ئه‌وه‌ی له‌ كامه‌ران به‌‌جێماوه‌

May 17, 2018 at 5:40 pm

فۆتۆگرافه‌ر كامه‌ران نه‌جم له‌ ساڵی 1987 له‌ كه‌ركوك له‌دایكبوه

كه‌ركوك ناو

گواستنه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كانی وڵات و وێرانكارییه‌كان بۆ كامه‌ران نه‌جم له‌سه‌ره‌تای كاری فۆتۆگرافیدا به‌س نه‌بون، به‌لای ئه‌و جوانییه‌كانیش له‌و وێرانكارییه‌ی عیراق به‌های گرنگی خۆی هه‌بوو.

کامه‌ران نه‌جم، له‌کاتی هاتنی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ عیراق (2003) ده‌ستی به‌ کاری فۆتۆگرافی کردوه‌. سه‌ره‌تای كاره‌كانی ده‌‌رباره‌ی ئه‌و توندوتیژییانه‌ بون که‌ دواتر رویانداو بووه‌ هۆی وێرانکردنی وڵات.

به‌ڵام کامه‌ران كه‌ له‌ ساڵی 1987 له‌ كه‌ركوك له‌دایك بوه‌، رازی نه‌بوو به‌وه‌ی عیراق به‌ ته‌نها وه‌ک ناوچه‌یه‌کی پڕ توندوتیژی پیشدان بدات. ئه‌و ده‌یویست رویه‌کی جیاوازتر پیشانی جیهان بدات.

هه‌ر بۆیه‌ ده‌ستیکرد به‌ دۆکیومێنتکردنی ژیانی رۆژانه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات، له‌ زنجیره‌چیاکانی قه‌ندیله‌وه‌، که‌ هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ تورکیا و ئێران، تا به‌نده‌ری به‌سره‌‌ که‌ به‌ ڕووی که‌نداوی فارسدا ده‌کرێته‌وه‌.

حه‌ز و توانای کامه‌ران بۆ بواری فۆتۆگرافی وایکرد چه‌ندین خه‌ڵات بباته‌وه‌ و کاره‌کانیشی له‌ گه‌له‌ری و مۆزه‌خانه‌کان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا نمایش بکرێن.

كامه‌ران نه‌جم خاوه‌نی چه‌ندین خه‌ڵاته‌و كاره‌كانی سه‌رتاسه‌ری جیهان نمایشكراون

ئه‌و  فۆتۆگرافه‌ره‌ زۆر ئاره‌زوی له‌ یارمه‌تیدانی هاوڕێ فۆتۆگرافه‌کانی بوو و له‌ ساڵی ٢٠٠٩دا به‌ هاوبه‌شی ئاژانسی مێترۆگرافیی دامه‌زراند، كه‌ یه‌که‌مین ئاژانسی فۆتۆگرافی-یه‌ له‌ عیراق، بۆ راهێنان و پشتگیریکردنی فۆتۆجۆرناڵیسته‌کان. فۆتۆگرافه‌رانی ئاژانسه‌که‌ کاره‌کانیان له‌ گۆڤاره‌کانی وه‌ک جیۆگرافیک، تایم، دێر شپیگڵ، بی بی سی، سی ئێن ئێن، نیویۆرک تایمز و چه‌ندان ده‌زگای نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی تر بڵاو کردوه‌ته‌وه‌ و بونه‌ته‌ خاوه‌نی چه‌ندین خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی

“ئه‌وه‌ی له‌ کامه‌ران به‌جێماوه‌” پێکدێت له‌ ٣٠ فۆتۆی کامه‌ران که‌ هه‌وڵه‌ جیاوازو مرۆڤانه‌کانی ده‌رده‌خات له‌ بواره‌که‌دا: سۆفییه‌ک له‌ نزیک پاڵاوگه‌یه‌کی نه‌وت، خێزانێکی خه‌مبار، شوێنه‌وا‌ری مێژوویی، منداڵان له‌ کاتی یاریکردن له‌سه‌ر شه‌قام.

دواین وێنه‌ی كامه‌ران نه‌جم به‌ر له‌ برینداریكردن و رفاندنی/ له‌ ١٢ی حوزه‌یرانی ٢٠١٤/ له‌ کاتی تۆمارکردنی ساته‌کانی شه‌ڕو پێکدادانی پێشمه‌رگه‌ و داعش له‌ نزیک گوندی مه‌لا عه‌بدوڵڵای سه‌ر به‌ پارێزگای که‌رکوک

ئه‌و عیراقه‌ی له‌ پێشانگاکه‌ ده‌یبینین عیراقێکه‌ خه‌مناک و دڵخۆش، هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند، پڕ له‌ وێرانکاری و بونیادنانه‌وه‌.

له‌ ١٢ی حوزه‌یرانی ٢٠١٤دا، کامه‌ران بریندارکراو و دواتر رفێندرا له‌ کاتی تۆمارکردنی ساته‌کانی شه‌ڕوپێکدادانی پێشمه‌رگه‌ و داعش له‌ نزیک گوندی مه‌لا عه‌بدوڵڵای سه‌ر به‌ پارێزگای که‌رکوک. كامه‌ران تا ئێستاش بێسه‌روشوێنه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن