ده‌سه‌ڵاتی سه‌پاندنی یاسا ئاگادارده‌كاته‌وه‌
یه‌كێتیی له‌ كه‌ركوك هه‌ڕه‌شه‌ی جوڵاندنی شه‌قامی كوردی ده‌كات

May 15, 2018 at 2:35 pm

كه‌ركوك/7ی ئازاری 2010/ لایه‌نگرانی یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان وێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی كۆچكردوی حزبه‌كه‌یان ماچ ده‌كه‌ن له‌ ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی جوڵاندنی شه‌قامی كوردی ده‌كات له‌ شاره‌كه‌، به‌شێك له‌ “میلیشیا چه‌كداره‌كان”یش به‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ پێكهاته‌ی كورد تۆمه‌تبار ده‌كات.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نوێیه‌ی یه‌كێتی له‌ بانگه‌وازێكدا هاتووه‌ بۆ هێزه‌كانی سه‌پاندنی یاسا له‌ كه‌ركوك، دوابه‌دوای ئه‌و بارگرژییه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ به‌هۆی ئاشكرابونی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دروستبوه‌.‌

له‌ ‌بانگه‌وازه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی ئایار بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ تیایدا هاتووه‌ “ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی زۆر دانمان به‌خۆماندا گرت و زیاتریش دانبه‌خۆماندا ده‌گرین، به‌ڵام هه‌موو شتێك سنوری خۆی هه‌یه‌”.

هه‌روه‌ها هاتووه‌ “ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ (سه‌پاندنی یاسا) ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌شێك له‌ ‌میلیشیا چه‌كداره‌كان و حزبه‌ توندڕه‌وه‌ نا كوردییه‌كان ده‌ستیانكردوه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و په‌لاماردانی فه‌رمانبه‌رانی كورد له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك… هه‌روه‌ها په‌لاماری هاوڵاتیان كورد ده‌ده‌ن له‌به‌شێك له‌ فه‌رمانگه‌ ناوه‌ندییه‌كانی كه‌ركوك و باشوری كه‌ركوك”.

بۆیه‌ جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌منی رێكاری پێویست نه‌گرنه‌به‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌و توندوتیژیییانه‌ی له‌ژێر سێبه‌ر سه‌پاندنی یاسادا ده‌كرێت، “ئه‌وه‌ شه‌قامی كوردی ده‌جوڵێنین له‌ پێناو پاراستنی هاوڵاتیان”.

غازی كه‌ركوكی، جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی بانگه‌وازه‌كه‌ی بۆ (كه‌ركوك ناو) پشتڕاستكرده‌وه‌ و وتی “داوا ده‌كه‌ین هێزه‌كانی سه‌پاندنی یاسا رێكاریی پێویست بگرنه‌به‌ر به‌زوترین كات”.

هێزه‌كانی سه‌پاندنی به‌ ‌بڕیاری حه‌یده‌ر‌ عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوه‌وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگاكه‌ی گرتۆته‌ده‌ست.

له‌ بانگه‌وازه‌‌كه‌ی یه‌كێتی-دا هاتووه‌ “هیچ به‌رپرسیارێتی و سزایه‌ك هه‌ڵناگرین كه‌ له‌ جوڵاندنی شه‌قامی كوردیدا ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و گێره‌شێوێنییه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌شێك له‌ عه‌ره‌ب و توركمان و میلیشا چه‌كداره‌ مۆڵه‌تپێنه‌دراوه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی و ئاشتیداین له‌ كه‌ركوك”.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی كه‌ركوك به‌رده‌وامیی هه‌یه‌و یه‌كێتی به‌ یاریكردن به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و حزبه‌ بونی ته‌زویرات ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌ به‌شداری فراوانی پێكهاته‌ی كورد ده‌كات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایاری رابردو.

به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان كه‌ هێشتا كۆمسیۆن راینه‌گه‌یاندوه‌ یه‌كێتی به‌ته‌نیا نیوه‌ی كورسییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوكی به‌ده‌ستهێناوه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری