ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك بڵاوكرایه‌وه‌

May 15, 2018 at 9:35 pm

كه‌ركوك، 12-5-2018، به‌رێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق له‌رێوشوێنی ئه‌منی توندا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

له‌ پارێزگای كه‌ركوك، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ ده‌ستهێناوه‌ و به‌ دوای ئه‌ودا، دوو لیستی پێكهاته‌كانی عه‌ره‌ب و توركمانی دێت، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ، 484 هه‌زار و 103 ده‌نگی دروست به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا 91 له‌ پارێزگای كه‌ركوك جیاكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ كۆی زیاتر له‌ 900 هه‌زار كه‌س كه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه‌.

به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان كه‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ 184 هه‌زار و 373 ده‌نگ له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌مدایه‌، هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به‌ 83 هه‌زار و 827 ده‌نگ له‌ پله‌ی دووه‌م و به‌ره‌ی توركمانی به‌ 79 هه‌زار و 257 ده‌نگ له‌ پله‌ی سێیه‌مدایه‌.

هاوپه‌یمانی نه‌سر له‌ كه‌ركوك 24 هه‌زار و 246 ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌، هاوپه‌یمانی فه‌تح 18 هه‌زار و 406 ده‌نگ، هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نییه‌ 14 هه‌زار و 932 ده‌نگ، لیستی نیشتمان 13 هه‌زار و 775 ده‌نگ، جوڵانه‌وه‌ی نەوەی نوێ 12 هەزار و 836 دەنگ، لیستی تەزامون 10 هەزار و 569 دەنگ، باب عه‌ره‌ب هه‌شت هه‌زار و 133 ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌.

هه‌روه‌ها سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان زیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار ده‌نگ، هاوپه‌یمانی كلدان زیاتر له‌ چوار هه‌زار ده‌نگ، یه‌كگرتووی ئیسلامی زیاتر له‌ چوار هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌ و پاشان لیسته‌كانی تر دێت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی كه‌ركوك به‌رده‌وامیی هه‌یه‌و یه‌كێتی به‌ یاریكردن به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و حزبه‌ بونی ته‌زویرات ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌ به‌شداری فراوانی پێكهاته‌ی كورد ده‌كات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایاری رابردو.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆش حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق داوای هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی كه‌ركوكی كرد به‌ ده‌ست، به‌ ئامانجی چاره‌سه‌ری ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كان.

له‌ پارێزگای كه‌ركوك، 290 كاندید هه‌یه‌ كه‌ له‌ 204 پیاو و 86 ژن پێكهاتبوون، له‌ رێی 31 لیست و هاوپه‌یمانییه‌وه‌ كێبڕكێی به‌ ده‌ستهێنانی 13 كورسی پارێزگاكه‌یان ده‌كرد.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن