عه‌بادی داواده‌كات ده‌نگه‌كانی كه‌ركوك به‌ده‌ست هه‌ژماربكرێنه‌وه‌

May 15, 2018 at 7:55 pm

كه‌ركوك، 12-5-2018، ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

كه‌ركوك ناو

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كه‌ركوك ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ دوباره‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست، داوا له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ده‌كات به‌ رونی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تانه‌كاندا بكات و رێوشوێنی پێویست بگرێته‌به‌ر.

ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، ناكۆكی له‌ نێوان چه‌ند لایه‌نێكدا به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان دروستكردووه‌ و ناڕازییه‌كان پێیانوایه‌، ده‌ستكاری ژماره‌ و رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان كراوه‌.

عه‌بادی له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15-5 جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌كرێت چاره‌سه‌ری كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانی كه‌ركوك له‌ رێی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانه‌وه‌ بێت به‌ ده‌ست.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی كه‌ركوك به‌رده‌وامیی هه‌یه‌و یه‌كێتی به‌ یاریكردن به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و حزبه‌ بونی ته‌زویرات ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌ به‌شداری فراوانی پێكهاته‌ی كورد ده‌كات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایاری رابردو.

به‌غدا. 12-5-2018، ده‌نگدانی حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیران

به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان كه‌ هێشتا كۆمسیۆن راینه‌گه‌یاندوه‌ یه‌كێتی به‌ته‌نیا نیوه‌ی كورسییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوكی به‌ده‌ستهێناوه‌.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ره‌خنه‌ی له‌ كۆمسیۆن گرت و ئاشكرایكرد تا دوو هه‌فته‌ به‌ر له‌ پرۆسه‌كه‌ كۆمپانیای پشكنینی ئامێره‌كه‌یان دیارینه‌كردووه‌، داواشیكرد، كۆمسیۆن به‌ شه‌فافی و روونی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تانه‌ و سكاڵاكاندا بكات، بگاته‌ رێكار و رێوشوێنی وردبینی گونجاو به‌پێی یاسا.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ پێویستی پاراستنی ده‌نگی هاوڵاتیان و ئیراده‌ی خه‌ڵك له‌ لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌، به‌ پێویستی زانی لایه‌نه‌كان و ده‌نگده‌رانیش پشت به‌ رێگا یاساییه‌كان ببه‌ستن بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی پێشێلكاری و تانه‌كان.

له‌ ده‌نگدانی په‌رله‌مانی عیراق، له‌ كۆی 24 ملیۆن ده‌نگده‌ر نزیكه‌ی 11 ملیۆن كه‌س به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، ئه‌وه‌ش به‌ رێژه‌ی له‌ سه‌دا 44 بوو، به‌ڵام كۆمسیۆن هێشتا ئه‌نجامی به‌رایی ته‌واونه‌كراوی 16 پارێزگای بڵاوكردۆته‌وه‌ له‌ كۆی 18 پارێزگا.

عه‌بادی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا داوای له‌ لایه‌نه‌كان كرد بكه‌ونه‌ گفتوگۆ بۆ دیاریكردنی سه‌رۆككۆمار و هه‌وڵی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ بده‌ن، ئه‌و حكومه‌ته‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بی نابێت، به‌ڵكو وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت پێویسته‌ به‌هێز و یه‌كگرتوو بێت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری