تانه‌و گومان و ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، گه‌مارۆی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن ده‌دات

May 25, 2018 at 11:15 am

كه‌ركوك، 12-5-2018، ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

یاسین ته‌ها

دووه‌م دانیشتنی نائاسایی په‌رله‌مانی عيراق له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن، رێژه‌ی یاسایی ته‌واونه‌کردو دواخرا بۆ کاتێکیتر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م دانیشتنه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێک په‌رله‌مانتاره‌وه‌ خرایه‌ڕوو، گومانه‌کانی له‌سه‌ر پڕۆسه‌که‌ قوڵترکرده‌وه‌و به‌دواشیدا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کۆمه‌ڵێک بڕیاری بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌ گومان و به‌ڵگه‌کانی ساخته‌کاریی ده‌رکرد که‌ دۆسییه‌که‌ به‌کراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه تا کاتێکی نادیار.

نزیکەى ١١ ملیۆن عیراقى بەجۆش و خرۆشەوە لە هەڵبژاردنێکدا بەشداربون کە بڕیاربوو “زەماوەندى دیموکراسى”بێت لەسەرانسەرى وڵات کە لەدەستورەکەیدا سیستمى پەرلەمانى کردوەتە بنەما، بەڵام بەرزبونەوەى به‌رده‌وامی دەنگى ناڕەزایی و ئەو شەپۆلە گومان و سکاڵایەى تا ئێستا بەدواى پرۆسەکەوەیە، باڵى بەسەر لایەنە گەشەکانى ئەم وێستگە دیموکراسیە گرنگەدا کێشاوه‌ و رۆژ له‌ دوای رۆژ وه‌ک تۆپه‌ به‌فرینه‌ گه‌وره‌تر ده‌بێت‌.

هەرچەندە هەڵبژاردنەکەى ١٢ ئایاری ٢٠١٨، پێنجه‌م پڕۆسه‌ی هاوشێوه‌یه‌ له‌ عیراق له‌گه‌ڵ ریفراندۆمی ده‌ستور و دەبوایە بەپێى ئەزمونى کەڵەکەبوى ئەم بوارە لەڕوى رێکخستنەوە لەوانیتر باشتر بوایە، بەڵام رێوشوێن و شێوازى ئەنجامدانەکەى بەردەوام جێگەى تانەو تەشەرن و لەچەند لایەکیشەوە هەوڵ هەیە تا ئەگەر بکرێت هەڵبوەشێنرێتەوە و لەجێگەیدا هەڵبژاردنێکى بێگەردتر ئەنجامبدرێت، که‌ ئه‌مه‌ش ئاماژە‌یه‌کی خراپی ناجێگیری سیاسییه‌ و ئه‌گه‌ر سه‌ربگرێت دەبێته‌ پێشینه‌ بۆ داهاتوو.

گومانه‌کان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌وکاته‌وه‌ چڕبونه‌وه‌ که‌ گومانی هاککردن و ده‌ستکاریکردنی ئامێره‌کان وروژێنرا، به‌دواشیدا، سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیران ئەندامانى کۆمسیۆنى هەواڵەى دەستەى دەستپاکى کرد، چونکە پێشتر گرێبەستیان نەکردبوو بۆ پشکنین و چێککردنەوەى ئامێرە زیرەکەکانى ده‌نگدان.

ئەم ئامێرانە کە یەکەمجارە لە هەڵبژاردنەکانی عیراقدا بەکاربێن، لەسەر داوا و خواستى یاساى هەڵبژاردن له‌ڕێی کۆمپانیایه‌کی کۆریای باشورەوە‌ هاورده‌کراون بەئامانجى خێراترکردنى راگەیاندنى ئەنجامەکان، بەڵام سەربارى ئەوەى 133 ملیۆن دۆلاریان تێچووە، کەچى راگەیاندنى ئەنجامەکان هەفتەیەکى رێک کەوتنە دواى دەنگدان و له‌کاتی پڕۆسه‌که‌شدا چه‌ندین که‌موکورتی ته‌کنیکی تێبینی کران که‌ تێکڕا ده‌رگایان واڵاکرد بۆ شەپۆلێک رەخنەو گازندەو تۆمەت لەبارەى دەستکاریکردنى دەنگەکان و گۆڕینیان بۆ هەندێک لیست و کاندید لەبەرژەوەندى هەندێکیتریان، ئەمەش متمانەى دەنگدەرانى بەپرۆسەکە لاوازکرد بە بەڵگەى ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنانه‌ی لە که‌رکوک و به‌رده‌م ناوچه‌ی سه‌وزی بەغداى پایتەخت و پارێزگاکانى موسەننا، بەسڕەو نەجەف بەڕێوەچون.

نه‌ینه‌وا، 12-5-2018، به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

بەر لەهەڵبژاردنەکە کۆمسیۆن هەموو دڵنیاییەکى دایە دەنگدەران لەبارەى دروستى و ئامادەیی رێوشوێنەکان، بەڵام لەئەنجامدانى پرۆسەکەدا چەندین گرفت و لەمپەر دەرکەوتن کە هەموو ئەو گەشبینیانەى بەتاڵکردەوە که‌ له‌سه‌ر سازکردنی هەڵبژاردنێکى بێ گرفت هه‌ڵچنرابون، تەنانەت ”عادل لامی“سەرۆکى یەکەم کۆمسیۆنى هەڵبژاردن لەعێراقى پاش (٢٠٠٣)، رایگەیاند لەبەر لاوازى مەشق و ئامادەکاریی کارمەندەکان دەنگى خودى سەرۆک وەزیران، حەیدەر عەبادى ئەژمارنەکراوە، چونکە کارتى دەنگدانەکەى بەسەرەوخوار خستۆتە ناو سندوقى دەنگدان و ئامێرى جیاکردنەوەى دەنگدان نەیخوێندۆتەوە.

رەخنەکان لەبەڕێوەچونى ئەم هەڵبژاردنە تەنها لەئامادەکارییه‌کان و له‌گرفته‌کانی رۆژى دەنگداندا نییە، بەڵکو دواى راگەیاندنى ئەنجامەکانیش گلەیی و گازندەى زۆر لەڕێوشێنەکان هەن، لەوانەش وەڵامنەدانەوەى سکاڵاو تانەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە، داخستنى دەرگا بەڕوى قەوارە سیاسییەکان و ته‌نانه‌ت لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌کانی سۆراغکردنیش، بەپێى راگەیەنراوێکى جێگرى دوەمى سەرۆکى پەرلەمان ئارام شێخ محەمەد و بانگه‌وازێکی ده‌نگیی بڕیارده‌ری لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ عادل نوری که‌ ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌ بڵاوی کرده‌وه‌.

 وەڵامنەدانەوەى سکاڵاو تانەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە، له‌گه‌ڵ داخستنى دەرگا بەڕوى قەوارە سیاسییەکان و ته‌نانه‌ت لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌کانی سۆراغکردنیش ره‌خنه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ زیاتر كرد

جگە لەوەش پاش تێپەڕبونى نزیکەى دوو هەفتە بەسەر هەڵبژاردندا ئینجا کۆمسیۆن پڕۆسه‌ی راده‌ستکردنی کۆپى نوسخەى ئەلەکترۆنى دەنگدانى لەناو (Hard Disk)ی به‌ قه‌واره‌و لیسته‌کانی هه‌ڵبژاردن راگه‌یاند، لەکاتێکدا هەر بەبڕیارى ئەم ده‌زگایه‌ کە لە ٢٢ نیسانى ابردودا دەریکردووە “ژمارە 6” دەبوو لە ماوەى ٧٢ کاتژمێردا رادەستى بکردنایە، ئەمەش بێهوایی و گومانه‌کانی ده‌ستکاریی له‌سه‌ر پڕۆسه‌که‌ زیاترو زیاتر دەکات.

پاش ئه‌و شه‌پۆله‌ گەورەیه‌ی ناڕه‌زاییش، ئه‌نجومه‌نی کۆمسیارانی کۆمسیۆن هەڵوەشاندنەوەى 103  وێستگەى دەنگدانى راگەیاند لە پارێزگاکانى ئەنبار، نەینەوا، سەلاحەدین، بەغداو هەولێر، جگەلەوەش بەردەوامى بەدواداچونى بۆ 1436 تانەو سکاڵا لە دەنگدانى تایبەت و هەندەران و گشتیدا راگەیاند، بەڵام ئەو هەڵمەتە ناڕەزاییەى لەپرۆسەى هەڵبژاردنى ئەمدواییە هەیە زۆر گەورەترە لەو رێوشوێنە سنوردارانەو له‌ دانیشتنی پێنجشه‌ممه‌ی راوێژکاریی په‌رله‌ماندا مشعان جبوری باسی له‌بونی به‌ڵگه‌ی ڤیدیۆیی کرد له‌سه‌ر سه‌واو مامه‌ڵه‌ی فرۆشتنی بنکه‌کانی ده‌نگدان له‌ ئوردن و سوریا، به‌ر له‌م په‌رله‌مانتارانه‌ش که‌ گه‌شتنه‌ نزیکه‌ی 140 ئه‌ندام، ئەندامێکى ئەنجومەنى کۆمسیاران به‌ناوی سه‌عید کاکه‌یی له‌ هاوڕێکانى جیابویه‌وه‌و لەچەند بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنى و له‌ڕێی فه‌یسبوکی خۆیه‌وه‌ کۆی پرۆسەکەى خستەژێر گومان و جەختیکردەوە ئەو فلاشانەى ئەنجامەکانى تێدا بوە و ژماره‌یان (52936) فلاشه، له‌م ژماره‌یه‌ش‌ (10653) یان نوقسان و ونبون، ئه‌وانه‌ش بەزۆریی به‌سه‌ر پارێزگاکانى ئەنبار، نەینەوا، هەولێر، سلێمانى، دهۆک و کەرکوکدا دابه‌شبون‌.

به‌ قسه‌ی کاکه‌یی تەنها لەکەرکوکدا لەکۆى 90%ی ئه‌نجامه‌ راگەیەنراوه‌کان 12%  فلاشەکان بەدروستى گەیشتونەتە بەغدا، بەجۆرێک لەکۆى (2146) فلاشى ئەنجامەکانى کەرکوک (1887) یان بەنوقسانی گەشتونەتەوە بارەگاى سەرەکى کۆمسیۆن له‌ پایته‌خت، له‌سه‌ر ئه‌م قسانه‌شی ناوبراو به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی کۆمسیاران، بۆ ماوەى 60 رۆژ له‌ کاره‌که‌ی دورخرایه‌وه‌و هەواڵەى لێکۆڵینەوە کرا. ناوبراو جگە لە کێشەى فلاشەکان باسى لەوەکردبوو ئامێرى بەراوردى پەنجەمۆر بونى نەبووە لەهەڵبژاردن کە دەرگاى ساختەکاریی واڵا دەکات لەگەڵ نەبونى کۆد بۆ سێرڤەرى ناوه‌ندیی کە دەرگا بۆ هاکدەکاتەوە، ئەمەش ئەوەندەیتر قەبارەى گومانەکان له‌سه‌ر پرۆسه‌که‌ زیاتر ده‌کات‌.

كه‌ركوك/12ی ئایاری 2018/ ژنێك دوای ده‌نگدانی له‌یه‌كێك له‌ ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

‌ لەهەندێ ناوچەى كۆنترۆڵكراوی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا وەک ناوچەى ئێزیدییەکان لەنەینەوا، دەنگدەرێکى زۆرى ئێزدى بەپرۆشەوە چون بۆ دەنگدان، بەڵام به‌هۆی ئاڵۆزی رێوشوێنه‌کانه‌وه‌و لەکۆتاییداو بۆ یەکەمجار لەپاش 2003  شارۆچکه‌ی شەنگال کە سیمبولى کارەساتی ئێزیدییەکانە بەبێ نوێنەر لەهەڵبژاردن مایه‌وه‌.

ڤیان دەخیل کە ژنە پەرلەمانتارێکى ئێزیدیى نەینەوایە کۆمسیۆن بە بەرپرس دەزانێت لەم حاڵەتە بەهۆى پەیڕەوکردنى دەنگدانى مەرجدارو فەوتانى دەنگى ئاوارەکانى شەنگال کە تا ئێستا 80%یان لەخێوەتگاکاندان و ئه‌مه‌ی به‌بێ هیوایی بۆ ئێزیدییه‌ لێقه‌وماوه‌کان له‌قه‌ڵه‌مدا.

زۆرێک لەچاودێران و له‌ نێویشیاندا به‌یاننامه‌کانی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئێستای په‌رله‌مان پێیانوایە ئەوەى لەم هەڵبژاردنەى دواییدا رویدا، جێکەوتەو ئاسەوارى خراپ بەجێدەهێڵێت لەسەر متمانەى خەڵک بەگۆڕانکارى لەڕێگەى دەنگدانەوە، جگەلەوەش لە کەرکوک و دەشتى نەینەوا متمانەى شڵۆقى نێوان پێکهاتەکانى خستەبەردەم مەترسى، ئەمەش رەنگە ببێتەهۆى بایکۆتکردنى زیاترى پرۆسەى دەنگدان پاش بێهوایی زۆری خەڵک لە دروستى رێوشوێنەکانى دەنگدان، ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدا وڵات به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێکیتر ده‌ڕوات که‌هی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانه‌.

مه‌ترسییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م هەڵبژاردنە جێکەوتەو ئاسەوارى خراپ بەجێبهێڵێت لەسەر متمانەى خەڵک بەگۆڕانکارى لەڕێگەى دەنگدانەوە

لە ساڵى 2010 نزیکەى 62% دەنگدەرانى عیراق بەشداربون لەپرۆسەی ده‌نگدان، به‌ڵام لە 2014دا دابەزى بۆ %60 و لە 2018 هاته‌خواره‌وه‌ بۆ کەمتر لە %45، لە بەغداى پایتەختیش رێژه‌ی به‌شداریی %33 تێپەڕ نەکردوە، بەجۆرێک لەکۆى نزیکەى 6 ملیۆن دەنگدەر دەوروبەرى ته‌نیا یه‌ك ملیۆن و 900 هەزار کەس چون بۆ ده‌نگدان و هه‌موو ترس و نیگه‌رانییه‌که‌ لەسەر ئەوەیە ئەم بێیهواییەى ئیستا لەپرۆسەى دیموکراسى درێژە بکێشێت بۆ هەڵبژاردنە لۆکاڵییەکەى کۆتایی ئەمساڵ.

له‌دوا دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا که‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی و موخابه‌رات و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و دیوانی چاودێری دارایی به‌ڕێوه‌چوو، کۆمسیۆن په‌یوه‌ستکرا به‌ راده‌ستکردنی ئه‌نجامه‌ ئه‌له‌کترۆنییه‌کانی ده‌نگدان به‌ قه‌واره‌کان، هه‌ر له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌شدا که‌ هه‌ندێک پسپۆڕ ئاماده‌ی بون، نه‌بونی گره‌نتی هاککردنی سیستمه‌‌‌ ئه‌له‌کترۆنییه‌که‌ پشتڕاستکرایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ زه‌روره‌تی وه‌رگرتنی سکاڵاکانی لیسته‌كان و پێکهێنانی لیژنه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌ن بۆ تاوتوێی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن و ئه‌و پێشێلکارییانه‌ی که‌ باسده‌کرێن.

ئەو لیژنەیەی عەبادی دروستیکردوە بۆ بەدواداچونی هەڵبژاردنەکان زۆربەی دەزگا بەشداربوەکانی له‌ دامودەزگای ئەمنی و موخابه‌رات پێکدێن و بنه‌مای کارکردنیان لەسەر زانیاری نهێنییە.

هه‌ندێك یاساناس باس له‌وه‌ ده‌که‌ن لیژنه‌که‌ بۆیان هه‌یه‌ ناوی سەرچاوەکانیان نەهێنن، هه‌روه‌ها بۆیان هەیە لە کوێ بیانەوێت بەدواداچون بۆ ئەو زانیارییانە بکەن و لەگەڵ کێدا بیانەوێت لێکۆڵینەوە بکەن و بەپێی کۆنوسی بڕیارەکەش دەبێت کۆمسیۆن هەموو زانیارییەکان بخەنە بەردەستیان و بۆشیان هەیە وردبینی هەموو شتێکی کۆمسیۆن بکەن بە سیستمە ئەلکترۆنیەکە و سه‌رجه‌م ئامێره‌کانیشه‌وه‌.

لیژنه‌كه‌ی عه‌بادی پێكیهێناوه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆیان هه‌یه‌ له‌ كوێ بیانه‌وێت به‌دواداچون بكه‌ن

به‌ قسه‌ی هه‌ندێک له‌وانه‌شی حه‌یده‌ر عه‌بادییان دیوه‌ له‌ پێنجشه‌ممه‌دا ده‌شێت له‌به‌ر رۆشنایی لێکۆڵینه‌وه‌کان هه‌موو یان به‌شێک له‌ ئه‌نجامه‌کانی ده‌نگدان‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و ئه‌مه‌ش به‌ر له‌ گۆڕینی ریزبه‌ندیی لیسته‌کان و کاندیده‌کان پڕۆسه‌که‌ زیاتر له‌که‌دارده‌كات.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن