255 سكاڵا له‌ كه‌ركوك تۆماركراون
كۆمسیۆن: كارمه‌نده‌كانمان ده‌ستبه‌سه‌ر و بارمته‌ن

May 16, 2018 at 9:05 pm

كه‌ركوك/هه‌ڵبژاردنی 2014/ دوو چه‌كداری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌ناوه‌ندی شاره‌كه‌ ده‌پارێزن فۆتۆ: كاروان ساڵحی  

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

له‌ پارێزگای كه‌ركوك، 255 سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن تۆماركراون و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژانه‌كانیش ئاشكرایده‌كات، كارمه‌نده‌كانیان له‌و شاره‌ و قه‌زای داقوق ده‌ستبه‌سه‌ركراون و به‌ بارمته‌ گیراون.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ، 484 هه‌زار و 103 ده‌نگی دروست به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا 91 له‌ پارێزگای كه‌ركوك جیاكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ كۆی زیاتر له‌ 900 هه‌زار كه‌س كه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاشكرایكرد “255 سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان تۆماركراون و 126 سكاڵایان ره‌وانه‌ی به‌غدا كراوه‌”.

له‌ نیو ئه‌و سكاڵایانه‌دا وه‌كو سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێدا، سور و سه‌وز و زه‌ردی تێدایه‌، به‌شێكیان زۆریان دیاریكراون بۆ وردبینی و لێكۆڵینه‌وه‌.

لیست و قه‌واره‌ عه‌ره‌یی و توركمانیه‌كان له‌ كه‌ركوك، چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی به‌رده‌ومدان، یه‌كێتی به‌ یاریكردن به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و حزبه‌ بونی ته‌زویرات ره‌تده‌كاته‌وه.

ریاز به‌دران، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كۆمسیۆن ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد 186 وێستگه‌ له‌ كه‌ركوك كه‌ 36 وێستگه‌یان ده‌كه‌وێته‌ قه‌زای داقوق تائێستا ئه‌نجامه‌كانیان ره‌وانه‌ی به‌غدا نه‌كراون.

كۆمسیۆن له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا لیژنه‌یه‌كی بۆ وردبینی ره‌وانه‌ی كه‌ركوك كرد، دوای ئه‌وه‌ی حزبه‌ نارازیه‌كان داوایانكرد ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست هه‌ژماربكرێنه‌وه‌.

لێپرسراوه‌كه‌ی كۆمسیۆن جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی هیچ پاساوێك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ست ده‌نگه‌كان هه‌ژماربكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ده‌نگی دوو هه‌زار وێستگه‌ به‌راورد كراون و دروست ده‌رچون.

كه‌ركوك، 16-5-2018، خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی دژی ئه‌نجامه‌كانی هه‌لبژاردن له‌داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

خۆپیشانده‌رانی نارازی چوار رۆژه‌ له‌به‌رده‌م بینای ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنن و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان به‌ یاریكردن به‌ ئه‌نجامه‌كان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن.

یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌واوی تۆمه‌ته‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌، دوێنێی سێشه‌ممه‌ 15ی ئایار، له‌ بانگه‌وازێكیدا هه‌ڕه‌شه‌ی جوڵاندنی شه‌قامی كوردی كرد له‌ كه‌ركوك و به‌شێك له‌ “میلیشیا چه‌كداره‌كان”ی به‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ پێكهاته‌ی كورد تۆمه‌تبار كرد.

سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كۆمسیۆن له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌رانیان روبه‌روی هه‌ره‌شه‌ بونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن لایه‌نی سیاسیه‌وه‌، وتی “فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندمان هه‌یه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و بارمته‌ن له‌ كۆگاكانی كه‌ركوك و داقوقی سه‌ر به‌ كۆمسیۆن”.

ریاز به‌دران داوای له‌ لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كان كرد ئاسایش و پارێزگاری بۆ كارمه‌نده‌كانیان دابینبكه‌ن.

پێشتر دوو سه‌رچاوه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاشكرایانكرد كه‌ عیماد وه‌لی، لێپرسراوی ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌رۆژی 13ی ئایاره‌وه‌ ده‌وامی نه‌كردوه‌ و ئۆفیسیه‌كه‌ی جێهێشتوه‌، كارمه‌نده‌كانیش له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان.

به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ 184 هه‌زار و 373 ده‌نگ له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌مدایه‌، هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به‌ 83 هه‌زار و 827 ده‌نگ له‌ پله‌ی دووه‌م و به‌ره‌ی توركمانی به‌ 79 هه‌زار و 257 ده‌نگ له‌ پله‌ی سێیه‌مدایه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن