قه‌ره‌بوه‌كه‌ی حكومه‌ت هاوڵاتیانی دوزخورماتووی رازی نه‌كرد

June 3, 2018 at 10:30 pm

سه‌ڵاحه‌دین، 2018، یه‌كێك له‌و خانوه‌كانی روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌دوخورماتوو سوتێنراوه‌ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

ژینۆ خه‌لیل – سه‌ڵاحه‌دین

خانوه‌كه‌ی ساڵح له‌ دوزخورماتوو ته‌واو وێران بووه‌، له‌ روبه‌رێكی 380 مه‌تریدا شوێنێكی شیاوی تێدا نه‌ماوه‌ بۆ نیشته‌جێبون و ئێستا كرێچییه‌، به‌ڵام بۆ قه‌ره‌بوی هه‌موو زیانه‌كانی كه‌متر له‌ دوو ملیۆن دیناری پێدراوه‌.

ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق بۆ زیانلێكه‌وتوانی روداوه‌كانی قه‌زای دوزخورماتووی ته‌رخانكرد، نه‌یتوانی هه‌موو هاوڵاتیان رازی بكات و به‌شێكیش له‌وانه‌ی زیان به‌ خانوه‌كانیان گه‌یشتووه‌، هیچ قه‌ره‌بویه‌ك نه‌یگرتنه‌وه‌.

ساڵح عه‌بدولباقی  (31 ساڵ)، یه‌كێك له‌‌ زیانلێكه‌وتوانی دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “خانوەكەمان 380 مەتر بوو و تەقێنرایەوە، دوو ماڵ تێیدا دەژیاین و 120 ملیۆن دینار زیانمان لێكەوت، بەڵام یەك ملیۆن‌ و 900 هەزار دینار قەرەبومان وەرگرتووە”.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ پرسی “ئایا ئەو بڕە پارەیە بەشی چی دەكات بۆ دوو ماڵ؟ خانوەكەمان كەوتۆتە سەر زەوی ‌و یەك شتمان بۆ دەرنه‌چووە، بۆیه‌ ئێستا كرێچین لە خورماتوو”.

(كەركوك ناو) لە راپۆرتێكی-دا لە 26ی ئۆكتۆبەر بڵاویكردەوە كە 200 خانووی هاوڵاتیان و 100 دوكان و كۆگا لە گەڕەكی كۆماری قەزای دوزخورماتوو‌ سوتێنراون یان تاڵانكراون، لەگەڵئەوەشدا، 50 خانووی لێپرسراوانی كورد و پێشمەرگە ‌و چەكدارە خۆبەخشەكان تەقێنراونەتەوە، لە ئەنجامی شەڕی نێوان هێزە عیراقییەكان و پێشمەرگە.

دوزخورماتوو/ 16ی تشرینی یه‌كه‌م/ دوكه‌ڵی شه‌ڕ له‌ ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو فۆتۆ: دڵشاد ئه‌نوه‌ر

ئه‌و شه‌ڕو ئاڵۆزییه‌كانی دوزخورماتوو له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا روویدا، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك، به‌هۆی تێكچونی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌.

شیلان یاسین (41 ساڵ)، به‌هۆی روداوه‌كانی دوزخورماتووه‌وه‌ ئاواره‌ی گوندی ساڵه‌یی سه‌ر به‌ناحیه‌ی نه‌وجول بووه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “وتیان بگەڕێنەوە بۆ خورماتو قەرەبوی خانوەكانتان دەكرێتەوە.. به‌ڵام هیچ قه‌ره‌بویه‌كمان وه‌رنه‌گرت”.

خانوه‌كه‌ی خێزانی شیلان گوله‌ هاوه‌نی به‌ركه‌وتوه‌ و تاڵان كراوه‌، “سەیارەیەكی گەورەمان هەبو لەجۆری تانكەر كه‌  بژێوی ژیانمان لەسەر ئەو سەیارەیه‌ بوو به‌ڵام لە 16ی ئۆكتۆبەر لەبەر دەرگا بەجێمانهێشت و ئەویشیان برد”.

وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، 9ی ئایاری ئه‌مساڵدا بڕیاریدا به‌ ته‌رخانكردنی زیاتر له‌ 541 ملیۆن دینار بۆ 250 خێزانی نیشته‌جێی دوزخورماتوو، به‌هۆی سوتانی خانوه‌كانیان و قه‌ره‌بوكه‌ ئه‌و خێزانانه‌ی نه‌گرته‌وه‌ خانوه‌كانیان ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌، به‌پاساوی ئه‌وه‌ی بنیاتنانه‌وه‌یان تێچوی زۆری ده‌وێت.

زانیار نەجیب (30 ساڵ)، یه‌كێكی تره‌ له‌ زیانلێكه‌وتوانی ئه‌و قه‌زایه‌ و ده‌ڵێت ته‌واوی خانوه‌كه‌ی به‌ كه‌لوپه‌له‌كانه‌وه‌ سوتێنراوه‌، له‌ كاتێكدایه‌ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته‌ و توانای چاككردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی نییه‌.

ئه‌و هاوڵاتیه‌ به‌ دوو ملیۆن و 230 هه‌زار دینار قه‌ره‌بوو كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام رازی نییه‌ و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و پاره‌یه‌ تەنها قەرەبوی ئامێری عیلاج تەبیعییەكەم ناكات بكه‌ ڕیبوم بۆ تەمرینكردن بەقاچەكانم چونكە كەمئەندامم”.

دوزخورماتوو، شوباتی 2018، دوكانی هاوڵاتیه‌كی كورد دوای سوتانی له‌روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

قه‌ره‌بوكه‌ی حكومه‌تی عیراق دووجار كێشه‌ی تێكه‌وت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ناكۆكی و سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌وه‌، كاتێك هاوڵاتیانی پێكهاته‌ی توركمان له‌ دوزخورماتوو داوایانكرد ئه‌وانیش بگرێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا بڕیاره‌كه‌ ته‌نیا بۆ زیانلێكه‌وانی كورد بوو، تا دواجار كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ركراو مانگی رابردو پاره‌كه‌ دابه‌شكرا به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا.

رزگار غازی، ئەندامی ئەنجومەنی جەماوەری دوزخورماتوو كه‌ سه‌رپه‌رشتی دابه‌شكردنی قه‌ره‌بوكه‌یان كرد به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “خەڵك لەو هاوكارییەی وەزیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق ڕازین، بەڵام داوای قەرەبوی زیاتر دەكەن، چونكە ئەو هاوكارییە زۆر نییە و پێداویستیەكانیان بەتەواوی پڕ ناكاتەوە”.

هه‌روه‌ها به‌پێویستی زانی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی دوكانه‌كانیان سوتێنراوه‌ هاوكاری بكرێن به‌وپێیه‌ی بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر ئه‌و دوكانانه‌یه‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی جه‌ماوه‌ری دوزخورماتوو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئەو ماڵانه‌ی خانوه‌كانیشیان تەقێنراوەتەوە هاوكاری دەكرێن و مافی خۆیانه‌، چونكه‌ زیانیان زیاتر به‌ركه‌وتوه‌ له‌وانه‌ی خانویان سوتێنراوه‌.

قەزای دوزخورماتوو تاكە ناوچەی جێناكۆكی سەر بە پارێزگا سەڵاحەدینە، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد و توركمان پێكدێت، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە ئەمنیەتی ناوچەكە كەوتۆتە دەستی هێزەكانی ناوه‌ند دوای كشانەوەی پێشمەرگە.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن