نێچیرڤان بارزانی: داواده‌كه‌ین كۆمسیۆن نیگه‌رانی شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ به‌ جددی وه‌ربگرێت

May 16, 2018 at 3:42 pm

هەولێر، 4-3-2018، كۆنگرەی رۆژنامەوانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان فۆتۆ: سایتی حكومەت

كه‌ركوك ناو

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات كاری جددی بكه‌ن له‌سه‌ر نیگه‌رانی شه‌ش لایه‌نی سیاسی كوردی به‌رانبه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، به‌ پێویستی ده‌زانێت كۆتایی به‌و دۆخه‌ بهێنرێت.

وته‌كانی بارزانی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16-5 له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ هه‌ولێر و تێیدا ئاماژه‌ی به‌ نیگه‌رانی شه‌ش لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ پێیانوایه‌ ده‌ستكاری ده‌نگه‌كانیان كراوه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق، بۆیه‌ داوای دوباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێم و ناوچه‌كانی جێناكۆك.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم وتی “ئه‌و شه‌ش لایەنەی کە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە مەسەلەی پرۆسەی هەڵبژاردن  لە سلێمانی و بە تایبەتیش لە کەرکووک و بۆ ئەوەی قافیەی شعرەکەشیان بە رێک و پێکی بڕوات هەولێر و دهۆکیشیان تێخستووە”.

“ئێمە لە نیگەرانی ئەو لایەنانە تێدەگەین، من وەکو سەرۆکی حکومەتیش لە راستیدا ئەو هەوڵانەم پێگەیشتووە، ئێمەش نیگەرانین لەو بابەتە، ئەوەی من داوا دەکەم ئەوەیە کۆمیسیۆن دەبێت ئەو مەسەلەیە زۆر بە جدی وەربگرێت و داواکاری ئەو لایەنانە بە جدی وەربگرێت”.

نێچیرڤان بارزانی جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ پێویستی پاراستنی یه‌كریزی له‌ هه‌رێم و داوایكرد، هەر هەنگاوێکیش کۆمیسیۆن دەینێت لە پێناو ئەوەی کە نیگەرانییان بڕەوێتەوە، “من خۆم وەکو سەرۆکی حکومەت داوا دەکەم کۆمیسیۆن بە جدی بێتە سەر خەت، بە هەر شێوەیەک بێت ئەو نیگەرانییە نەمێنێت لە کوردستاندا”.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ ئه‌وان لارییان نیه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌موو هه‌رێم بگرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ پێویستی زانی هەندێک هەنگاوی جدی بە تایبەتی لە کەرکوک و سلێمانی بنرێت، چ لە هەولێر و دهۆک و هەر شوێنێک ئەو نیگه‌رانییه‌هه‌یه‌ یەکلاییبکرێتەوە.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ، نزیكه‌ی 11 ملیۆن كه‌س به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا 44 به‌شداربون له‌ ده‌نگداندا، بۆ دیاریكردنی 329 كورسی په‌رله‌مانی عیراق.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن