چیرۆكی كوشتنی هێمن چۆن بوو؟
ئاهه‌نگی “سه‌ركه‌وتن”ی یه‌كێتی، پرسه‌ی خسته‌ ماڵێكه‌وه‌

May 17, 2018 at 10:25 pm

كه‌ركوك/15ی ئایاری 2018/ له‌ ئاهه‌نگێكی یه‌كێتی-دا منداڵێكی هه‌شت ساڵ به‌ناوی هێمن غه‌مگین گیانیله‌ده‌ستدا فۆتۆ: تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

کەرکوک – كه‌ركوك ناو

كاتێك ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پارێزگای كه‌ركوك راگه‌یه‌نرا، هێمن غه‌مگین (هه‌شت ساڵ) چوه‌ نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی باوكی و به‌ڕێكه‌وتن بۆ به‌شداریكردن له‌ ئاهه‌نگی “سه‌ركه‌وتن”ی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد هێمن ته‌رمه‌كه‌ی گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵ و فیشه‌كی به‌ركه‌وت.

چیرۆكه‌كه‌ چۆن بوو؟

ئۆتۆمبێله‌كه‌ی غه‌مگین (باوكی هێمن) چووه‌ نێو ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی له‌ گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه‌ی كه‌ركوك، له‌و گه‌ڕه‌كه‌ یاری ئاگرین و كه‌ژاوه‌ی ئۆتۆمبێل و ئاڵاو هوتافی حزبه‌كه‌ ‌شه‌قامه‌كه‌ی پڕكردبوو، ئه‌وه‌ش كه‌مێك دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان له‌ شه‌وی 15ی ئایار.

یه‌كێتیی به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان كه‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بڵاویكرده‌وه‌، به‌ 184 هه‌زار و 373 ده‌نگ له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌مدایه‌، ئه‌وه‌ش شه‌ش كورسی په‌رله‌مانی عیراق ده‌كات له‌ كۆی 12 كورسی كه‌ كێبڕكیی له‌سه‌ره‌ له‌پارێزگاكه‌.

باوكی هێمن، كه‌ لایه‌نگرێكی ئه‌و حزبه‌یه‌ له كه‌ناڵه‌كانی یه‌كێتی-یه‌وه‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ ده‌بینێت و له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌یی و سه‌رنشینێكی-تردا بۆ گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه‌ به‌ڕێده‌كه‌ون كه‌ زۆرینه‌ی دانشیتوانه‌كه‌ی كوردن.

به‌پێی شایه‌تحاڵه‌كان كه‌ (كه‌ركوك ناو) قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردون، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق به‌هه‌مه‌رێكی سه‌ربازی شه‌قامه‌كه‌یان گرتبوو داوایان له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ كردوه‌ ناوچه‌كه‌ جێبهێڵن و بڵاوی لێبكه‌ن، به‌ئامانجی په‌ره‌نه‌سه‌ندنی ئه‌و گرژیی و ئاڵۆزییانه‌ی له‌نێوان پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ هه‌یه‌ به‌هۆی ناڕه‌زایی هه‌ندێكیان له‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن.

یه‌كێك له‌ شاتحاڵه‌كان له‌ نزیك روداوه‌كه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌وكاته‌ی هێزه‌كان رێگاكه‌یان گرتبوو، ئۆتۆمبێلێك به‌ئاڵای یه‌كێتی-ه‌وه‌ به‌خێرایی هات و نه‌یزانی كه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان رێگاكه‌یان گرتوه‌ و گه‌یشته‌ نزیك هه‌مه‌ره‌ سه‌ربازییه‌كان”.

وتیشی “یه‌كێك له‌ سه‌ربازه‌كان به‌ قۆناغه‌ تفه‌نگ به‌ره‌و شۆفێری ئۆتۆمبێله‌كه‌ رۆیشت، ئه‌ویش په‌شۆكاو به‌خێرایی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی لێخوڕی، به‌ڵام ئۆتۆمبێله‌كه‌ له‌ده‌ستی وه‌رگرت و چوه‌ سایدی ئه‌وبه‌ر”.

ئه‌و شۆفێره‌ هێمن و باوكی و یه‌كێكی تری تێدابوو.

یه‌كێك له‌ سه‌ربازه‌كان به‌ قۆناغه‌ تفه‌نگ به‌ره‌و شۆفێری ئۆتۆمبێله‌كه‌ رۆیشت

شایه‌تحاڵه‌كه‌ وتی “له‌وكاته‌دا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ته‌قه‌یان به‌ئاسماندا كرد و یه‌كێكی تریان روه‌و ئۆتۆمبێله‌كه ته‌قه‌ی كرد‌، به‌هۆیه‌وه‌ هێمن گیانیله‌ده‌ستداو باوكیشی به‌ فیشه‌ك برینداربوو”.

تائێستا هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك هیچ رونكردنه‌وه‌كیان له‌سه‌ر ئه‌و روداوه‌ نه‌داوه‌، به‌ڵام ناڕه‌زایی هه‌ردوو پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان به‌رده‌وامه‌ له‌دژی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك و تۆمه‌تباركردنی یه‌كێتی به‌یاریكردن به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن.

هه‌رچه‌نده‌ داواكارییه‌كان تادێت چڕده‌بنه‌وه‌ بۆ هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كانی پارێزگاكه‌ به‌ده‌ست، به‌ڵام كۆمسیۆن تائیستا بڕیاری له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌و یه‌كێتیش تۆمه‌ته‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌.

ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌رچییه‌كبن، غه‌مگین خۆی كه‌وته‌ سه‌ر جێگاو كوڕه‌كه‌شی بۆ هه‌تاهه‌تایی له‌ده‌ستدا.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری