هاوڵاتیه‌ك به‌ ته‌قینه‌وه‌ی بۆمب كوژرا
حه‌شدی شه‌عبی: داقوق هێزی زیاتری پێویسته‌

May 18, 2018 at 12:38 pm

كه‌ركوك، 2013، گه‌ڕه‌كێكی ناوه‌ندی قه‌زای داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

هاوڵاییه‌كی كاكه‌یی له‌ داقوق كوژرا، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێنراوه‌وه‌ كه‌ به‌ وته‌ی فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، چه‌ندینجاره‌ روداوی هاوشێوه‌ دوباره‌بۆته‌وه‌ و پاراستنی ناوچه‌كه‌، پێویستی به‌ هێزی زیاتر هه‌یه‌.

به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 18-5 له‌ گوندی زه‌نقری قه‌زای داقوق له‌ پارێزگای كه‌ركوك، هاوڵاتییه‌ك به‌ناوی یونس حه‌مه‌لاو له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێنراو گیانی له‌ ده‌ستدا.

ئومێد حسین، فه‌رمانده‌ له‌ لیوای بابلیۆنی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ سنوری گونده‌كانی داقوق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هاوڵاتیی یوسن حه‌مه‌لاو به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێك كه‌ تیرۆریستانی داعش دایاننابوو شه‌هید بوو”.

گوندی زەنقر، ته‌واوی دانشتوانەكەی له‌ پێكهاته‌ی ئایینی كاكەیی-ن، به‌ دوری 15كم ده‌كه‌وێته‌ باشوری خۆرئاوی قەزای داقوق.

فه‌رمانده‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێت “ئه‌مه‌ چەندینجاره سنوری گوندەكانی كاكەیی لەلایه‌ن چەكدارانی داعشه‌وه‌ دەكرێنە ئامانج، لەماوی هەفتەیه‌كدا سێ بۆمبی چێنراو له‌ گوندی زەنقر ته‌قیوه‌ته‌وه‌، پێشتریش هاوڵاتییه‌ك به‌وهۆیه‌وه‌ برینداربوو، هه‌ر له‌م گونده‌ له‌ رابردودا مه‌زاری سه‌ید زێبار ته‌قێنرایه‌وه‌”.

ئومێد حسێن جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی “بەهۆی فراوانی پانتایی سنوره‌كەوه‌ پێویست به‌ هێزی زیاتر ده‌كات تا بتوانرێت قه‌زای داقوق كۆنترۆڵبكرێت”.

قەزای داقوق بەدووری 44كم دەكەوێتە باشووری ناوەندی كەركوك‌، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به‌ داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردودا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وتۆته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ چه‌ندین روداوی جیاواز له‌ سنوری داقوق تۆماركراون و دوایینجار شه‌وی 25-4، ده‌یان چه‌كداری داعش به‌ ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل چونه‌ته‌‌ نێو گونده‌كانی ناوچه‌ی هه‌فته‌غار (له‌ سێ گوند و 15 هه‌زار دانیشتوان پێكدێت) له‌و قه‌زایه‌، دوای كاتژمێرێك مانه‌وه‌ و هاتوچۆكردن و ئه‌ڵاهوئه‌كبه‌ر ‌ له‌نێو كۆڵان و شه‌قامه‌كاندا، به‌بێ هیچ توندوتیژیی و شه‌ڕێك گونده‌كه‌یان جێهێشت.

مه‌عن ساعدی، فه‌رمانده‌ی دژه‌تیرۆری عیراق له‌ كه‌ركوك دوای ئه‌و رووداوه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناتوانن بگه‌نه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سنوری داقوق به‌هۆی سه‌ختییه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ ده‌قۆزرێته‌وه‌ و دزه‌ ده‌كه‌نه‌ گونده‌كان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن
سه‌ره‌تا هه‌واڵ راپۆرت فۆتۆ به‌دواداچونی رۆژنامه‌وانی خزمەتگوزاری