نه‌‌‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان داوای به‌ده‌ست هه‌ژماركردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ ده‌نگه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات

May 17, 2018 at 3:46 pm

كه‌ركوك/ ناوه‌ندی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی نیسانی 2014 بۆ په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

یان كوبیش، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق داوا له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات به‌زوویی ده‌ستبكات به‌ لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌ سكاڵاكانی په‌یوه‌ست به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ ده‌نگه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات.

یان كوبیش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ 17ی ئایار بڵاویكردۆته‌وه‌، ده‌ڵێت “كۆمسیۆن پێویسته‌ به‌زویی كاربكات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و سكاڵایانه‌ی تۆماركراوه‌ به‌ گوێره‌ی پێویست، ده‌ستبكات به‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی به‌شێكی ده‌نگه‌كان له‌ بنكه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌كاندا به‌تایبه‌تیش له‌كه‌ركوك”.

ناوبراو وتیشی “ئه‌و رێكارانه‌‌ گرنگن‌ بۆ پته‌وكردنی متمانه‌ به‌ پرۆسه‌كه‌ و هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان‌ به‌‌ئاماده‌بونی ته‌واوی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و به‌ شێوه‌یه‌كی رون ئه‌نجام بدرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌ی هه‌موو هاوكارییه‌كه‌ ئه‌گه‌ر پێویست بێت”.

هه‌‌روه‌ها داوای له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد كاربكه‌ن بۆ پاراستنی ئاشتی و پابه‌ندبون به‌ چاره‌سه‌كردنی هه‌ر كێشه‌یه‌كی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌رێگه‌ی شێوازه‌ یاساییه‌ به‌ركاره‌كانه‌وه‌.

ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان دوای ئه‌و ناڕه‌زایی و نیگه‌رانیانه‌ هات له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن و تۆمه‌تباركردنی لایه‌نێكی سیاسی به‌ یاریكردن به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.

ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، چوارشه‌ممه‌ 17-5 ئاشكرایكرد كه‌ 255 سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن تۆماركراون.

له‌ هه‌رێمی كوردستانیش شه‌ش لایه‌نی سیاسیی‌ ئه‌نجامه‌كانیان ره‌تكرده‌وه‌ و داوای دوباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنیان كرد.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری