دژه‌تیرۆری عیراق و پارێزگاری كه‌ركوك: كارمه‌ندانی كۆمسیۆن ده‌ستبه‌سه‌رنین

May 17, 2018 at 9:56 am

كه‌ركوك، 12-5-2018، به‌رێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق له‌رێوشوێنی ئه‌منی توندا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت و فه‌رمانده‌یی دژه‌تیرۆری عیراق له‌و شاره‌كه‌، ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ كارمه‌ندانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان گه‌مارۆ و ده‌ستبه‌سه‌ركرابن یان وه‌كو بارمته‌ گیرابن، له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانی نارازییه‌وه‌.

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 17-5 ئاشكرایكرد كارمه‌نده‌كانیان له‌ كه‌ركوك و قه‌زای داقوق ده‌ستبه‌سه‌ركراون و گه‌مارۆدراون له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌، داوایكرد ژیانیان بپارێزرێت.

لیواروكن مه‌عن ساعدی، فه‌رمانده‌یی دژه‌تیرۆر و پلانی سه‌پاندنی یاسا له‌ كه‌ركوك له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كارمه‌ندانی كۆمسیۆن وه‌كو بارمته‌ ده‌ستبه‌سه‌ركرابن، جه‌ختی له‌وه‌شكردۆته‌وه‌ هه‌موو سندوقه‌كانی ده‌نگدان و فلاش و رامه‌كان سه‌لامه‌تن و له‌ كۆگایه‌كدا له‌لایه‌ن دژه‌تیرۆره‌وه‌ پارێزگارییان لێده‌كرێت.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت بارودۆخی ناو كه‌ركوك سه‌قامگیره‌ و پێویست به‌ نیگه‌رانی ناكات.

لیست و قه‌واره‌ عه‌ره‌بی و توركمانیه‌كان له‌ كه‌ركوك، چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی به‌رده‌ومدان، یه‌كێتی به‌ یاریكردن به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و حزبه‌ بونی ته‌زویرات ره‌تده‌كاته‌وه.

راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری شاره‌كه‌ ره‌تیكردۆته‌وه‌ هیچ گروپێكی چه‌كداری ئۆفیسی كۆمسیۆنیان گه‌مارۆدابێت، رونیكرده‌وه‌ ته‌نیا ناڕازییه‌كان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ن له‌به‌رده‌م كۆمسیۆنن و  لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كانیش خۆپیشانده‌رانی ئاشتییانه‌ ده‌پارێزن.

به‌بڕوای پارێزگار ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌وێته‌وه‌ ده‌بێته‌ “كاره‌سات و قه‌یرانێكی گه‌وره‌ له‌ كه‌ركوك دروستده‌كات دوای ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی له‌ كاتی سه‌پاندنی یاساوه‌ به‌دیهاتووه‌”.

كه‌ركوك، 16-5-2018، خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی دژی ئه‌نجامه‌كانی هه‌لبژاردن له‌داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

جبوری جه‌ختیكرده‌وه‌ “هاوڵاتیانی كه‌ركوك رازی نابن ده‌نگه‌كانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێك بڕوات كه‌ جه‌ماوه‌رێتی له‌ده‌ستداوه‌ به‌هۆی سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانیه‌وه‌”.

پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت به‌رپرسیارێتی هه‌ر روداوێكی خسته‌ ئه‌ستۆی كۆمسیۆن و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، تا ئه‌وكاته‌ی گوێ له‌ داواكارییه‌كان ده‌گرن، ناڕه‌زاییه‌كان شه‌و و رۆژ به‌رده‌وامییان ده‌بێت.

له‌ كه‌ركوك، 255 سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن تۆماركراون و به‌شێكیان ره‌وانه‌ی به‌غدا كراون، به‌پێی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژانه‌كانیش 186 وێستگه‌ له‌و سنوره‌ هێشتا ئه‌نجامه‌كان بۆ ناوه‌ند نه‌نێردراون.

خۆپیشانده‌رانی ناڕازی، داوای به‌ده‌ست هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌، له‌ قازانجی یه‌كێتی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماری ئه‌لیكترۆنی ده‌ستكاریكراوه‌، به‌ڵام كۆمسیۆن له‌ دوایین هه‌ڵوێستیدا جه‌ختیكرده‌وه‌ هیچ پاساوێك نابینن تا به‌ده‌ست ده‌نگه‌كان هه‌ژماربكرێنه‌وه‌.

یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌واوی تۆمه‌ته‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌، دوێنێی سێشه‌ممه‌ 15ی ئایار، له‌ بانگه‌وازێكیدا هه‌ڕه‌شه‌ی جوڵاندنی شه‌قامی كوردی كرد له‌ كه‌ركوك و به‌شێك له‌ “میلیشیا چه‌كداره‌كان”ی به‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ پێكهاته‌ی كورد تۆمه‌تباركرد.

به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ 184 هه‌زار و 373 ده‌نگ له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌مدایه‌، هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به‌ 83 هه‌زار و 827 ده‌نگ له‌ پله‌ی دووه‌م و به‌ره‌ی توركمانی به‌ 79 هه‌زار و 257 ده‌نگ له‌ پله‌ی سێیه‌مدایه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ، 484 هه‌زار و 103 ده‌نگی دروست به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا 91 له‌ پارێزگای كه‌ركوك جیاكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ كۆی زیاتر له‌ 900 هه‌زار كه‌س كه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن