ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران: كۆمسیۆن داواكاری شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ی ره‌تكردۆته‌وه‌

May 16, 2018 at 4:51 pm

سه‌عید كاكه‌یی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌فه‌یسبوك

كه‌ركوك ناو

سه‌عید كاكه‌یی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرایكرد داواكاری شه‌ش لایه‌نی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست، داوایكرد بۆ نه‌هێشتنی گومان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان كۆمسیۆن به‌ ده‌م سكاڵاكانه‌وه‌ بچێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16-5 له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ به‌غدا، كاكه‌یی دوایین زانیاری ده‌رباره‌ی سكاڵا و تانه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خسته‌ڕوو له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق، به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی جێناكۆك.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران رونیكرده‌وه‌ له‌ 13ی ئایار شه‌ش لایه‌نی سیاسی له‌ هه‌رێم سكاڵایان تۆماركردووه‌ بۆ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی سه‌دا 25ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست، به‌ڵام كۆمسیۆن داواكه‌ی ره‌تكردۆته‌وه‌، سكاڵایه‌كی دیكه‌ش له‌ به‌غدا هه‌بووه‌ بۆ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی سه‌دا 5ی ده‌نگه‌كان به‌ڵام به‌ هه‌مانشێوه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.

سه‌عید كاكه‌یی پێیوایه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و داواكارییانه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسای كۆمسیۆنه‌ و داوایكرد، به‌شێك له‌ ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست هه‌ژماربكرێنه‌وه‌ تا گومان له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ نه‌مێنێت، ئه‌گه‌ر ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان كرابوو ئه‌وكات رێكاری تر بگیرێته‌به‌ر.

دیاله‌، 12-5-2018، كۆتاییهاتنی ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق له‌ خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماری ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌رێی ئامێری ئه‌لیكترۆنیه‌وه‌ بوو، ئه‌وه‌ش جێی ناڕه‌زایی به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كانه‌ و پێیانوایه‌ ده‌ستكاری كراوه‌، بۆیه‌ داواده‌كه‌ن به‌ ده‌ست هه‌ژماربكرێنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كرد هیچ چاودێر و نوێنه‌رێكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان په‌راوی ئه‌نجام و ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان پێنه‌دراوه‌، له‌ كاتێكدا به‌پێی یاسا پێویست بوو به‌ر له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی به‌رایی ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنی به‌ چاودێر و نوێنه‌ره‌كان بدرایه‌.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هاوپه‌یمانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، كۆمه‌ڵی ئیسلامی، یه‌كگرتوی ئیسلامی، حزبی شیوعی و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی داواده‌كه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوك و ناوچه‌كانی جێناكۆك پرۆسه‌ی ده‌نگدان دوباره‌بكرێته‌وه‌، چونكه‌ پێیانوایه‌ ده‌ستكاری ژماره‌ و رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان كراوه‌.

كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی سه‌عید كاكه‌یی له‌ كاتێكدابوو، ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ناوبراو و خێزانه‌كه‌ی روبه‌روی هه‌ره‌شه‌ی كوشتن بونه‌ته‌وه‌، لایه‌نێكی “زه‌ره‌رمه‌ندی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن” هه‌وڵیداوه‌ ناچاری بكات به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌.

به‌ڵام كاكه‌یی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا باسی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌  و هه‌ره‌شه‌لێكردنی نه‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌ میدیاكان له‌ زاری ناوبراوه‌وه‌ بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ره‌شه‌ له‌سه‌ر ژیانی نیه‌ و به‌یاننامه‌كه‌ی به‌ پروپاگه‌نده‌ ناوبردووه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری