ئاسایشی نیشتیمانی بەڕێوه‌بەری ناحیەی جەلەولای ده‌ستبه‌سه‌ركرد

May 22, 2018 at 3:30 pm

یه‌عقوب لهێبی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد

یه‌عقوب لهێبی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا له‌لایه‌ن ئاسایشی نیشتیمانی عیراقه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌كرا، ئه‌وه‌ش به‌تۆمه‌تی به‌شداریكردن له‌ روخاندنی خانوه‌كانی گه‌ڕه‌كی ته‌جنیدو  زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكی ده‌وڵه‌ت.

زاهد تاهیر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە (کەرکوک ناو)ی وت “یه‌عقوب لهێبی تۆمه‌تباركراوه‌ به‌چه‌ند دۆسیه‌یه‌ك له‌وانه‌ بەشداریکردن لە روخاندنی خانوه‌كانی گەڕەکی تەجنید و زیادەڕۆییكردن لەسەر موڵکی گشتی، بۆیە دوشه‌ممه 21ی ئایار‌ چۆته‌ به‌عقوبه‌ – مه‌ڵبه‌ندی پارێزگای دیاله‌- و خۆی راده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كردوه‌”.

به‌ڵام سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی ناحیەی جەلەولا بە (کەرکوک ناو)ی وت “بەڕێوه‌بەری ناحیەی جەلەولا بەمەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ پارێزگای دیالە سەردانی به‌عقوبەی کردوە، بەڵام پاش کۆبونەوه‌كه‌ لەلایەن ئاسایشی نیشتمانیی عیراقه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌”.

یه‌عقوب لهێبی له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناحیه‌ی جه‌له‌ولا له‌ژێر ده‌ستی داعش له‌ مانگی11ی 2014، له‌لایه‌ن یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان-ه‌وه‌ كرایه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌.

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك له‌وانه‌ش جه‌له‌ولا له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردو پاشه‌كشێی هێزه‌ كوردییه‌كان، عه‌ره‌به‌كانی ناحییه‌كه‌ سكاڵایان دژی یه‌عقوب لهێبی به‌رزكرده‌وه‌ و به‌ به‌شداریكردن له‌ تێكدانی گه‌ڕه‌كی ته‌جنید تۆمه‌تباریان كرد كه‌‌ دانیشتوانه‌كه‌ی عه‌ره‌بن.

گه‌ڕه‌كی ته‌جنید زۆرترین پێكدادانی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و چه‌كدارانی داعش به‌خۆوه‌بینی له‌ 2014، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان به‌ پشتیوانی داعش تۆمه‌تباركردو تا 16ی ئۆكتۆبه‌ریش زۆرینه‌یان بۆیان نه‌بوو بگه‌ڕێنه‌وه‌ جه‌له‌ولا.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن