دوو راڕەو لەئارادان بۆ پێکهێنانى زۆرینە و دروستکردنى حکومەتى عيراق

May 31, 2018 at 10:40 pm

نوری مالیكی، هادی عامری، عه‌ممار حه‌كیم، موقته‌دا سه‌در و حه‌یده‌ر عه‌بادی

یاسین تەها

هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى عيراق بەجۆرێک لە شپرزەیی و گۆڕینەوەى تۆمەت کۆتاییهات، ئەویش بەهۆى بانگەشەکانى ساختەکارى و دەستکاریکردنى ئەنجامەکانى دەنگدان، بەڵام ئەم حاڵەتە نەبوەتە رێگر لەبەردەم لیستە پەرلەمانییە براوەکان بۆ پەیوەندیکردن بەیەکتر و دانوستانى نهێنى و ئاشکرا لەپێناوى پێکهێنانى حکومەت.

گەڕەکانى دانیشتنە دووقۆڵى و فرە لایەنەکان لە ناوچەى سەوزى بەغدا و لە هەرێمى کوردستان، هەروەها لە وڵاتى کوێتى دراوسێ، لەگەڵ ئەو بەیاننامە و لێدوانانەى لە سەرکردەى لیستەکانەوە دەرچوون، سیماى بوونى دوو راڕەوی جیاوازیان لێ دەخوێنرێتەوە بۆ پێکهێنانى “گەورەترین لیست” لەناو پەرلەمان پاش ئەوەى گەورەترین براوەى هەڵبژاردن “سائیرون” لە 54 کورسیدا وەستایەوە، واتە تةنها دەوروبەرى %16.5 کۆى کورسییەکانى په‌رله‌مان کە 329 دانەیە.

کاکڵەى راڕەوى یەکەم موقتەدا سەدر لەخۆ دەگرێت لەگەڵ حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیران کە لیستەکەى سێیەم بووە (42 کورسی)، ئاماژەکان بەرەو ئەوەن عەممار حەکیمیش بچێتە ڕیزیانەوە (19 کورسی).

ئەم راڕەوە شتێکى نوێ نییە و هەڵقوڵاوى نزیکایەتى و لێکگەشتنە پێشووەکانى سەدر و عەبادییە، کە مێژووەکەى دەگەرێتەوە بۆ ئەوکاتەى عەبادى هێزى دایە بەرخۆیى و بەرانبەر پلانەکانى نورى مالیکى نەیارى سەدر وەستایەوە، بۆ وەرگرتنەوەى ویلایەتى سێیەم لەهاوینى 2014.

کاکڵەى راڕەوى یەکەم موقتەدا سەدر لەخۆ دەگرێت لەگەڵ حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیران کە لیستەکەى سێیەم بووە

سەدر لەسەر ئەم هەڵوێستە، ستایشى ئازایەتى عەبادى کرد، لەچەندین وێستگەى گرنگیشدا لەگەڵیدا وەستایەوە، چەند دیدارێکیش لەکەربەلا و بەغدا پێکەوە کۆیکردنەوە، تا ئەوکاتەى هەڵبژاردن هەریەکەیانى بە ئاڕاستەیەکدا برد، بەڵام دەرگایان بۆ یەکتر بەکراوەیی هێشتەوە بەهیواى پێکگەشتنەوە، ئەگەر بارودۆخ گونجاوبوو، بەڵام موفاجەئەى بردنەوەى “سائیرون” و پاشەکەشەى نفوزى عەبادى بەراورد بەوەى کە پێش هەڵبژاردنەکان هەیبوو، بارى شانى عەبادى قورسترکرد، ئەرکیشى گران کرد لەوەى پاڵپشتییەکەى  رەهاى سەدرى دەستبکەوێت، یان بتوانێت خۆى وەک کاندیدێکى بەهێز نمایش بکات، بەتایبەت پاش ئەوەى سەدر ناوى “عەلى دواى” پارێزگارى میسانى وەک کاندیدى سەرۆکایەتى وەزیران فڕێدایە ناو گۆڕەپانى کێبەرکێوە.

كه‌ركوك، 12-5-2018، ده‌نگدانی گشتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كاروان ساڵحی

هەرچەندە لەمپەڕ و رێگر هەن لەبەردەم هاوپەیمانێتى و تێکەڵبوونى هەردوولا بەتایبەت ئەنجامەکانى هەڵبژاردن، بەڵام ئەو خاڵانەى سەدر و عەبادى کۆدەکاتەوە زیاترن لەوانەى لە یەکتریان دوردەخاتەوە، بەتایبەت ئەگەر بزانرێت هەردوکیان دژى بەشداریی عيراقن لەشەڕى ئیقلمی، کۆکن لەسەر سنوردارکردنى پێگەى بەهێزى ئێران، هاوڕان لەسەر کرانەوە بەڕوى وڵاتانى عەرەبى، جگە لەوەش هەردولایان بەژێر پەردە کۆکن لەسەر بەرەنگاربونەوەى گەڕانەوەى مالیکى بۆ پۆستەکەى، یان قبوڵکردنى پاڵێوراوێک لەلایه‌ن ئەوەوە، جگە لەمەش وتەبێژى لیستەکەى عەبادى چەند جارێک رایگەیاندووە کە لیستەکەى سەدر نزیکترینە لە لیستى سەرۆک وەزیرانەوە بۆ پێکهێنانى حکومەت.

هەرەوەها چاوەڕواندەکرێت، رێبەرى ڕەوتى حیکمە (19 کورسی) عەممار حەکیم، بچێتە پاڵ هاوپەیمانێتییەکەى سەدر و عەبادى، بەتایبەت پاش دورکەوتنەوەى لەخێوەتى ئەنجومەنى باڵاى ئیسلامى کە راستەوخۆ لەلایەن ئیرانەوە پاڵپشتى دەکرێت.

ئەو خاڵانەى سەدر و عەبادى کۆدەکاتەوە زیاترن لەوانەى لە یەکتریان دوردەخاتەوە، بەتایبەت ئەگەر بزانرێت هەردوکیان دژى بەشداریی عيراقن لەشەڕى ئیقلمی

حەکیم و سەدر کە میراتگرى دوو بنەماڵەى ئاینى ناسراون کەمتر لەهەفتەیەک پاش لە دەنگدان لەنەجەف یەکترییان بینی، میدیاى سەر بە حەکیمیش ئەم سەردانەیان بەمێژویی دایە قەڵەم، دواتریش لەبەغدا پێکەوە کۆبونەوە، بەدواى یەکیشدا چون بۆ کوێت لەژێر ناوى توندوتۆڵکردنى پەیوەندییەکانى عيراق و دراوسێیه‌کەى، بەڵام هەواڵە دزەپێکراوەکان باس لەوەدەکەن هەردولا لەکوێت باسى پێکهێنانى بەرەیەکیان کردووە کە پاڵپشتى عەرەبى هەبێت و ئەمەریکاش پێى رازى بیت، بەڵام میدیاى سەر بە سەدر و حەکیم ئەم جۆرە شیکار و زانیارییانە رەتدەکەنەوە.

راڕەوەکەى سەدر و عەبادی، ئێستا لەسەر چەند شتێک راوەستاوە لەوانەش: چاوەڕوانیکردنى ئۆکەى و رەزامەندیی نێودەوڵەتى، یەکلاکردنەوەى مەرجەکانى سەدر، هاوئاست لەگەڵ ئەویشدا راڕەوێکیتر هەیە بۆ پێکهێنانى زۆرینە و گرتنەدەستى دەسەڵات کە فەرماندەکانى حەشدى شەعبى و سەرۆکى دەوڵەتى یاسا نورى مالیکى رێبەرایەتى و چاوساغیی دەکەن.

باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی عیراق له‌ به‌غدا فۆتۆ: راگه‌یاندنی په‌رله‌مان

ئەم راڕەوەى دووەم کە لە فەتح (47 کورسى) و دەوڵەتى یاسا (25 کورسى) پێکدێت، ئامانجى کۆکردنەوەى زۆرترین لیستى عەرەبى سوننە و کوردییە، بۆ ئەوەى بتوانن خۆیان سەرۆک وەزیران دیاریبکەن، گرەویشیان لەسەر ئەوەیە کاتێک پێکدێن چەند پەرلەمانتارێکى لیستەکەى عەبادیش لەگەڵ خۆیان ببەن لەچەشنى کوتلەى فەزیلە (8 کورسی) یان ئینتیفاز (3 کورسی).

راڕەوەى دووەم کە لە فەتح و دەوڵەتى یاسا پێکدێت، ئامانجى کۆکردنەوەى زۆرترین لیستى عەرەبى سوننە و کوردییە

راڕەوى دووەم کە دۆست و نزیکى ئێرانە، دەرگاى پەیوەندیی لەگەڵ پارتى و یەکێتیدا لەکوردستان کردۆتەوە، هەروەها لەگەڵ ئەیاد عەللاوى (21 کورسی)، مێژویەکیش لەکارى هاوبەش و پشک پشکێنە لەگەڵ یەکتر کۆیاندەکاتەوە، چاودێرانیش بەدورى نازانن بتوانن بەرەیەک پێکبهێنن، چونکە هاوپەیمانێتى لەعيراق ملکەچ نییە بۆ ئایدۆلۆژیا و گوتار و بنەماى سیاسى، بەڵکە تەوافوقات و مەحسوبیەت و فاکتەرى شەخسى دەیبڕێتەوە لەگەڵ دەستێوەردانى دەرەکى.

لەبەرئەوەشى پێکهێنانى حکومەتى عيراق پرۆسەیەکى عيراقى پەتى نییە، ئیستا گرەوەکان لەسەر ئەوەن دانوستانەکانى ئەمەریکا و ئێران لە ناوچەى سەوزى بەغداو لە هەرێمى کوردستان، لەگەڵ هێزە عيراقییەکان بگاتە ئەنجامێک بۆ دروستکردنى بنەمایەک بۆ حکومەتى چاوەڕوانکراوى عيراق.

ئەم راڕەوە ئیقلیمى و نێودەوڵەتییە کە هەندێکجار نهێنى و هەندێک جاریتر ئاشکرایە لە رێى دیدارەکانى مەکگۆرک و قاسم سلێمانییەوە، تەنها لە تاران و واشنتۆندا قەتیس نابێت، بەڵکە کوێتیش هاتۆتە سەرهێڵ لەرێى پێشوازیکردن لەسەرکردە عيراقییەکانەوە، لەکاتێکدا کە ئەنقەرەش لاى خۆیەوە دەیەوێت حزورى هەبێت لەرێى بەشداریی بەهێزى هاوپەیمان و دۆستەکانییەوە (خەنجەر و نوجێفى) لەحکومەتى عيراق.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن