یه‌كێتی ئه‌وروپا نیگه‌رانه‌
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ لایه‌نه‌كان: ئاشتی بپارێزن

May 14, 2018 at 5:22 pm

كه‌ركوك، 12-5-2018، پشكنینی هاوڵاتیه‌ك له‌ كاتی به‌شداری له‌ده‌نگدانی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

یه‌كێتی ئه‌وروپا، نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی له‌و بارگرژییانه‌ی دوای كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش داوا له‌ لایه‌نه‌كان ده‌كات، ئاشتی بپارێزن و كێشه‌كان به‌ رێگه‌ی یاسایی چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، به‌ به‌شداری نزیكه‌ی 11 ملیۆن كه‌س له‌ كۆی 24 ملیۆن ده‌نگده‌ر به‌رێوه‌چوو بۆ دیاریكردنی 329 په‌رله‌مانتار و رێژه‌ی به‌شداری گه‌یشته‌ سه‌دا 44، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

وته‌بێژی ئاژانسی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی عیراقی به‌ هه‌نگاوێكی سه‌ره‌كی ناوبردووه‌ به‌ره‌و بیاتنانی دیموكراتی له‌ وڵاتدا، به‌ تایبه‌ت كه‌ یه‌كه‌م پرۆسه‌یه‌ دوای سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا.

له‌باره‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی باس له‌ توندوتیژی و بارگرژی ده‌كه‌ن، یه‌كێتییه‌كه‌ نیگه‌رانی خۆی نیشانداوه‌ و داوایكردووه‌، قۆناغی دوای ده‌نگدان به‌ زویی ته‌واوبكرێت، به‌پێی رێكاره‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێشێلكارییه‌كاندا بكرێت، تا له‌ كۆتاییدا ده‌گه‌ن به‌ پێكهێنانی حكومه‌تێك وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پێویستی و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عیراق بێت.

ئه‌و نیگه‌رانییه‌ دوای ئه‌وه‌دێت، ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌ نافه‌رمیه‌كانی هه‌ڵبژاردن ناكۆكی توندی له‌ نێوان به‌شێك له‌لایه‌نه‌كاندا به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستاندا دروستكرد، نارازییه‌كان پێیانوایه‌ ده‌ستكاری ده‌نگه‌كانیان كراوه‌.

ستێفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراقی كردوه‌ و ده‌ستخۆیشی ده‌كات له‌وانه‌ی له‌ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌دا به‌شداربون به‌ تایبه‌ت ئاوارە ناوخۆییەکان.

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان و هەوادارانیان دەکات ئاشتی بپارێزن لە میانەی هەژمارکردنی دەنگەکان، هەموو کێشەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن لە ڕێگەی ڕێکارە یاساییەکانەوە چارەسەر بکەن، پرۆسەكه‌ بە زووترین کات تەواو بکەن لەڕێگەی دامەزراندنی حکومەتێکی گشتگیره‌وه‌.

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، بڕیاره‌ ئه‌مشه‌و ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌شت پارێزگای عیراق رابگه‌یه‌نێت دوای وردبینی و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سكاڵاكان له‌ نێویاندا هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردو ئه‌نجامه‌كانی 10 پارێزگای ئاشكراكرد.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری