كۆمسیۆن مه‌رجی هه‌یه‌ بۆ به‌ده‌ست هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان

May 18, 2018 at 2:01 pm

كه‌ركوك/ ناوه‌ندی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی نیسانی 2014 بۆ په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرایده‌كات، ئه‌وان رێكاری به‌ ده‌ست هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ره‌تناكه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ یاسایی و ده‌ستوریه‌كاندا بێت، به‌ڵام هیچ فشارێكی نایاسایی قبوڵناكه‌ن.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 18-5 له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ (كه‌ركوك ناو) نێردراوه‌ ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆن بڵاویكرده‌وه‌، به‌ده‌ست هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ره‌تناكه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌چوارچێوه‌ی یاسادابێت و داواده‌كه‌ن، لایه‌نه‌كان رێكاره‌ یاساییه‌كان بگرنه‌به‌ر.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر كۆمسیۆن جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی هیچ پاساو و پێویستییه‌ك نییه‌ بۆ به‌ ده‌ست هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان، وه‌كو هه‌ندێك لایه‌ن داوایانكردووه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی كۆمسیۆن یاسای هه‌ڵبژاردن پابه‌ندی كردون به‌ جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماری ئه‌لیكترۆنی له‌ پێناو خێراكردنی پرۆسه‌كه‌ و له‌ یاسای هه‌مواركراوی كۆمسیۆنیشدا، رێگاكانی سكاڵاو تانه‌دان رونكراونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی یاسای كاری كۆمسیۆن لایه‌نی زه‌ررمه‌ندی هه‌ڵبژاردن ده‌توانێت له‌ رۆژی ده‌نگدان سكاڵای هه‌بێت به‌پێی رێكاره‌ یاسایی و هونه‌رییه‌كان، كۆمسیۆنیش ته‌نیا ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سكاڵاكه‌.

رێگایه‌كی تر سكاڵای لایه‌نی زه‌ررمه‌نده‌كانه‌ له‌ بڕیاره‌كانی كۆمسیۆن له‌به‌رده‌م ده‌سته‌ی دادوه‌ری تایبه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌وكات بڕیاری دادگای فیدراڵی پێویسته‌ هه‌موان پێوه‌ی پابه‌ندبن.

كۆمسیۆن له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رونیكردۆته‌وه‌ ئه‌وان ناتوانن سه‌یری دۆسیه‌ی تایبه‌تی و په‌رله‌مانتارانی زه‌ره‌مه‌ند و ئه‌و لایه‌نانه‌ بكه‌ن چوارچێوه‌ یاساییه‌كان له‌به‌رچاو ناگرن، له‌ كاتێكدا “ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌یه‌ك دوری له‌ هه‌موان بوه‌ستین و به‌ میهه‌نی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مو سكاڵاكاندا بكه‌ین كه‌ له‌چوارچێوه‌یه‌كی یاسایدا پێشكه‌شكراون”.

داوا له‌ لیست و كاندیده‌كان ده‌كات پابه‌ندی یاسا و ده‌ستور بن، رێكاره‌ یاساییه‌كان بگرنه‌به‌ر بۆ تانه‌كانیان، چونكه‌ كۆمسیۆن هه‌موو فشارێك ره‌تده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ یاسا و ده‌ستوردا نه‌گونجێت.

شه‌ش لایه‌نی سیاسی كوردی و چه‌ند لایه‌نێكی تری عیراقی، له‌رێی سكاڵا و تانه‌كانیانه‌وه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا داوایانكردووه‌ به‌شێك له‌ ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست هه‌ژماربكرێنه‌وه‌، چونكه‌ پێیانوایه‌ ده‌ستكاری ژماره‌ و رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان كراوه‌.

ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ناكۆكی له‌ناو كۆمسیۆنیشدا دروستكردووه‌ و سه‌عید كاكه‌یی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا باسی له‌وه‌كرد به‌پێچه‌وانه‌ی یاساوه‌ داواكاری لایه‌نه‌كان بۆ به‌ده‌ست هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ و داوایكرد بۆ نه‌هێشتنی گومانه‌كان، ئه‌و هه‌نگاو بنرێت.

ئه‌وه‌ش‌ له‌ كاتێكدابوو پێشتر كۆمسیۆن بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌و ئه‌ندامه‌یان روبه‌روی هه‌ره‌شه‌ بۆته‌وه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ كۆنگره‌ی كردووه‌، به‌ڵام كاكه‌یی ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هه‌ره‌شه‌ی له‌سه‌ربێت و نوسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانیش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌وه‌ی هیچ هه‌ره‌شه‌یه‌ك له‌ لێپرسراوانی كۆمسیۆن نه‌كراوه‌، دوای به‌دواداچونیان له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران.

كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان تائێستا ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراقی رانه‌گه‌یاندووه‌ و ئه‌و لایه‌نانه‌شی گومانیان له‌ ئه‌نجامه‌كان هه‌یه‌ به‌ رێگه‌ی جیاواز درێژه‌ به‌ ناڕه‌زاییه‌كانیان ده‌ده‌ن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن