داخستنی رێگای كه‌ركوك – هه‌ولێر
نرخی هاتوچۆى زیادكرد و رێگاكه‌ی درێژكرده‌وه‌

May 17, 2018 at 2:52 pm

كه‌ركوك، ئایاری 2018، گه‌راجی هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی نێوان كه‌ركوك - هه‌ولێر فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی

عه‌لی شوفێری ته‌كسییه‌، تا حه‌وت مانگ له‌مه‌وبه‌ر نه‌فه‌رێكی به‌ ده‌ هه‌زار دینار له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ 50 خوله‌ك ده‌گه‌یانده‌ هه‌ولێر، به‌ڵام ئێستا دوو هێنده‌ پاره‌ وه‌رده‌گرێت و نێوانی هه‌ردوو پارێزگاكه‌ به‌ دوو كاتژمێر زیاتر ده‌بڕێت.

ئه‌وه‌ی عه‌لی مه‌حمود و شوفێرانی تر هاوشێوه‌ی هاوڵاتیان به‌ ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، داخستنی رێگای سه‌ره‌كی هاتوچۆی نێوان كه‌ركوك و هه‌ولێره‌ بۆ زیاتر له‌ حه‌وت مانگ، بۆیه‌ به‌ناچاری رێگای دورتر ده‌گرنه‌به‌ر.

لە سنوری ناحیەی پردێ‌ لە باكوری كەركوك، كە رێگای سەرەكی پارێزگاكەیە بەرەو هەولێر، لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووه‌وه‌ هاتوچۆ راگیراوه‌، به‌هۆی پێكدادان و بارگرژیه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

“بەر له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر نرخی یەك سەرنشین بۆ هەولێر بە ئۆتۆمبێلی تەكسی تەنیا 10 هەزار دینار و بە ئۆتۆمبێلی كەیه‌ی نه‌فه‌رهه‌ڵگر حه‌وت هەزار دینار بوو، به‌ڵام له‌دوای ئه‌و رووداوه‌وه‌ نرخەكان بە هۆی دوری رێگاو بانەكانی تره‌وه‌ بۆ دوو هێندە بەرزەوە بۆته‌وه‌” عه‌لی مه‌حمود، شۆفێری ته‌كسی له‌ رێگای كه‌ركوك – هه‌ولێر بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

له‌ ئێستادا نرخی گواستنه‌وه‌ی سه‌رنشینێك له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر به‌ ته‌كسی بۆته‌ 20 هه‌زار دینار و به‌ پاسی بچوك له‌ جۆری كه‌یه‌ بۆته‌ 15 هه‌زار دینار.

كه‌ركوك/ پردی نێوان كه‌ركوك – هه‌ولێر له‌ ناحیه‌ی پردێ (ئاڵتون كۆپری) كە بەهۆی شەڕەوە روخاوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

عه‌لی ده‌ڵێت داخستنی ئه‌و كێشه‌یه‌ بۆ ئه‌وانیش بووه‌ به‌ كێشه‌یه‌كی به‌رده‌وامی ئه‌وان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌هۆی خراپی رێگاكانی تره‌وه‌ ره‌نگه‌ ماوه‌یه‌كی تر ئۆتۆمبێله‌كانیان له‌كاربكه‌وێت.

له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، له‌ سنوری پردی روبەڕوبونەوە لە نێوان پێشمەرگە ‌و هێزە عیراقییەكان رویدا، كاتێك په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی.

جومعه‌ عه‌ول، هاوڵاتییه‌كی نیشته‌جێی شاری كه‌ركوكه، ئه‌و نه‌خۆشی درێژخانه‌یه‌نی هه‌یه‌ و پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ 10 رۆژ جارێك سه‌ردانی پزیشكه‌كه‌ی بكات له‌ هه‌ولێر، بۆیه‌ داخستنی رێگه‌ی پردێ و خراپی رێگاكانی تر زیانی زۆری بۆی هه‌بووه‌.

“بەهۆی خراپی رێگاو بانەكانەوە گەر نەخۆشیش نەبیت ئەوە نەخۆش دەكەویت”، جومعه‌ ده‌ڵێت ته‌نیا هاوڵاتی سزاده‌درێت و باجه‌كه‌ی ده‌دات له‌ كاتێكدا به‌غدا و هه‌ولێر كێشه‌یان نیه‌، چونكه‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ن و فه‌رشی سور بۆ یه‌كتری راده‌خه‌ن.

هه‌رێمی كوردستان، له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا تاكلایه‌نه‌ بڕیاریدا به‌ كردنه‌وه‌ی رێگه‌ی هاتوچۆی كه‌ركوك و هه‌ولێر له‌ سنوری پردێ، به‌ڵام به‌غدا و ئیداره‌ی كه‌ركوك له‌وباره‌یه‌وه‌ هیچ بڕیارێكیان نه‌دا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمیش ناوه‌ڕاستی ئازاری ئه‌مساڵ ئاشكرایكرد، عیراق له‌ ئێستا ئامادەنین بۆ كردنەوەی رێگاكه‌.

پردێ، تشرینی یەكەمی 2017، چەند رۆژێك دوای ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ناحیه‌ی پردێ له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه فۆتۆ: كه‌ركوك ناو‌

سەباح محەمەد، شۆفێری هێڵی كەركوك – هەولێر باسی له‌وه‌كرد پێشتر رێگاكه‌ له‌ پردێ-وه‌ ته‌نیا 50 خوله‌ك بووه‌، به‌ڵام ئێستا بۆ هاتوچۆی نێوان هه‌ردوو پارێزگاكه‌ ده‌بێت بۆ زیاتر له‌ دوو كاتژمێر و 30 خوله‌ك به‌ڕێگاوه‌بن.

هه‌ر هاوڵاتییه‌ك بۆ هاتوچۆ له‌ نێوان كه‌ركوك و هه‌ولێر، پێویسته‌ له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بچێته‌ ناحیه‌ی شوان و دواتر بۆ ته‌قته‌ق یان بچێته‌ سلێمانی و دواتر له‌ رێگای دوكان و سماقۆڵیه‌وه‌ بچێته‌ هه‌ولێر، جگه‌ له‌ دورییه‌كه‌، خراپی رێگاكه‌ زیاتر هاوڵاتیانی ماندوو كردووه‌.

“زۆربەی رێگاكان یەك سایدە، رێگای كەركوك – هەولێر لە دووبز و پەڵكانەو هاڤانەوە كە رێگاكە تاسەیەكی یەكجار زۆری تێدایه‌ 1:30 خوله‌كه‌، هەندێكجار سەرنیشین ده‌كه‌ون به‌سه‌ر یه‌كدا لە نێو ئۆتۆمبێلەكە و دەبێت بە كێشەیان، بەشێكیان دەیانەوێت زوتر بگەن”، سه‌باح وای وت.

پردی سەرەكی سەر زێی بچوك له‌ ناحیه‌ی پردی، كه‌ رێگای سه‌ره‌كی كه‌ركوك به‌ره‌و هه‌ولێره‌، به‌هۆی شه‌ڕی حه‌وت مانگ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ زیانی به‌ركه‌وتووه‌ و چاككردنەوەی بەوتەی لێپرسراوان، سه‌دان ملیۆن دیناری تێدەچێت.

عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحییەی پردێ (ئاڵتون كۆپری) پێشتر بە (كەركوك ناو)ی وت “لیژنەیەكی بەرێوەبەرایەتی رێگاوبانی كەركوك سەردانی ناحیەكەیان كرد و زەرەر و زیانی پردەكیان خەمڵاند كە نزیكەی 600 ملیۆن دیناری دەوێت بۆ چاككردنەوە”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن