كه‌ركوك روبه‌ڕوی كه‌مئاوی ده‌بێته‌وه‌؟

June 4, 2018 at 9:40 pm

كه‌ركوك/ته‌موزی 2017، بازاری شاره‌كه‌ نزیك قه‌ڵای كه‌ركوك فۆتۆ: بنار سه‌ردار

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك ناو

لێپرسراوانی كه‌ركوك هه‌رچه‌نده‌ دڵنیایی ده‌ده‌ن له‌وه‌ی شاره‌كه‌ له‌مساڵدا روبه‌ڕوی كه‌مئاوی نابێته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا به‌شێك له‌ هاوڵاتیان ترسیان له‌وه‌هه‌یه‌ مانه‌وه‌ی كێشه‌ی گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچوك، زوو یان دره‌نگ كاریگه‌رییه‌كانی لای ئه‌وانیش ده‌ربكه‌وێت.

بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و ترسه‌ له‌ كه‌مبونه‌وه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌هات، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا كۆماری ئیسلامی ئێران به‌شێك له‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئاوی زێی بچوكی له‌ خاكی وڵاته‌كه‌یدا گرته‌وه‌ كه‌ به‌ كه‌ركوكدا تێده‌په‌ڕێت، تائێستاش كێشه‌كه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێراوی ماوه‌ته‌وه‌.

شەهاب حەكیم نادر، بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەكانی كەركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك كاریگەری نابێت لەسەر چونكه‌ سه‌دا 90ی ئاوی خواردنەوەو ئاودێری له‌ به‌نداوی دوكانەوە دێـت كە دەكەوێتە سەر زێی بچوك”.

به‌وته‌ی ناوبراو به‌نداوی دوكان له‌ سلێمانی نزیكه‌ی چوار ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدا گلدراوه‌ته‌وه‌ و رۆژانه‌ بۆ ناوچه‌كانی تری عێراق به‌رده‌درێته‌وه‌ و تا زستانی ئه‌مساڵ به‌ش ده‌كات،

زێی بچوك، لە سنوری ئێرانه‌وه‌ هەڵدەقوڵێت و بە هەرێمی كوردستاندا تێپەڕدەبێت، سەرەتا دەچێته‌ ناحیەی سەرنگەسەر و دواتر بۆ قه‌زای دوكان له‌ سلێمانی، پاشان ده‌گاته‌ ناحیەی پردێ له‌ كەركوك و بە قه‌زای دوبزدا ده‌ڕوات تا له‌ خواروی عیراق ده‌ڕژێته‌ روباری دیجلەوه‌.

كەركوك،2017، كەناڵەكانی گواستنەوەی ئاو بۆ شارەكە كە لە سەرەتای ئەمساڵدا پاككرانەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

لێپرسراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان ده‌ڵێت ده‌بێت ئه‌و ئاوه‌ی هه‌یه‌ ته‌نیا بۆ خواردنه‌وه‌ و باخه‌كان بێت، رێگه‌نادرێت بۆ كشتوكاڵی وه‌كو گه‌نم و جۆ و برنج به‌كاربهێنرێت، به‌ تایبه‌ت برنج كه‌ له‌ئێستادا ئاوی زۆری ده‌وێت.

كاریگه‌رییه‌كانی گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچوك، هه‌رزوو له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركه‌وت و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیشدا، ناڕه‌زایی به‌دوای خۆیدا هێنا.

نیاز ئه‌حمه‌د، هاوڵاتیه‌كی شاری كه‌ركوك و له‌ دوای بیستنی ئه‌و هه‌واڵه‌وه‌ تانكییه‌كانی هه‌ڵگرتنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌سه‌ربانی ماڵه‌كه‌یدا زیادكردووه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “پێشتر یەك تانكیمان هەبوو كە 7 بەرمیل ئاوی ده‌گرت به‌ڵام دوێنێ (یه‌كشه‌ممه‌ 3-6) دوو تانكی دیكەی ئاوم كڕی كه‌ یه‌كێكیان نۆ به‌رمیل ئاو ده‌گرێت، هه‌ریه‌كه‌یان به‌ 110 هه‌زار دینار”.

“بەراستی لەم وڵاتە ژیان نەماوە، رۆژێك ئاو نامێنێت، رۆژێ نەوت و یان بەنزین یاخود كارەبا، بۆ هەموو شتێك دەبێت هەر رابكەیت و پێیناگه‌یت”، ئه‌و هاوڵاتیه‌ وای وت.

ئێران پێشتر به‌نداوێكی له‌سه‌ر زێی بچوك به‌ناوی كۆڵەسەی خستەكار و سه‌رقاڵی ته‌واوكردنی به‌نداوێكی تره‌ له‌سه‌ر هه‌مان رووبار، له‌ 24ی حوزه‌یرانی ساڵی رابردوشدا، ئاوی زێی بچوكی گرته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌، ئاوی ڕووبارەكە بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو كەمیكرد‌و كاریگەرییەكانی گەیشتە سنوری كەركوك.

سلێمانی، 2-6-2018، كه‌مبونه‌وه‌ی ئاستی ئاو له‌ چه‌می خاس به‌هۆی گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچوك له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ فۆتۆ: ره‌شید عه‌لی

عەبدولمتەلیب عەزیز، بەڕێوه‌بەری ناحیەی پردێ شه‌ممه‌ 2-6 به‌ (كه‌ركوك ناو)ی راگه‌یاند تائێستا ئاوی زێی بچوك لە پردێ كەمینەكردووە و بە هەمان ڕیژەی جاران ئاوەكە بە ئاڕاسته‌ی دووبزدا دەچێتەوە خوارەوە.

له‌ هه‌رێمی كوردستان، لێپرسراوانی باڵا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئێران و نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و وڵاته‌دا له‌ گفتوگۆدان له‌باره‌ی گرتنه‌وه‌ی ئاوه‌كه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ده‌ره‌نجامی ئه‌و هه‌وڵانه‌ دیارنین، ئه‌وشه‌ به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ حكومه‌تی هه‌رێم.

به‌رێوه‌به‌ری سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانی له‌ كه‌ركوك رونیكرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ رێژه‌ی باران و به‌فر كه‌مبێت، بۆ ساڵی داهاتوو شاره‌كه‌ روبه‌روی گرفت ده‌بێته‌وه‌، شه‌هاب حه‌كیم وتی “بەنداوی (خاسە چای) كه‌ دەكەوێتە چیمه‌ن ناتوانێت ئاوی سەرانسەری كەركوك دابینبكات چونكه‌ چەند ساڵێكه‌ دروستكراوە و تائێستا رێژەیەكی زۆر ئاوی كۆنەكردۆتەوە”.

جگه‌ له‌ ئاوی زێی بچوك، توركیاش ده‌ستیكردوه‌ به‌ پڕكردنه‌وه‌ی به‌نداوێكی گه‌وره‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ر روباری دیجله‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ئاستی ئاوه‌كه‌ كه‌مبۆته‌وه‌، بۆیه‌ لێپرسراوانی عیراق نیگه‌رانییان نیشانداوه‌ له‌و هه‌نگاوه‌ و مه‌ترسی ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی له‌و هه‌نگاوه‌دا ده‌رده‌كه‌ون.

عەلی حه‌مید، خاوەنی كارگەیه‌كی دروستكردنی تانكی ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵانه‌ له‌ كه‌ركوك ده‌ڵێت به‌هۆی كێشه‌ی ئاوه‌وه‌ له‌ نێوان عیراق و وڵاتانی دراوسێ، جۆرێك له‌ ترس لای هاوڵاتیان دروستبووه‌ و فرۆشی رۆژانه‌ی تانكی ماڵان زیادیكردووه‌ به‌راورد به‌ پێشتر.

ئه‌وه‌شی به‌ (كه‌ركوك ناو) وت “پێشتر لە رۆژێكدا سێ بۆ چوار تانكی ئاومان دەفرۆشت بەڵام لەئێستا رۆژانه ‌نزیكەی هه‌شت تانكی ده‌فرۆشین”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن