كۆمسیۆن: ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست هه‌ژمارناكرێنه‌وه‌

May 16, 2018 at 5:43 pm

دیاله‌، 12-5-2018، ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق له‌ خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

كه‌ركوك ناو

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست هه‌ژماربكرێنه‌وه‌ و بڕیاریداوه‌، له‌ دوو رۆژی داهاتوودا ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق ئاشكرابكات.

ریاز به‌دران، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ كۆمسیۆن ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16-5 له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا جه‌ختیكرده‌وه‌ هیچ پێویستییه‌ك نییه‌ بۆ به‌ده‌ست هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان، چونكه‌ ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان به‌ دروستی كاری خۆی كردووه‌.

پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماری ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌رێی ئامێری ئه‌لیكترۆنیه‌وه‌ بوو، ئه‌وه‌ش جێی ناڕه‌زایی به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كانه‌ و پێیانوایه‌ ده‌ستكاری كراوه‌، بۆیه‌ داواده‌كه‌ن به‌ ده‌ست هه‌ژماربكرێنه‌وه‌.

ریاز به‌دران ئاشكراشیكرد له‌ دوو رۆژی داهاتودا ئه‌نجامی فه‌رمی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

شه‌ش لایه‌نی سیاسی كوردی و چه‌ند لایه‌نێكی تری عیراقی، له‌رێی سكاڵا و تانه‌كانیانه‌وه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا داوایانكردووه‌ به‌شێك له‌ ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست هه‌ژماربكرێنه‌وه‌، چونكه‌ پێیانوایه‌ ده‌ستكاری ژماره‌ و رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان كراوه‌.

سه‌عید كاكه‌یی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد داواكاری لایه‌نه‌كان ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست، ئه‌وه‌شی به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا ناوبرد و به‌پێویستی زانی، له‌ پێناو نه‌هێشتنی گومانه‌كاندا كۆمسیۆن ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێت.

وته‌كانی كاكه‌یی له‌ كاتێكدابوو ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ناوبراو و خێزانه‌كه‌ی روبه‌روی هه‌ره‌شه‌ی كوشتن بونه‌ته‌وه‌، لایه‌نێكی “زه‌ره‌رمه‌ندی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن” هه‌وڵیداوه‌ ناچاری بكات به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌.

به‌ڵام كاكه‌یی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا باسی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌  و هه‌ره‌شه‌لێكردنی نه‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌ میدیاكان له‌ زاری ناوبراوه‌وه‌ بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ره‌شه‌ له‌سه‌ر ژیانی نیه‌ و به‌یاننامه‌كه‌ی به‌ پروپاگه‌نده‌ ناوبردووه‌.

ریاز به‌دران، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا وه‌ڵامی قسه‌كانی كاكه‌یی دایه‌وه‌ و پێیوایه‌ له‌ژێر فشار و هه‌ره‌شه‌دا، پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر داواكاری لایه‌نه‌كان بۆ به‌ده‌ست هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان.

هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نه‌ نارازییه‌كان سه‌ره‌تا داوای هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان ده‌كرد به‌ ده‌ست، به‌ڵام له‌ ئێستادا شه‌ش حزبی سیاسی كوردی داواده‌كه‌ن پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوك و ناوچه‌كانی جێناكۆك دوباره‌بكرێنه‌وه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، نزیكه‌ی 11 ملیۆن كه‌س به‌ رێژه‌ی سه‌دا 44 به‌شدارییان كرد، كۆمسیۆنیش تائێستا ته‌نیا ئه‌نجامی به‌رایی پارێزگاكانی بڵاوكردۆته‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری