هە‌ڵبژاردنێك له‌ موفاجه‌ئه‌ و ئاڵۆزی
هیچ لایەنێک زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی لا نییە

June 1, 2018 at 5:34 pm

به‌غدا، 12-5-2018، ژنێك دوای ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان په‌نجه‌ مۆركراوه‌كه‌ی خستۆته‌ سه‌ر ئاڵای عیراق فۆتۆ: AFP

سیروان حسێن – كه‌ركوك ناو

هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عیراق، پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌كان كه‌وته‌وه‌ و زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی لای هیچ هاوپه‌یمانییه‌ك نه‌هێشته‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ی ده‌نگی شیعه‌ی زیاتركرد له‌سه‌ر حسابی سوننه‌، كوردیشی گەڕاندەوه‌ بۆ هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر.
به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری ئه‌مساڵی په‌رله‌مانی عیراق، ژماره‌ی كورسییه‌كانی هیچ لیست و هاوپەیمانییەک نه‌گه‌یشتۆته‌ 60 کورسی، له‌كاتێكدا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا له‌ 90 كورسی تێده‌په‌ڕی، بۆیه‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ پێویستی به‌ هاوپه‌یمانی زۆرینه‌ی لایه‌نه‌كان هه‌یه‌.

عیراق له‌ نێوان دوو هه‌ڵبژاردندا
له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عیراقدا، زیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار کاندید له‌ڕێی 88 لیست و هاوپەیمانییەوه‌ چوونه‌ كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی 329 كورسی.
به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ كۆی 24 ملیۆن ده‌نگده‌ر نزیكه‌ی 11 ملیۆن كه‌س به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌كه‌دا كردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌ڕێژەی لەسه‌دا 44.5 كه‌ كه‌مترین رێژە‌ی به‌شداریکردن بووه‌ بەبه‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو.

كه‌مترین خه‌ڵك به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگداندا كرد به‌راورد به‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی سێ خولی رابردوی په‌رله‌مانی عیراق

پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماری ده‌نگه‌كان به‌ ئامێری ئه‌لیكترۆنی بوو، به‌شێكی زۆریش له‌ هاوڵاتیان له‌ رێی كارتی بایۆمه‌تریه‌وه‌ ده‌نگیاندا كه‌ یه‌كه‌مجار بوو به‌كاربهێنرێت.
له‌هه‌ڵبژاردنی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عیراق له‌ كۆتایی نیسانی 2014دا، زیاتر له‌ نۆ هه‌زار كاندید له‌رێی زیاتر له‌ 100 لیست و هاوپه‌یمانییه‌وه‌ كێبڕكێی به‌ ده‌ستهێنانی 328 كورسییان ده‌كرد.

له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌ كۆی نزیكه‌ی 22 ملیۆن ده‌نگده‌ر زیاتر له‌ 12 ملیۆن كه‌س به‌شدارییان كرد به‌ رێژەی له‌سەدا 60 زیاتر.

جیاوازییه‌كی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌مساڵ، ئه‌و ئاڵۆزی و بارگرژییه‌یه‌ زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌یه‌ به‌رده‌وامە‌ و تادێت فراوانتر ده‌بێت، به‌هۆی ناڕە‌زایی به‌شێك له‌ قه‌واره‌كان و گومانی ساخته‌كاری، له‌گه‌ڵ پێداگری له‌سه‌ر هه‌ژماری ده‌ستی ده‌نگه‌كان یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان.

كه‌ركوك، 12-5-2018، ده‌نگدانی هاوڵاتیان بۆ په‌رله‌مانی عیراق له‌رێوشوێنی توندی ئه‌منی فۆتۆ: كاروان ساڵحی

شیعه‌ براوه‌ی یه‌كه‌مە
هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مان كێبڕكێی لایه‌نه‌كان و دانانی كاندیده‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای مەزهەبی كه‌مكرده‌وه‌ بە به‌راورد به‌ رابردوو، به‌ڵام ئه‌و هێز و هاوپه‌یمانییه‌ سه‌ره‌كییانه‌ی ده‌نگی زۆریان به‌دەستهێنا، له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تیییە شیعه‌كانه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كران.
به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی كۆمسیۆن، هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی شیعه‌ و ئه‌و هاوپه‌یمانییانه‌ی پێكهێنه‌ریان كه‌سایه‌تی شیعەیه‌، زیاتر له‌ 180 كورسی په‌رله‌مانیان بۆ خۆیان مسۆگه‌ركردوه‌ له‌كاتێكدا هه‌ڵبژاردنی رابردو ده‌وروبه‌ری 160 كورسی لای هاوپه‌یمانی نیشتمانی شیعه‌كان بوو، به‌بێ لایه‌نه‌ بچوكه‌كانی تری سه‌ر به‌و مه‌زهه‌به‌.
هاوپه‌یمانی سائیرون كه‌ له‌ ره‌وتی سه‌در به‌ سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در، حزبی شیوعی عیراقی و ژماره‌یه‌ك لایه‌نی تر پێكهاتوون توانییان ببنه‌ خاوه‌نی 54 كورسی، له‌ چوار ساڵی رابردودا، سه‌در زیاتر به‌ خۆپیشاندانه‌ جەماوه‌رییه‌كانی پێگه‌ی قایم بوو.
ریزبه‌ندی دووه‌م براوه‌ی هه‌ڵبژاردن له عیراق به‌ 47 كورسی بۆ هاوپه‌یمانی فه‌تح بوو به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری، ئه‌مینداری رێكخراوی به‌در و ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نه‌ شیعە‌كان و سه‌ركرده‌كانی پێشووی حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش ده‌كه‌ن.

ئه‌و هاوپه‌یمانێتییانه‌ی له‌لایه‌ن شیعه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كران له‌زۆربه‌ی ناوچه‌ سونیه‌كان كورسییان به‌ده‌ستهێنا

هاوپه‌یمانی نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیران و ژماره‌یه‌ك لایه‌ن و كاندیدی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی عیراق كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرا له‌ ئه‌نجامی حوكمی چوار ساڵی رابردوو و كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌واوی ناوچه‌كان له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا له‌ ده‌ستی داعش ببێته‌ زۆرینه‌، به‌ مسۆگه‌ركردنی 42 كورسی په‌رله‌مان بوون به‌ هێزی سێیه‌م.
هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی عیراق، هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی قانون به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی، جێگری سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشوو كه‌ پێشتر 92 كورسی په‌رله‌مانی هه‌بوو، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌ 26 كورسی كه‌وته‌ ریزبه‌ندی چواره‌م.
یه‌كێكی تر له‌ هێزه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی شیعه‌ حیكمه‌ی وه‌ته‌نی بوو به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم، كه‌ توانی 19 كورسی به‌ ده‌ستبهێنێت.
هه‌رچه‌نده‌ شیعه‌كان زیاتر له‌ رابردوو په‌رت بون له‌ پرۆسه‌كه‌دا، به‌ڵام ئه‌و هاوپه‌یمانییانه‌ی له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كانی ئه‌وانه‌وه‌ پێكهێنرا‌، له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی سونه‌ نشیندا توانیویانه‌ هێزی سه‌ره‌كی بن و كورسی مسۆگەربكەن.

دیاله‌، 12-5-2018، جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماری ده‌نگه‌كان به‌ئامێری ئه‌لیكترۆنی بوون فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

ده‌نگی سونه‌ کپتر بوو
هێز و هاوپه‌یمانییه‌ سونییه‌كان، جارێكیتر ده‌نگه‌كانیان رووی له‌ كه‌میكرد و له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی هه‌ژمونی خۆیاندا، نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ براوه‌ی یه‌كه‌م.
هاوپه‌یمانیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی سونه‌ له‌ خولی چواره‌می په‌رله‌مان ده‌وروبه‌ری 50 كورسییان به‌ ده‌ستهێناوه‌ له‌ كاتێكدا هه‌ڵبژاردنی رابردوو زیاتر له‌ 60 كورسی له‌لایه‌ن هێزه‌ سه‌ره‌كییانی ئه‌و پێكهاته‌یه‌وه‌ پڕكرایه‌وه‌.
حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی سونه‌، تا دواسات هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان دوابخرێت، تا ئەو كاتەی ئاواره‌كان ده‌گه‌رێنه‌وه‌ و دۆخی ناوچه‌كانیان بۆ سازدانی هەڵبژاردن له‌بارده‌بێت.
زۆربه‌ی ناوچه‌كانی زۆرینه‌ی سونه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 كه‌وتنه‌ ده‌ستی داعش و تا كۆتایی ساڵی رابردوو كۆنتڕۆلكرانه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا سه‌دان هه‌زار خێزانی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین.
هاوپه‌یمانی قه‌راری عیراقی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئوسامه‌ نوجێفی، جێگری سه‌رۆك كۆمار و به‌شێك له‌لایه‌نه‌ سونییه‌كان ته‌نیا 11كورسییان به‌ده‌ستهێنا لەکاتێکدا، سه‌لیم جبوری، سه‌رۆكی په‌رله‌مان نه‌یتوانی كورسیه‌كه‌ی خۆی مسۆگه‌ر بكاته‌وه‌.

هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی سونه‌ له‌نێویاندا سه‌رۆكی ئێستا په‌رله‌مان نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتووبێت بۆ په‌رله‌مانی داهاتوو

به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانی سونه‌، جیاواز له‌ رابردو بونه‌ هاوپه‌یمانی كه‌سایه‌تیه‌كانی شیعه‌، وه‌ك هاوپه‌یمانی نه‌سر، ئه‌وه‌ش وایكرد له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وای ناوچه‌ی هه‌ژمونی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ عه‌بادی ببێته‌ هێزی یه‌كه‌م.
هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نییه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی، جێگری سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشوتر كه‌ كەسایه‌تیه‌كی عه‌لمانی شیعه‌ و چه‌ندین ساڵه‌ له‌گه‌ڵ سوننه‌كاندا ده‌بێته‌ هاوپه‌یمان، 21 كورسی به‌ ده‌ستهێناوه‌، به‌ دوای ئه‌وانیشدا دیاله‌ هه‌ویه‌تونا، نه‌ینه‌وا هه‌ویه‌تونا و چه‌ند لیستێكی تر ژماره‌ی كورسیه‌كانیان له‌ یه‌ك تا 5 كورسییه‌.
فره‌لیستی سوننه‌كان له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك، وه‌ك خوله‌كانی تری په‌رله‌مان هۆكارێك بوو بۆ كه‌مبونه‌وه‌ی كورسییەكانیان، به‌تایبه‌ت له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵدا كه‌ سیسته‌می دابه‌شكردنی كورسییه‌كان له‌ قازانجی لیسته‌ گەوره‌كان و زیانی بچوكه‌كاندا بوو.

كورد گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ رابردوو
ژماره‌ی كورسییه‌كانی كورد له‌ په‌رله‌مانی عیراق تا راده‌یه‌ك جێگیره‌، به‌وپێیه‌ی 44 كورسی له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بۆ ئه‌و پێكهاته‌یه‌ بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گۆڕانكاریی دروستده‌كات له‌ ژماره‌كه‌ به‌رێژەیەكی كه‌م ده‌نگی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆكه‌.
به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مان، لیست و قه‌واره‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان بونه‌ته‌ خاوه‌نی 58 كورسی له‌ ته‌واوی عیراقدا، له‌ كاتێكدا له‌ هه‌ڵبژاردنی 2014دا خاوه‌نی 62 كورسی بوون.
ئه‌و ئه‌نجامه‌ش نزیكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ساڵی 2010، كه‌ ته‌واوی هێزه‌ كوردییه‌كان خاوه‌نی 57 كورسی بون له‌ كۆی 325 كورسی په‌رله‌مانی عیراق.
هۆكارێكی سه‌ره‌كی كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌نگی كورد، روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017یه‌، كاتێك هێزه‌كانی حكومەتی ناوه‌ندی له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا به‌ناوی “سه‌پاندنی یاسا” گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك، ئه‌وه‌ش به‌ پاشەکشێی پێشمه‌رگه‌ كۆتاییهات.
له‌ دوای ئه‌و به‌رواره‌وه‌، ئه‌و ناوچانه‌ كه‌ كورد له‌به‌شێكیاندا له‌ ساڵی 2003وه‌ و له‌ هه‌ندێكیان له‌ ناوه‌ڕاستی 2014وه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی و ئیداری به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، به‌ره‌و لاوازی رۆیشت.
ئه‌و گۆڕانكارییه‌ دوای ئاڵۆزبونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێم بوو به‌هۆی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌، كه‌ كورد له‌ هه‌رێم و ناوچه‌كانی جێناكۆك ئه‌نجامیدا سه‌رباری ناڕە‌زایی توندی به‌غدا و زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان.

كه‌ركوك، ئایاری 2018، خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی دژی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردودا، كورد 18 كورسی له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك هه‌بوو، به‌ڵام له‌ هه‌لبژاردنی ئه‌مجاره‌دا چوار كورسی له‌ ده‌ستدا، دوان له‌ كه‌ركوك، یه‌كێك له‌ نه‌ینه‌وا و یه‌كێك له‌ دیاله‌.
جگه‌ له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، په‌رته‌وازه‌یی لیسته‌ كوردییه‌كان و هه‌روه‌ها بایكۆتی پارتی له‌ كه‌ركوك كه‌ پێشتر 63 هه‌زار ده‌نگی هه‌بوو، له‌ هۆكاره‌كانی دیكه‌ی پاشه‌كشێی بون.
لێپرسراوانی سیاسی كورد، چاوه‌ڕێبون ده‌نگه‌كانیان زۆر زیاتر كه‌مبێته‌وه‌ له‌وه‌ی ئێستا به‌ده‌ستیانهێناوه‌، بۆیه‌ ئەنجامه‌كه‌ لای هه‌ندێك لایه‌ن وه‌كو موفاجه‌ئه‌ سه‌یرده‌كرێت.
له‌ نێو هێزه‌ كوردییه‌كانیشدا، پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ 25 كورسی له‌ پله‌ی یه‌كه‌م و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ 18 كورسی له‌ پله‌ی دوه‌مدایه‌، به‌ دوای ئه‌واندا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێنج كورسی، نه‌وه‌ی نوێ كه‌ حزبێكی نوێیه‌ چوار كورسی، هه‌ریه‌ك له‌ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوی ئیسلامی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی دیموكراسی و دادپەروه‌ری -حزبێكی نوێیه‌- یه‌كی دوو كورسیان هه‌یه‌.
به‌ڵام چوار لایه‌نی كوردی هاوشێوه‌ی به‌شێك له‌ قه‌واره‌كانی تر له‌ كه‌ركوك و به‌غدا، له‌ ئه‌نجامه‌كان رازی نین و پێیانوایه‌ ده‌ستكاری ده‌نگه‌كانیان كراوه‌.

لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی جێناكۆك چوار كورسییان له‌ده‌ستدا به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوو

پێكهاته‌كان كۆتایان تێپه‌ڕاند
به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق نۆ كورسی كۆتا بۆ پێكهاته‌كانی كریستیان، ئێزیدی، شه‌به‌ك، فه‌یلی و سابئه‌ی مه‌ندائی ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام ئه‌وان له‌و ژماره‌یه‌ زیاتریان به‌ده‌ستهێنا.
ئێزیدییەکان كه‌ ته‌نیا یه‌ك كورسی كۆتایان هه‌یه‌ له‌ عیراق و ده‌كه‌وێته‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ هه‌مان سنور و له‌ نێو لیسته‌كانی دیكه‌وه‌، توانییان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ دوو كورسی تر مسۆگه‌ر بكه‌ن.
هاوکات شه‌به‌ك له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، توانیان دوو كورسی په‌رله‌مانی عیراق به‌ده‌ستبهێنن، كه‌ یه‌كێكیان به‌پێی سیستمی كۆتا و ئه‌ویتریان له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیه‌كدا بوو.
هه‌روه‌ها كریستیانه‌كان جگه‌ له‌ پێنج كورسی كۆتای ته‌رخانكراو، له‌ نێو لیست و هاوپه‌یمانییه‌كانی تردا ژمارەیەك له‌ كاندیده‌كانیان توانیویانه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن