“پرۆسه‌ی مه‌ده‌نی و دیموكراسی له‌كه‌داربوو”
سه‌رۆكی لیستی نیشتیمان له‌ كه‌ركوك: ئه‌وه‌ ده‌نگی راسته‌قینه‌ی ئێمه‌ نییه‌

May 16, 2018 at 12:05 pm

د. محه‌مه‌د شوانی، سه‌رۆكی لیستی نیشتیمان له‌ پارێزگای كه‌ركوك فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

د. محه‌مه‌د شوانی، سه‌رۆكی لیستی نیشتیمان له‌ پارێزگای كه‌ركوك رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌نگی راسته‌قینه‌ی ئه‌وان نییه‌ و ده‌سه‌ڵاتی كوردی ده‌یه‌وێت به‌ هێز و ته‌زویر له‌ كورسییه‌كانیان بمێننه‌وه‌، هه‌روه‌ها تۆمه‌تباریان ده‌كات به‌ له‌كه‌داركردنی پرۆسه‌ی مه‌ده‌نی و دیموكراسی.

محه‌مه‌د شوانی له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ی ئایار له‌باره‌ی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌ پارێزگای كه‌ركوك بڵاویكردۆته‌وه‌، ده‌ڵێت “هه‌روه‌كو چۆن له‌ ماوه‌ی بیست و حه‌وت ساڵی رابردودا ئه‌قڵیه‌تی پاوانخوازیی و قۆرخكاری ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان نه‌یانتوانی نمونه‌یه‌كی جوانی به‌ڕێوه‌بردن و به‌ دامه‌زراوه‌یی كردن له‌ كوردستاندا پیشانبده‌ن، ئه‌م پرۆسه‌ مه‌ده‌نی و دیموكراسییه‌شیان له‌كه‌دار كردو جارێكی تر ناوبانگی كورد و سیمای خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییان له‌ كوردستاندا ناشرینتر كرد”.

لیستی نیشتیمان كه‌ له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌وه‌ری پێكهاتبوو به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان كه‌ كۆمسیۆن شه‌وی رابردوو بڵاویكرده‌وه‌ 13 هه‌زار و 775 ده‌نگیان هێنا، به‌وه‌ش نه‌یتوانی هیچ كورسییه‌ك له‌ پارێزگاكه‌ به‌ده‌ستبهێنێت.

د. محه‌مه‌د شوانی كه‌ سه‌رۆكایه‌تی لیسته‌كه‌ی ده‌كرد، له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت “ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان له‌ جیاتی بیركردنه‌وه‌ له‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورێكی مه‌ده‌نی و مۆدێرن و چه‌سپاندنی سیستمی په‌رله‌مانی و بونیادنانی ده‌زگایه‌كی داده‌وه‌ری به‌هێز و به‌ نیشتمانیكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌و پۆلیس و ئاسایش و شه‌فه‌فافكردنی داهات… هه‌میشه‌ بیرو خه‌یاڵیان لای مانه‌وه‌ له‌سه‌ر كورسیه‌كانیانه‌ ئه‌گه‌ر به‌ زه‌بری هێز یان له‌ رێگای ساخته‌كارییه‌وه‌ بێت، بۆیه‌ به‌وپه‌ڕی دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌نگی راسته‌قینه‌ی ئێمه‌ نییه‌، ئێمه‌ش هه‌رچیه‌كمان له‌ توانادا بێت ده‌یكه‌ین بۆ گێڕانه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانتان و بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی به‌ مه‌ده‌نیكردنی كۆمه‌ڵگاكه‌مان”.

هه‌رچیه‌كمان له‌ توانادا بێت ده‌یكه‌ین بۆ گێڕانه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانتان و بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی به‌ مه‌ده‌نیكردنی كۆمه‌ڵگاكه‌مان

هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌وڵ و ماندوبونی ته‌واوی لایه‌نگران و ده‌نگده‌رانی لیستی نیشتمان له‌ پارێزگای كه‌ركوك ده‌كات و ده‌ڵێت “هه‌ندێكتان له‌ رێگای دوره‌وه‌ هاتن، هه‌ندێكتان چه‌ندین بنكه‌و وێستگه‌ گه‌ڕان تا ناوه‌كانتان دۆزیه‌وه‌و دواتر له‌ ریزه‌كانی ده‌نگداندا بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك راوه‌ستان و متمانه‌ی خۆتان به‌ من به‌خشی و ده‌نگتان به‌ مندا”.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ، 484 هه‌زار و 103 ده‌نگی دروست به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا 91 له‌ پارێزگای كه‌ركوك جیاكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ كۆی زیاتر له‌ 900 هه‌زار كه‌س كه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه‌.

به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان كه‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ 184 هه‌زار و 373 ده‌نگ له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌مدایه‌، هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به‌ 83 هه‌زار و 827 ده‌نگ له‌ پله‌ی دووه‌م و به‌ره‌ی توركمانی به‌ 79 هه‌زار و 257 ده‌نگ له‌ پله‌ی سێیه‌مدایه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی كه‌ركوك به‌رده‌وامیی هه‌یه‌و یه‌كێتی به‌ یاریكردن به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و حزبه‌ بونی ته‌زویرات ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌ به‌شداری فراوانی پێكهاته‌ی كورد ده‌كات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایاری رابردو.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆش حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق داوای هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی كه‌ركوكی كرد به‌ ده‌ست، به‌ ئامانجی چاره‌سه‌ری ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری