داعش له‌ داقوق خانه‌خوێیه‌ و كاكه‌یی ئامانجەکەیە

June 5, 2018 at 11:16 am

كه‌ركوك/ئایاری 2018/ گوندی زه‌نقه‌ره‌ی كاكه‌یینشین فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

سه‌ید غالب وه‌لی (70ساڵ) له‌ مانگی ئایاردا ماڵه‌كه‌ی له‌ گوندی زه‌نقه‌ر‌ له‌ داقوق كۆكرده‌وه‌ و گونده‌كه‌ی جێهێشت، دوای ته‌قینه‌وه‌ی چوار بۆمبی چێنراو و هاتوچۆی به‌رده‌وامی چه‌كدارانی داعش بۆ ناو گونده‌كه ‌و هه‌ڕە‌شه‌كردن لە دانیشتوانی ناوچەکە.

سه‌ید وتی “مانه‌وه‌م له‌ زه‌نقه‌ر واتای مردن بوو، به‌ڵێ زێدی خۆم بوو‌، به‌ڵام ژیانمان له‌ مه‌ترسیدا بوو‌، رۆژێك داعش ده‌هاتنه‌ ناو گونده‌كه‌وه‌ و هه‌ڕەشه‌یان ده‌كرد، رۆژێك بۆمبیان ده‌چاند و خه‌ڵك پێوه‌ده‌بوو، بۆیه‌ به‌ناچاری هاتمه‌ داقوق”.

زه‌نقه‌ر‌ و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ كاكه‌یینشینن، روبه‌ڕوی هه‌ڕە‌شه‌ی چه‌كدارانی داعش بونه‌ته‌وه‌ و چالاكی ئه‌و گروپه‌ له‌ناوچه‌ كاكه‌یینشینه‌كان لە چەند مانگی رابردودا زیادیكردوه‌.

ده‌نگی ئه‌ڵاهوئه‌كبه‌ر، هۆڕنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیله‌كانی داعش له‌ شه‌وی 25ی نیسانی ئه‌مساڵ گوندی حه‌فته‌غاری له‌ داقوق پڕكرد، كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی كاكه‌یین، دیمه‌نه‌كه‌ له‌و رۆژە‌ ده‌چوو كه‌ بۆیه‌كه‌مجار داعش چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گه‌یشته‌ كه‌ركوك.

ئه‌و دیمه‌نه‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی ورده‌ ورده‌ كۆچی كاكه‌ییه‌كان ده‌ستپێبكات، هه‌ڕە‌شه‌ و كردنه‌ ئامانجی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌ باشوری كه‌ركوك په‌ره‌یسه‌ندوه‌ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ فراوانبونی جموجۆڵی داعش له‌ گوندنشینه‌ كاكه‌ییه‌كان.

كاكه‌ییەکان كه‌ زۆرینه‌یان له‌ گونده‌كانی داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك نیشته‌جێن)، له‌دژی پاشماوه‌كانی داعش داوای هاوكاریی به‌په‌له‌ ده‌كه‌ن.

كه‌ركوك/ هاوڵاتییه‌كی پێكهاته‌ی كاكه‌یی له‌به‌رده‌م گوندێكی كاكه‌یینشین له‌ قه‌زای داقوق به‌ر له‌ هاتنی داعش بۆ عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سه‌ردار ئه‌رجمان ئاغا، سەرۆکی عەشیرەتی کاکەیی لە عیراق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “خه‌ریكه‌ هه‌ڕە‌شه‌كه‌ له‌سه‌ر پێكهاته‌ی كاكه‌یی زیاتر ده‌بێت، له‌ ڕۆژی دەنگداندا (12ی ئایار) داعش به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی گوندنشینانی کاکەیی له‌ كه‌ركوك بەشداری هەڵبژاردنه‌كان نه‌كه‌ن، بۆمبی چێنراویان له‌سه‌ر رێگا سه‌ره‌كییه‌كان داناو به‌هۆیه‌وه‌ كوژرا و بریندارمان هه‌بوو، به‌ڕاستی ژیانی رۆڵه‌كانمان له‌ مه‌ترسیدایه”.

به‌وته‌ی سه‌ردار ئاغا، له‌چه‌ند رۆژی داهاتودا كه‌سایه‌تییه‌كانی كاكه‌یی كۆده‌بنه‌وه‌ و بڕیارێك له‌سه‌ر ژیانی رۆڵه‌كانیان ده‌ده‌ن له‌ سنوری داقوق، “ده‌مانه‌وێت تیمێک دروستبكه‌ین بۆ سه‌ردانی لێپرسراوانی حكومیی و ئه‌منی بۆ ئه‌وه‌ی هێز ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ ژیانی رۆڵه‌كانمان خۆشده‌وێت و هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرین”.

بڵاوبونه‌وه‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌ 25ی نیسان كه‌ تیایدا داعش به‌ ده‌مانچه‌ دوو هاوڵاتی كاكه‌یی ده‌كوژن، مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئه‌و پێكهاته‌ كاكه‌ییه‌ی زیاتر كرد؛ ئه‌و دوو كه‌سه‌ پێنج مانگ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ سنوری داقوق رفێنران.

ره‌جه‌ب عاسی کاکەیی، لێپرسراوی رێخراوی میرپا بۆ پەرەپێدان و رۆشنبیرى ئایینی یارسانی، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بارودۆخی ئه‌منی گونده‌ كاكه‌یینشینه‌كان رۆژ دوای رۆژ خراپتر ده‌بێت، بۆشایی ئه‌منی له‌ ناوچه‌كه‌ دروستبوه‌ و کاکەییەکان بونەتە ئامانجی سەره‌کی گروپه‌ توندڕە‌وه‌كانی وەک داعش”.

بارودۆخی ئه‌منی گونده‌ كاكه‌یینشینه‌كان رۆژ دوای رۆژ خراپتر

به‌بڕوای ره‌جه‌ب كاكەیی، “كوردبون و ئاینی تایبه‌ت به‌خۆیان هۆكاری كردنه‌ ئامانجیانه‌”.

كاکەییەکان لەچەندین ناوچه‌ی عیراق و هه‌رێمی کوردستان بڵاوبونەتەوە، بە زۆرى لە پارێزگاى کەرکوک، قه‌زای هەڵەبجە له‌ پارێزگای سلێمانی، هه‌روه‌ها قەزاى قەرەقوش له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، له‌ پارێزگای هه‌ولێر، له‌ قه‌زای خانەقین و مەندەلى و جەلەولا له‌ پارێزگای دیاله‌، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەیان لە سەرتاسەرى عیراقدا بە 100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت.

وێنه‌ی ئەرکان رۆستم ئیبراهیم (حاجی ئەحمەد سویدی) و نور بەهجت موبارک كه‌ 25ی ئایاری 2018 ڤیدیۆی كوشتنیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌

ئه‌و پێكهاته‌یه‌ هاوشانی كه‌مینه‌كانی تری وه‌ك توركمان، كریستیان، ئێزیدیی روبه‌ڕوی پێشێلكاریی و راوه‌دونان بونه‌وه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی رێكخراوی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 بۆ كۆتایی 2017، هه‌ندێك له‌ خێزانه‌كانیان هێشتا له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین.

دۆخی ئێستا‌ بۆ كاكه‌ییه‌كانی داقوق، كه‌ حه‌وت گوند له‌خۆده‌گرێت، له‌هه‌مان دۆخی 2014 ده‌چێت كاتێك داعش بۆیه‌كه‌مجار قه‌زای حه‌ویجه‌ی له‌ كه‌ركوك كۆنترۆڵكرد و به‌ره‌و داقوق پێشڕەویکرد.

ئازاد ره‌شید، ئەنجومەنی گوندی زەنقه‌ر به‌(کەرکوک ناو)ی وت “وەک دانیشتوانی زه‌نقه‌ر بڕیارمانداوە ئه‌گەر لە ماوه‌یه‌کی نزیکدا هێزی پێویست بۆ ناوچەکەمان رەوانەنەکرێت گوندەکەمان چۆڵ بکەین، چونكه‌ داعش رۆژانه‌ هه‌ڕە‌شه‌ده‌كات و تاكه‌ رێگه‌ خۆپاراستن یان ئاواره‌ییه‌”.

به‌پێی ئامارێكی ئه‌نجومه‌نی گونده‌كه‌ له‌ماوه‌ی 10 رۆژی رابردودا چوار بۆمبی چێنراو له‌نێوان گونده‌كانی كاكه‌یی ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌ و كوژراوو بریندار هه‌بووە‌.

ئازاد ره‌شید وتی “له‌كۆی 82 خێزان له‌ گونده‌كه‌مان 20 خێزان به‌ره‌و داقوق و كه‌ركوك چۆڵیان كردوه‌”.

هێشتا هیچ بڕیارێك نییه‌ بۆ ره‌وانه‌كردنی هێز بۆ ناوچه‌ كاكه‌یینشینه‌كان، ئومێد حه‌سه‌ن، فه‌رمانده‌ له‌ لیوای بابلیۆنی حەشدی شه‌عبی بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی “داعش ته‌نانه‌ت ده‌چنه‌ ناو گونده‌كان و چالاكی ده‌كه‌ن”.

داعش ته‌نانه‌ت ده‌چنه‌ ناو گونده‌كان و چالاكی ده‌كه‌ن

لیوای بابلیۆن كه‌ له‌ناوچه‌ی داقوقن ئه‌ركیان پاراستنی ئاساییشی ناوچه‌كه‌یه‌، ئومێد حه‌سه‌ن وتی “ناتوانین بەته‌واوی كۆنترۆڵی ناوچەکە بکەین، چونکە ناوچەیه‌کی فراوانە، پێش 16ی ئۆكۆتۆبه‌ر و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ كه‌ركوك سێ لیوای پێشمه‌رگه‌ی لێبوو”.

لیوای بابلیۆن داوای له‌ فه‌رمانده‌یی پۆلیسی فیدراڵی كردوه‌ هێزی زیاتریان بۆ ره‌وانه‌بكه‌ن. کاکەییەکانی داقوق جارێکی تر لە دووڕیانی مانەوە و خۆپارستن یان شەپۆلیکی تری ئاوارەیی، چاوەڕێی رێکاری ئەمنی دەستبەجێ دەکەن.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن