شه‌ش حزب داوای دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن

May 14, 2018 at 6:54 pm

هه‌ولێر، 14-5-2018، كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی شه‌ش لایه‌نی سیاسی ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌كگرتوو

كه‌ركوك ناو

شه‌ش لایه‌نی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، داوای دوباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق ده‌كه‌ن له‌ ژماره‌یه‌ك پارێزگا، به‌هۆی هه‌بونی ده‌ستتێوه‌ردان و ساخته‌كارییه‌وه‌.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامی، هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، كۆمەڵی ئیسلامی، بزوتنەوەی ئیسلامی و حزبی شیوعی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ شاری هه‌ولێر كۆبونه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كانیاندا ئه‌نجامدا بۆ تاوتوێی دوایین هه‌ڵوێستیان به‌رانبه‌ر ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق.

به‌پێی به‌لاغی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن “روبەڕوی دەستێوەردان و ساختەكاریەكی بەرنامە بۆ دارێژراوی پێشوەختە بۆتەوە”، بۆیه‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان و كۆی پرۆسه‌كه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌و شه‌ش حزبه‌ داوای دووبارەكردنەوەی ئەو هەڵبژاردنە دەكەن له‌ هەرێمی كوردستان، پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی له‌ زوترین كاتدا، ئامانجه‌كه‌یشی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ “بەرگریكردن و گەڕانەوەی استحقاقی راستەقینەی دەنگدەران”.

هه‌روه‌ها جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ گرتنه‌به‌ری هەموو رێكارە سیاسی و یاسایی و مەدەنیەكان بۆ ئه‌و داواكارییه‌ دوور لە هەموو جۆرە توندوتیژیەك، بڕیاریشیانداوه‌ به‌ پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش “بۆ بەدواداچوون و گێڕانەوەی دەنگە دزراوەكانی جەماوەر و دەرگاش كراوەیە لەبەردەم هەر لایەنێكی تری سیاسی كە ئامادەبێت بەرگری لە مافی دەنگدەرانی گەلەكەمان بكات”.

شه‌ش حزبه‌كه‌ داوا له‌ كۆمسیۆن ده‌كات بە خێرایی بەدەم داواكاریەكانیانەوە بچێت.

ئه‌نجامه‌ نافه‌رمییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌ی 12ی ئایاری عیراق، ناكۆكی توندی له‌ نێوان له‌شێك له‌ لایه‌نه‌كاندا به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوكدا دروستكردووه‌، ناڕازیه‌كان پێیانوایه‌ ده‌ستكاری ژماره‌ و رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان كراوه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن