداوه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ كه‌ركوك و له‌ ناوه‌ندی وه‌رزشی شاره‌كه‌ جێگیربون، به‌ڵام ئاماده‌نین قسه‌ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌ك و راگه‌یاندنێكدا بكه‌ن تا ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌وان داوایانكردوه‌ ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ستی هه‌ژماربكرێنه‌وه‌ به‌ ئاماده‌بونی نوێنه‌ری قه‌واره‌كان تا جارێكیتر ساخته‌كاری نه‌كرێت.

پێكهێنانی ئه‌و لیژنانه‌، دوای سكاڵای لایه‌نه‌ نارازییه‌كان هات له‌ كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ به‌یاننامه‌یه‌كی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق بۆ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی.

عه‌بادی داوای له‌ كۆمسیۆن كردوه‌ رێكاری به‌ په‌له‌ بگرێته‌به‌ر بۆ پشكنینی سندوقه‌كان و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

به‌پێی رێكاره‌كانی كۆمسیۆن، ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردن 48 كاتژمێر دوای كۆتایی پرۆسه‌كه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی هه‌یه‌، فه‌رمی نین.

مه‌عن ھیتاوی، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا جه‌ختیكرده‌وه‌ پێداچونه‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ هه‌موو ئه‌و سكاڵایانه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ تۆماركراون.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ شه‌وی رابردوو له‌ كه‌ركوك، باره‌گای سه‌ره‌كی كۆمسیۆن له‌ كه‌ركوك به‌هۆی ناڕه‌زاییه‌كانه‌وه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن روبه‌روی گه‌مارۆی چه‌كداری بووه‌وه‌.

عه‌بدولباسیت ده‌روێش له‌ سه‌روبه‌ندی روداوه‌كه‌‌دا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دوابه‌دوای ئاشكرابونی به‌شێك له‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن، هێزێكی چه‌كدار چوارده‌وری بینای سه‌ره‌كی كۆمسیۆنیان گرتوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی به‌شێكیان دروستبوه‌و به‌شێكی تریشیان هه‌ڵاتون”.

كه‌ركوك، 10-5-2018، ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: عومه‌ر جه‌واد

كێشهكانی دهنگدانی تایبهت

ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ په‌رله‌مانی عیراق، له‌ شاری كه‌ركوك به‌بێ كێشه‌ تێنه‌په‌ڕی و لایه‌نه‌كانی توركمان و عه‌ره‌ب، پێیانوایه‌ له‌ قازانجی یه‌كێتی نیشتمانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان كراوه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ سنوری قه‌زای حه‌ویجه‌ كه‌ هێزی پێكاته‌ی كوردی تێدانیه‌.

له‌ یه‌كێك له‌ ئه‌نجامه‌كاندا كه‌ وێنه‌گیراوه‌ و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبۆته‌وه‌، یه‌كێتیی له‌ بنكه‌یه‌كدا 157 ده‌نگی هێناوه‌ له‌كاتێكدا هه‌ردوو ركابه‌ره‌كه‌ی له‌ لیستی عه‌ره‌بی (هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك و هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نییه‌) به‌هه‌ردوكیان دوو ده‌نگیان هێناوه‌.

به‌ڵام له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ رێبوار ته‌ها، سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك و محه‌مه‌د عوسمان په‌رله‌مانتاری ئه‌و حزبه‌، جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئه‌و لایه‌نانه‌ی “تۆمه‌تیان” بۆ دروستده‌كه‌ن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری