په‌رله‌مان تاوتوێی هه‌ڵبژاردن ده‌كات
عه‌بادی: هه‌ڕه‌شه‌ له‌ لێپرسراوانی كۆمسیۆن نه‌كراوه‌

May 18, 2018 at 10:43 am

دیاله‌، 10-5-2018، ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق له‌ خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

كه‌ركوك ناو

نوسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ئاشكرایده‌كات، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ره‌تیانكردۆته‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێكرابێت و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش بڕیاریداوه‌، له‌ دانیشتنێكدا تاوتوێی كێشه‌كان و قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردن بكات.

ئێواره‌ی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ نوسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیران له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ دوو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران دوای ئه‌وه‌ی قسه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌ دڵنیاییان داوه‌ هیچ هه‌ره‌شه‌یه‌كیان لێنه‌كراوه‌.

هه‌روه‌ها داوای له‌ كۆمسیۆن كردووه‌ هۆشیاربێت له‌ گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان به‌ وردبینی و ئاگادارییه‌وه‌، نه‌بێته‌ هۆی ئاڵۆزكردنی ئه‌و بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌ی هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌دێت كۆمسیۆن له‌ نوسراوێكدا سه‌رۆكوه‌زیرانی له‌ بونی هه‌ره‌شه‌ له‌سه‌ر دوو ئه‌ندامی كۆمسیۆن و كارمه‌نده‌كانیان له‌ كه‌ركوك ئاگادار كردۆته‌وه‌.

نوسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هه‌رچه‌نده‌ جۆری هه‌ره‌شه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام دوو ئه‌ندامه‌كه‌ی كۆمسیۆن ئه‌وه‌یان ره‌تكردۆته‌وه‌ و ئه‌ندامانی كۆمسیۆنیش له‌ كه‌ركوك له‌لایه‌ن دژه‌تیرۆره‌وه‌ ده‌پارێزرێن، هێزی زیاتریش ره‌وانه‌ی سنوره‌كه‌ كراوه‌.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ سه‌عید كاكه‌یی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران و خێزانه‌كه‌ی روبه‌روی هه‌ره‌شه‌ بۆته‌وه‌، به‌ڵام ناوبراو ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه‌و له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیشدا ره‌خنه‌ی له‌ كۆمسیۆن گرت و به‌ پێشێلكاری یاسا تۆمه‌تباری كردن، به‌هۆی پشتگوێخستنی سكاڵاو تانه‌ی حزبه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن.

ژماره‌یه‌ك حزب و قه‌واره‌ی سیاسی له‌ عیراق به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و پێیانوایه‌ به‌ پێی سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كانیان كراوه‌ له‌ قازانجی لایه‌نێكدا.

ئه‌و لایه‌نه‌ نارازییانه‌ داوای به‌ده‌ست هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان و به‌شێكیشیان دوباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌ڵام كۆمسیۆن داواكارییه‌كانیان ره‌تده‌كاته‌وه‌.

سه‌لیم جبوری، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ بانگهێشتی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كرد بۆ دانیشتنێكی نائاسایی، ئه‌وه‌ش به‌ ئاماده‌بونی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ له‌و دانیشتنه‌دا كه‌ بڕیاره‌ شه‌ممه‌ی داهاتوو 20-5 به‌رێوه‌بچێت له‌سه‌ر داوای ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار، تاوتوێی به‌رێوه‌چونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و كێشه‌كان و دۆخی كه‌ركوك ده‌كرێت.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، نزیكه‌ی 11 ملیۆن به‌ رێژه‌ی له‌ سه‌دا 44 به‌شداربوون، تائێستاش ئه‌نجامی كۆتایی پرۆسه‌كه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری