ناڕە‌زایی گه‌یشتۆته‌ نێو ماڵی یه‌كێتی-یش
كاندیده‌ ده‌رنه‌چوه‌كانیان “به‌دوای ده‌نگه‌كانیاندا ده‌گه‌ڕێن”

May 31, 2018 at 3:04 pm

كه‌ركوك/ئایاری 2018/ به‌شێك له‌ كاندیده‌كانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌ ئاهه‌نگی راگه‌یاندنی لیسته‌كه‌یان فۆتۆ: pukmedia

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

ناڕە‌زایی له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كه‌ركوك نێو ماڵی یه‌كێتی گرته‌وه‌ و كاندیده‌ ده‌رنه‌چوه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی ئۆرگانه‌ ره‌سمییه‌كانی حزبه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌نگی “راسته‌قینه‌”ی خۆیان بزانن، بۆ ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕێی وه‌ڵام ده‌كه‌ن.

ژماره‌یه‌ك له‌ كاندیده‌ ده‌رنه‌چوه‌كان تائێستا زیاتر له‌ سێجار له‌ دانیشتنه ره‌سمیی و ناڕە‌سمیه‌كانی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك ناڕە‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ و پێیانوایه‌ به‌”مه‌به‌ست” كاركراوه‌ بۆ ده‌رچواندنی به‌شێك و پشتگوێخستنی ئه‌وانی تر، ئه‌وه‌ش به‌پێی وته‌ی زیاتر له‌ دوو سه‌رچاوه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو).

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی چاوه‌ڕێی دواین هه‌ڵوێستی كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگری سكرتێری گشتی حزبه‌كه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ناڕە‌زایی و نیگه‌رانییه‌كانی پێ گه‌یه‌نراوه‌.

یه‌كێك له‌ كاندیده‌‌ ده‌رنه‌چوه‌‌كانی یه‌كێتی كه‌له‌به‌ر دۆخی ناوخۆی یه‌كێتیی نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هه‌ندێك گومانمان هه‌یه‌ و ده‌مانه‌وێت ئه‌و گومانانه‌مان بڕەوێنرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ مه‌ڵبه‌ند و خودی لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ند قسه‌كراوه‌، مه‌كته‌بی رێكخستن و ده‌سته‌ی كارگێڕیش ئاگاداره‌ و كاك كۆسره‌تیش به‌هه‌مان شێوه‌”.

هه‌ندێك گومانمان هه‌یه‌ و ده‌مانه‌وێت ئه‌و گومانانه‌مان بڕەوێنرێته‌وه‌

“به‌پێی ئه‌نجامی هەڵبژاردن كه‌ له‌كۆمسیۆن وه‌رگیراوه‌ تێبینی ده‌كرێت له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ هه‌موو ده‌نگه‌كان بۆ ئه‌و شه‌ش كه‌سه‌ رۆیشتوه‌ كه‌ ده‌رچون هه‌ریه‌كه ‌و له‌سه‌روی 20 ده‌نگی هێناوه‌ لە هەر وێستگەیەک، ئه‌ی بۆ یه‌ك ده‌نگیش بۆ كاندیده‌كانی تر نه‌ڕۆیشتوه‌، ئایا جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌ر ده‌نگ به‌و كه‌سانه‌ بدرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ كرابێت تاوانه‌، ئه‌گه‌ر وانییه‌ چۆن ئه‌مه‌ رویداوه‌”، ئه‌و كاندیده‌ به‌مشێوه‌یه‌ باسی له‌ گومانه‌كانی كرد.

وێنه‌ی ئه‌نجامه‌كانی چه‌ند وێستگه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌ ‌كه‌ركوك ده‌ریده‌خات كه‌ حه‌وت كاندید‌ی یه‌كێتی كه‌ شه‌شیان بۆ په‌رله‌مانی عیراق ده‌رچون هه‌ریه‌كه‌و 20 یان 22 ده‌نگیان هێناوه‌ ئه‌وانی تر هیچ

 

وتیشی “یه‌ك دوانێك له‌وانه‌ی ده‌رچون هه‌رگیز ته‌سه‌ور نه‌كراوه‌‌ ئه‌وه‌نه‌ ده‌نگه‌ بهێنن، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت به‌ڕەسمی یه‌كێتی پێمانبڵێت چی رویداوه، له‌هه‌ندێك بنكه‌ و وێستگه‌ ‌ده‌نگه‌كانمان دیارنییه‌‌”.

چه‌ند رۆژێكه‌ خشته‌یه‌كی نوێی ده‌نگی كاندیده‌كانی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌پێی خشته‌كه‌ ئه‌وانه‌ی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانیان هێناوه‌ ته‌نیا یه‌كیان له‌و كاندیدانه‌ن كه‌ به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی كۆمسیۆن ده‌رچوه‌ بۆ په‌رله‌مان، ئه‌ویش رێبوار ته‌ها، سه‌رۆكی لیسته‌كه‌یه‌.

ئه‌و كاندیده‌ی یه‌كێتی، له‌باره‌ی ئه‌و خشته‌یه‌وه‌ وتی “خشته‌كه‌م بینوه‌ و هه‌ندێك راستی تیایه‌ به‌ڵام نازانم چۆن و كێ بڵاویكردۆته‌وه‌… به‌ڕاستی غه‌در له‌ هه‌ندێك كاندید كراوه‌ و هه‌ندێكی تر بۆ په‌رله‌مان سه‌رخراوه‌”.

كاندیدێكی تری ده‌رنه‌چوی یه‌كێتی، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “مه‌ڵبه‌ند وه‌ڵامی بڕواپێكه‌ری نه‌داوینه‌ته‌وه‌، به‌كورتی ده‌یانه‌وێت بێده‌نگ بین و ئه‌ڵێن هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر سكاڵاتان هه‌یه‌ بڕۆن بۆ كۆمسیۆن، له‌كاتێكدا پێمانوایه‌ گرفته‌كه‌‌ له‌ناو‌ یه‌كێتی-یه‌، به‌ڕاستی نازانین له‌ناو یه‌كێتی روو له‌ كێ و كام دامه‌زراوه‌ بكه‌ین، ئومێدمان ئه‌وه‌یه‌ كاك كۆسره‌ت قسه‌یه‌ك له‌و بابه‌ته‌دا بكات”.

مه‌ڵبه‌ند وه‌ڵامی بڕواپێكه‌ری نه‌داوینه‌ته‌وه‌، به‌كورتی ده‌یانه‌وێت بێده‌نگ بین

ئه‌و كاندیده‌ زیاتر له‌ جارێك بۆ (كه‌ركوك ناو) جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ “فێڵ كراوه‌”، وتی “من باسی ناو یه‌كێتیی ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی نزیك بووه‌ له‌ كاك كۆسره‌ت له‌ كه‌ركوك خستویانە، هیچ یه‌كێك له‌و شه‌ش كاندیده‌ی له‌ كه‌ركوك ده‌رچون بۆ په‌رله‌مان نزیك نین له‌ماڵی كاك كۆسره‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش دواجار نیگه‌رانییه‌كانمان گه‌یانده‌ ئه‌و… ئه‌مه‌ له‌ سلێمانی و هه‌ولێریش راسته‌”.

ئه‌م خشته‌ نوێیه‌ی ده‌نگی كاندیده‌كانی یه‌كێتی كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ په‌یجه‌كان بڵاوده‌بێته‌وه‌ جیاوازی زۆری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كۆمسیۆن رایگه‌یاندوه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كه‌ی رون نییه‌

له‌ كه‌ركوك، هه‌ردوو پێكهاته‌ی توركمان و عه‌ره‌ب، له‌پاڵ لیسته‌ كوردییه‌كانی تر جگه‌ له‌ یه‌كێتی پێیانوایه یاری به‌ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن كراوه‌، له‌ئێستادا ئه‌و گرفته‌ ناوخۆی یه‌كێتیشی گرتۆته‌وه‌. به‌ڵام یه‌كێتی به‌ڕەسمی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تكردۆته‌وه‌ كه‌ ر‌وبه‌ڕویان كراونه‌ته‌وه‌.

یاسین عزەدین، جێگری لێپرسرای مەڵبەندی دوی یەکێتی لە کەرکوک، بۆ (کەرکوک ناو) جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ بەهۆی ئەو قسە و باسەی کە لەسەر شێوازی دەنگدان لە ئامێری ئەلکترۆنی دەکرێت و “باسی هاكکردنی ئەو ئامێرانه‌ دەکرێت، بەشێک لە کاندیدەکان ناڕازین و وا هەستدەکەن کە دەنگەکان فەوتاوە، ئەمەش ئاساییە”.

به‌ڵام یاسین جه‌ختیكرده‌وه‌ “له‌ناو پارتی دیموکرات و حزبەکانی تریش کاندیدی ناڕازی هەن، کە ئەنجامی هەڵبژاردنیان لا پەسەند نییە، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی تا ئێستا هیچ کاندیدێکی یەکێتی لە کەرکوک لە مەڵبەند سکاڵای تۆمار نەکردووە”.

ئێستا هیچ کاندیدێکی یەکێتی لە کەرکوک لە مەڵبەند سکاڵای تۆمار نەکردووە

له‌باره‌ی ئه‌و خشته‌ نوێیه‌ی ریزبه‌ندی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، یاسین وتی “تائێستا ئەو خشتەیە بەدەستی ئێمە نه‌گەیشتووە، کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن خۆی بڕیاریداوە کە دەنگەکان چۆن بوه‌ و یەکێتی خاوەنی چەند دەنگ بووە، هەروەها کۆمسیۆن ناوی کاندیدە سەرکەوتووەکانی ئاشکراکردوه‌ نەک یەکێتی، بۆیە هەر خشتەیەک لە ژێر ناوی دەنگی ڕاستەقینەی دەنگدەر بڵاو بکرێتەوە سەرچاوەی راستی نییە، چونکە ئێمە تەنیا گوێ لە کۆمسێۆن دەگرین”.

(كه‌ركوك ناو) چه‌ند جارێك ویستی بۆچونی رێبوار ته‌ها سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌نجامی نه‌بوو.

دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، ژماره‌یه‌ك كاندیدی ده‌رنه‌چوی یه‌كێتی له‌ سلێمانی ناڕە‌زاییان هه‌بوو له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و نوسراوێكیان ئاراسته‌ی حزبه‌كه‌ كرد، به‌ڵام دواتر جگه‌ له‌ یه‌كێكیان هه‌مویان له‌و نوسراوه‌ پاشه‌گه‌زبونه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی كه‌ركوك هه‌یه‌، نوێنه‌رانی كه‌ركوك له‌ فراكسۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی عیراق سێشه‌ممه‌ 29-5 له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هۆشدارییاندا له‌ “پیلانگێڕییه‌كانی وڵاتێكی بێگانه‌ دژ به‌ شاره‌كه‌”و پێیانوایه‌ “گروپێكی چه‌كداری.. هاوشان له‌گه‌ڵ تیمێكی سه‌ر به‌ وڵاتێكی دراوسێ ده‌ستكاری ده‌نگه‌كانی ناو سندوقه‌كان ده‌كه‌ن به‌ ئامانجی گۆڕینی ئه‌نجامه‌كان له‌ به‌رژوه‌ندی پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراو”.

وه‌كو له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ ئه‌و سندوقانه‌ له‌ كۆگانی كۆمسیۆنه‌ له‌ كه‌ركوك و له‌ دوای ته‌واوبونی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه‌ له‌لایه‌ن “میلیشیا چه‌كداره‌كانه‌وه‌” گه‌مارۆدراوه‌، بۆیه‌ سه‌رۆك و فه‌رمانبه‌رانی كۆمسیۆنیش له‌ پێناو پاراستنی گیانی خۆیان نه‌گه‌ڕانه‌ته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان.

به‌ڵام كۆمسیۆن پێنجشه‌ممه‌ 31ی ئایار یاریكردن به‌ ده‌نگی نێو سندوقه‌كانی ره‌تكرده‌وه‌ و جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ پاراستنیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراق.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن