كه‌‌ركوكییه‌ك خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاندید ده‌كات

May 18, 2018 at 2:08 am

عومه‌ر به‌رزنجی، باڵیۆزی عیراق له‌ڤاتیكان خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆاری عیراق ده‌پاڵێوێت

كه‌ركوك ناو

عومەر بەرزنجی، باڵیۆزی عیراق لە ڤاتیکان وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق ده‌پاڵێوێت و ده‌ڵێت “سه‌رۆكی هه‌موو عیراقییه‌كان ده‌بم”.

عومەر بەرزنجی، له ساڵی 1960‌ له‌ شاری كه‌ركوك له‌دایك بوه‌ و له‌ پێكهاته‌ی كورده‌، له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا پێنجشه‌ممه‌ 17ی ئایار خۆ كاندیدكردنی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق راگه‌یاند.

“شەرەفمەندم وەک کاندیدی سەرۆک کۆماری عیراق خۆم دەناسێنم، بۆ ئەوەی پێکەوە دەست بە بنیادنانی عیراقمان بکەین لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی یەکێتی عیراق و سەروەرییەکەی، پارێزگاریی لە سیستمی دیموکراسی و فرەیی سەلامەتی خاک و ئاو و ئاسمانەکەی”، به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی كه‌ له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردۆته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت كه‌ لەژێر دروشمی “سەرۆکی هەموو عیراقییەکان و وەکو كه‌سایه‌تییه‌كی سەربەخۆ خۆم بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ده‌پاڵێوم”.

له‌ خولی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقیش له‌ ساڵی 2014، نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك و خه‌ڵكی شاره‌كه‌ خۆی بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندیدكرد، به‌ڵام دواتر له‌ ركابه‌رییه‌كه‌ كشایه‌وه‌ و فواد مه‌عسوم پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرت.

عومه‌ر به‌رزنجی یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانی 10 ساڵی رابردوی عیراق و ده‌یان پۆستی گرنگ و جۆراوجۆری له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتوه‌، له‌وانه‌ باڵیۆزی عیراق له‌ لوبنان، رۆمانیا و ئێستاش ڤاتیكان و به‌ یه‌كێك له‌ باڵیۆزه‌ سه‌ركه‌وتوه‌كان ناوده‌برێت.

هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌ك بریكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق بوه‌ و ئه‌و پۆستانه‌شی له‌سه‌ر پشكی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان وه‌رگرتوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ ناوبراو مه‌رجه‌ یاسایی و ده‌ستورییه‌كانی تێدایه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌، به‌ڵام له‌ سێ خولی رابردوی عیراق پۆسته‌ سیادییه‌كان له‌ نێویاندا پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌پێی رێككه‌وتنی لایه‌ن و پێكهاته‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان دابه‌شده‌كرا.

له‌ خولی یه‌كه‌م و دووه‌مدا جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری گشتی پێشوی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان له‌و پۆسته‌دا بوو، به‌ڵام له‌ خولی سێیه‌مدا فواد مه‌عسوم پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرت له‌سه‌ر پشكی كورد و یه‌كێتیی.

له‌ خولی سێیه‌مدا ركابه‌ری توند هه‌بوو بۆ ئه‌و پۆسته‌ له‌ناو كورد و یه‌كێتی-داو هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح جێگری سكرتێری پێشوی یه‌كێتی و نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌ش له‌ كێبڕكێدابون.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن