ژیانی كارمه‌نده‌كان له‌ مه‌ترسی-دایه‌
لێپرسراوی كۆمسیۆنی كه‌ركوك ده‌وامه‌كه‌ی جێهێشتوه‌

May 15, 2018 at 3:34 pm

كه‌ركوك/ ناوه‌ندی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی نیسانی 2014 بۆ په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

عیماد وه‌لی، لێپرسراوی ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌وامه‌كه‌ی جێهێشتوه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی روبه‌ڕوی خۆیی و كارمه‌ندانی كۆمسیۆن بۆته‌وه‌، به‌پێی وته‌ی دوو سه‌رچاوه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو).

یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كان كه‌ ئاگاداری كاره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ له‌ كه‌ركوك، وتی “عیماد وه‌لی له‌رۆژی 13ی ئایاره‌وه‌ ده‌وامی نه‌كردوه‌ و جێیهێشتوه‌، كارمه‌نده‌كانیش له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان و خۆپیشانده‌ران و ئه‌وانه‌ی ناڕازین به‌شه‌و و رۆژ چوارده‌وری كۆمسیۆنیان گرتوه‌ و جێیناهێڵن”.

عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی كه‌ركوك چه‌ند رۆژێكه‌ به‌رده‌وامن له‌ ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان و داوای دوباره‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ده‌كه‌ن به‌ده‌ست، به‌و هۆیه‌وه‌ فشارخراوه‌ته‌ سه‌ر كارمه‌ندانی ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌ لێپرسراوێتی هه‌یه‌ له‌ كۆمسیۆن به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “به‌شێك له‌ كارمه‌ندانی كۆمسیۆن پێكه‌وه‌ له‌ماڵ یان ئۆفیسی ده‌ره‌وه‌ی كۆمسیۆن كاره‌كانیان راییده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان شوێنی كاركردنیان دیار نییه‌…”، زیاتر وتی “شه‌وی رابردو 14ی ئایار ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندانی كۆمسیۆن تا دره‌نگانێكی شه‌و له‌ ئۆفیسی كۆمسیۆن بون نه‌یانده‌توانی بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵ، دواتر له‌ڕێی هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عیراق و له‌ ده‌رگای پشته‌وه‌ی كۆمسیۆن برانه‌ده‌ره‌وه‌ی بینا”.

شه‌وی رابردو 14ی ئایار ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندانی كۆمسیۆن تا دره‌نگانێكی شه‌و له‌ ئۆفیسی كۆمسیۆن بون نه‌یانده‌توانی بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵ

وتیشی “به‌شێك له‌ كارمه‌ندانی كۆمسیۆن له‌ 13ی ئایاره‌وه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ئۆفیس و له‌ ژیانی خۆیان ده‌ترسن”.

خۆپیشانده‌ران سێ رۆژه‌ له‌به‌رده‌م بینای ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنن و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان به‌ یاریكردن به‌ ئه‌نجامه‌كان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن.

یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌واوی تۆمه‌ته‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی ئایار، له‌ بانگه‌وازێكیدا هه‌ڕه‌شه‌ی جوڵاندنی شه‌قامی كوردی كرد له‌ كه‌ركوك و به‌شێك له‌ “میلیشیا چه‌كداره‌كان”ی به‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ پێكهاته‌ی كورد تۆمه‌تبار كرد.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نوێیه‌ی یه‌كێتی له‌ بانگه‌وازێكدا هاتووه‌ بۆ هێزه‌كانی سه‌پاندنی یاسا له‌ كه‌ركوك، دوابه‌دوای ئه‌و بارگرژییه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ به‌هۆی ئاشكرابونی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دروستبوه‌.‌

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری