عیراق تینوو دەبێت و هەموو هۆکارەکانیش ناگەڕێنەوە بۆ تورکیاو ئێران

June 5, 2018 at 4:26 pm

نه‌ینه‌وا/ ساڵی 2017/ به‌نداوی موسڵ چواره‌م گه‌وره‌ترین به‌نداوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌، ئێستا به‌نداوه‌كه‌ پێویستی به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌ فۆتۆ: سینا محه‌مه‌د/ئاژانسی میترۆگرافی

یاسین تەها

عیراقییەکان لە قەیرانێک قوتاریان نابێت، سەریان هەڵدەتەقێت بە خەم و ژانێکیتردا. چەند مانگێک پاش راگەیاندنى سەرکەوتن بەسەر رێکخراوى داعش لەشەڕێکى قورسدا، کە لەڕوى مادیى و مرۆییەوە باجى گەورەى هەبوو، دانیشتوانى شارە عیراقییەکانى رۆخى دیجلە، توشى شۆک بون بە دابەزینى زۆرى ئاستى ئەو روبارەى کە ناوى عیراقى پێوە پەیوەستە لە مێژویى هەزاران ساڵەدا، ئەمەش بەهۆى بەگەڕخستنى بەنداوى ئەلیسۆى تورکى.

جگە لەمەش دانیشتوانى قەڵادزێ ئاوى خواردنەوەیان لێ بڕا بەهۆى گۆڕینى راڕەوى روبارى زێى بچوک لەلایەن ئێرانەوە کە لقێکى گرنگى دیجلە پێکدەهێنێت.

ئەم وشکییەى کە چالاکوانانى عیراق بە هاشتاگى “عیراق تینوە” گوزارشتیان لێکردوە، هاوکاتە لەگەڵ سەرەتاکانى دەستپێکردنى وەرزى چلەى هاوین کە ئاماژەى وشکەساڵییەکى کوشندەى لە هەناوى خۆیدا هەڵگرتووە، بەتایبەت کاتێک گەرماو وشکەساڵى لەمانگى ئابدا دەگەنە لوتکە، ئەمەش دەبێتەهۆى لەناوچونى چەندین روبەڕى بەرفراوان لەزەوى کشتوکاڵى کە بوبونە ناسنامەى عیراق وەک “زەوى رەشایی” لەبەر سێبەرى باخ و بێستان.

 

هۆکارەکانى قەیرانەکە

عیراق ساڵانە پێویستى بە (30-50) مليون مەتر سێجا ئاوى خواردنەوە هەیە، دوو قاتى ئەم ژمارەیەش لە ماوەى ٢٠ ساڵى ئایندەدا، چەند قاتى ئەوەش بۆ بەکارهێنانى نا کشتوکاڵى، ئەمە لەکاتێکدا وڵاتەکە گیرۆدەى قەیرانێکى ئاڵۆزى کەڵەکەبوى ئاوە بەدرێژایی چەندین ساڵ. سەرچاوەکانى ئاوى عیراق لەدەرەوەى سنورى خۆیدان و لەژێر کۆنتڕۆڵى تورکیاو ئێران سوریادان، بەرهەمى ئەم روبارانەش کە 70%ى داهاتى ئاو پێکدەهێنێت بەڕێژەى 50% کەمى کردووە بەهۆى دروستکردنى بەنداوى دراوسێکانەوە.

بەرهەمى ئەم روبارانەی عیراق کە 70%ى داهاتى ئاو پێکدەهێنێت بەڕێژەى 50% کەمى کردووە بەهۆى دروستکردنى بەنداوى دراوسێکانەوە

هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا وڵاتەکەو ناوچەکە بەگشتى پاشەکشەیەکى گەورەى دابارینى باران بەخۆیەوە دەبینێت بە رێژەى 30% لەم ساڵانەى دواییدا، لەکاتێکدا باران  30% داهاتى ئاوى عیراق پێکدەهێنێت.

 

ـ سیاسەتە ئاوییەکانى ئێران

ئێران لەهەوڵى زۆردایە ڕاڕەوى ئەو روبارو ئاوانە بگۆڕێت کە بەرەو عیراق دێن بەدرێژایی پشتێنەیەکى سنوریی کە دەگاتە 1425كم، ئەم هەنگاوەى ئێرانیش لەچوارچێوەى سیاسەتێکدایە کە یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئێران، عەباس عێراقچى، بە “سیاسەتێکى ئێرانى گشتى” ناوى بردبوو.

ئێرانیش لەلاى خۆیەوە کێشەى بێ ئاوى و وشکەساڵى هەیەو ئەمساڵى (2018) بەوشکترین ساڵ راگەیاندبوو لەماوەى 50 ساڵدا.

سیاسەتە ئاوییەکانى ئێران، عیراق بێبەشدەکات لەپشکى خۆى لەئاو و زۆربەى روبارو لقە ئاوییەکان وشک دەکات، لەوانەش روبارى ئەڵوەند لە خانەقین، کەمکردنەوەى ڕوبارى سیروان لەڕێى کردنەوەى پڕۆژەى ئاودێرییەوە، لەگەڵ بڕینى روبارى زێى بچوک لەگەڵ کارون و کەرخەو تەرویج، ئەمانەش بوەتە هۆى پیسبوینى ئاوى شەتولعەرەب و بێبەشبونى بەسرەو شارەکانى باشورى عیراق لەگرنگترین سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەى پاک.

عیراق جاران 45 لقە ئاوى هاوبەشى هەبووە لەگەڵ ئێران، بەڵام ئێستا ئەم ژمارەیە کەم بوەتەوە بۆە سێ بۆ چوار لق، بەپێى قسەى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکان.

 

یونیسێف‌و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان رۆژانە 150 تانكەری ئاوی سی هەزار لیتری بۆ بەری چەپی موسڵ دابیندەكەن فۆتۆ: UNICEF Iraq/Khuzaie

پڕۆژەى گاپى تورکیا

ئەو گرفتەى لەگەڵ ئێران هەیە لەبارەى ئاو، هەمان گرفتە کە لەگەڵ تورکیاشدا هەیە کە کۆتا هەنگاو بەنداوى ئەلیسۆى خستەگەڕ لەسەر روبارى دجلە، بەگەڕخستنى بەنداوەکەش لەچوارچێوەى پڕۆژەى (گاپ) دایە کە بنیاتنانى 22 بەنداو لەخۆدەگرێت، 14 لەسەر روبارى فورات و 8 لەسەر روبارى دجلە، ئەمەش پلانێکى گشتى تورکییە بۆ پەرەپێدانى ناوچەى ئەنادۆڵ کە کێشەى هەژاریى و بێ کارى و بەرهەڵستکاری دژى دەوڵەتى تێدا بڵاوە، جگە لەوەش تورکیا ئەو بەنداوانە وەک کارتێکى فشارى سیاسى بەکاردەهێنێت لەگەڵ عیراق کە تەوەرەیەکى سەرەکیى تەماعکارییەو مێژووییەکانى ئەنقەرە پێکدەهێنێت.

تورکیا ئەو بەنداوانە وەک کارتێکى فشارى سیاسى بەکاردەهێنێت لەگەڵ عیراق کە تەوەرەیەکى سەرەکیى تەماعکارییەو مێژووییەکانى ئەنقەرە پێکدەهێنێت

پڕۆژەى گاپ تەرجەمەکردنی ئەو هەڵوێستەى تورکیایە کە پێیوایە هەردوو روبارى دیجلەو فورات دوو روبارى نیشتمانى تورکین و میراتێکى تایبەتن بەخۆى و چیتر ئاو بەرانبەر نەوتە، بەتایبەت پاش سەرهەڵدانى بیرۆکەى فرۆشتنى ئاوى پاکژ بەوڵاتانى کەنداوو ئوردن پێش چەند سالێک، ئەمەش پێچەوانەى هەندێ راستى مێژوییە کە عیراقى پێ ناسراوەتەوە وەک وڵاتى نێوان دوو ڕوبار، دژیش دەوەستێتەوە لەگەڵ رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت رێساکانى هێلسنکى (1966) کە باس لەوە دەکات وڵاتانى بەشدار لەرۆخى روبارێک مافى ئەوەیان هەیە بڕێکى گونجاوو هاوسەنگ ئاویان دەستبکەوێت.

 

بەنداوى ئەلیسۆ:

لەسەر روبارى دیجلەیەو دەکەوێتە باشورى رۆژهەڵاتى تورکیا، بەشێوەیەکى فەرمى کارکردن تێیدا لە 2006 دەستیپێکردوە، تواناى گلدانەوەى ئاوى دەگاتە 10.4 ملیار مەتر سێجا ئاو بەپێى سەرچاوە تورکییەکان، ئەم بەنداوە لەناو شەپۆلێکى گەورەى گوماندا تەواوکرا لەبارەى پێویستى تورکیا بەسەرچاوەى نوێى وزە، لەکاتێکدا کەڵکوەرگرتن لەهەموو تواناکانى تورکیا لەم بوارە فەرامۆشکراوە.

ئەم بەنداوە دەرامەتى ئاوى دیجلە بەڕێژەى 60% کەمدەکاتەوە، لەرێگەى کەمکردنەوەى ئاوەکەى لە 20 ملیار مەتر سێجاوە بۆ 9 ملیار بەپێى توێژینەوەیەک کە بەمدواییانە لەلەندەن بەناوى “دائرة العطش” لەلایەن خانەیەکى بەریتانییەوە بڵاوکراوەتەوە.

بەنداوى ئەلیسۆ، زنجیرەیەک گۆڕانکاریی لەژیانى دانیشتوانى عیراق دروستدەکات لەگەڵ دابەشبوونى جوگرافی و دۆخى ئابورییان، تا دەگاتە داڕمانى بارى تەندروستییان بەهۆى زیادبونى رێژەى پیسبونى ڕوبار و جێکەوتە خراپەکانى وشکەساڵى.

ئەو شارە عیراقییانەى بەر ئاسەوارى ئەلیسۆ دەکەون سەنتەرى 5 پارێزگاو 13 قەزاو 21 ناحیەن، ئەمەش مەترسى کۆچکردن بۆ شارە سەرەکییەکان زیاتر دەکات لەگەڵ پاشەکشەکردنى بەروبومى کشتوکاڵى و کیڵگەو لەوەڕگاکان، چونکە پڕۆژەکە دەبێتەهۆى لەناوبردنى سێیەکى زەوییە کشتوکاڵییەکان لەماوەى چارەکە سەدەیەکدا، ئەمەش بەماناى لەدەست دانى ملیۆنەها هەلى کار دێت لەداهاتودا.

ئەو شارە عیراقییانەى بەر ئاسەوارى ئەلیسۆ دەکەون سەنتەرى 5 پارێزگاو 13 قەزاو 21 ناحیەن

 

خراپ بەڕێوەبردنى سامانى ئاو

جگە لە بارگرانییە سروشتییەکان و کاریگەرى وڵاتانى دراوسێ، شارەزایان چەندین هۆکاریتریان دیارىکردووە بۆ خراپبەکارهێنان و بەفیڕۆچوونى ئاو لەوڵاتى عیراق، لەپێش هەموویانەوە کۆنى و خراپى رێگاکانى ئاودێرى لە عیراق کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى سۆمەرییەکان، ئەم شێوازە ئاودێرییەش زۆربەى تواناى وڵات بەفیڕۆ دەدات.

زۆرێکیتر رەخنە لەچاندنى بەرهەمى چەڵتووک دەگرن لەعێراقدا کە بڕە ئاوێکى زۆرى پێویستە.

بەپێچەوانەى ئەو خۆشحاڵى و گەشبینیانەشى کە هەبون لەبارەى قبوڵکردنى هۆڕەکان لە لیستى کلتورى جیهانیی یونسکۆدا، زۆر لایەن ڕەخنە لەهەڵمبوونى ئەو رێژە زۆرەى ئاو دەگرن کە بۆ ژیاندنەوەى ئەم روبەرە ئاوییانە پێویستە لەکاتێکدا وڵاتان شەڕیانە بۆ پاراستنى هەر قەترەیەک ئاو، لەم میانەیەشدا پارێزگارى پێشووى نەینەوا، ئەسیل نوجیفى باسى لەوەکردوە بڕى ئاوى بەهەڵم بوو لەیەکێک لەهۆڕەکانى عیراق زیاترە لەو ئاوەى پێویستە بۆ ئاودێرانى ناوچەى جەزیرە لەنەینەوا کە لە1  ملیۆن و 400 هەزار دۆنم زەوى پێکدێت.

هەندێك شارەزایتر پێشنیازى ئەوە دەکەن رێگاى نوێ بەکاربهێنرێت بۆ ئاودێرى بە بەکارهێنانى تەکنەلۆجیا كه‌ رێژەى بەکارهێنانى ئاو کەمدەکاتەوە بۆ %20  ئێستا و چارەسەرى کێشەى شۆرەکاتی ئاویش دەکات.

چارەسەر بەبەنداو

نه‌ینه‌وا/ ساڵی 2017/ به‌نداوی موسڵ ماوه‌ی دوو ساڵ و نیو له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا بوو و ده‌یان پێكدادانی نێوان ئه‌و گروپه‌ چه‌كداره‌ و هێزه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌وێ روویدا فۆتۆ: سینا محه‌مه‌د/ئاژانسی میترۆگرافی

دەسەڵاتدارانى عیراق له‌ سەردەمى شەڕى ئێران عیراقدا 7 بەنداویان دروستکردوە لەهەشتاکان، لەسەردەمى گەمارۆکانیشدا لە ساڵانى نەوەدەکان دوو بەنداو، بەڵام دروستکردنى بەنداو لەپاش 2003 راگیرا لەبەر کۆمەلێک هۆکار کە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونى پلان، بڵاوبونەوەى گەندەڵى، نەبونى گوژمە پارەى تەرخانکراو، ئەمە لەکاتێکدا دراوسێکانى عیراق لەپێشبڕکێدان بۆ دروستکردنى بەنداوى گەورە بەتێچونى زۆر و قەبە، لەئیستاشدا ئیشى عیراق بوەتە سیانەکردن و نۆژەنکردنەوەى بەنداوە کۆنەکان کە هەندێکیان پڕ مەترسین وەک بەنداوى موسڵ کە لەڕیزى مەترسیدارترینەکانى جیهاندایە بەپێى راپۆرتى تیمى ئەندازەیی ئەمەریکا لە 2007.

جگە لەوەش دەسەڵاتدارانى عیراق پڕۆژەکانى ئاودێرییان فەرامۆشکردووە، چەند ساڵێکیشە پڕۆژەى گەورەیان نییە لەبوارى ئاودێرى لەکاتێکدا دەیان ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەى سەربازی شکستخواردوو خەرکراوە یان پڕۆژەى رووکەش بەپێى راپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.

دانوستان لەگەڵ تورکیا

سیاسەتوان و شارەزایان کۆکن لەسەر ئەوەى عیراق کارتەکانى دانوستانى خۆى لەگەڵ دراوسێکاندا لەدەستداوە، بەهۆى شەڕو لاوازیی بنیاتنانى سیاسى بەغدا. تا ئێستا هیچ رێککەوتنێکى ببڕ نییە لەبارەى پشکى عیراق لەئاوى دیجلە، ئەمەش دەرگا دەکاتەوە بۆ ئەوەى تورکیا زیاتر دۆخەکە بقۆزێتەوە.

بەمدواییانە عیراق رویکردۆتە داواکاریی لەکۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بۆ بەهاناوەچون، بەڵام شارەزایان پێیانوایە یاسا جیهانییەکان زیاتر بەسەر خەڵکانى لاوازدا جێبەجێدەکرێن و داواکارییەکانى عیراق وەڵامدەرەوەى نابێت، ئەمەش پێویستى بەچارەسەرى نا تەقلیدى هەیە بەقسەى سەرۆکى رێکخراوى ژینگەى عیراق.

عەزام عەلوەش، وەک بەکرێگرتنى بەنداوەکانى تورکیا بۆ گلدانەوەى ئاوى عیراق کە رێدەگرێت لە بەفیڕۆچونى 10 ملیار مەتر سێجا ئاو، ساڵانە لەڕێى بەهەڵم بون و دزەکردنەوە لەکۆگاو بەنداوەکانى عیراق کە لەسەدەى رابردودا دروستکراون وەک بەنداوەکانى (الثرثار، الحبانيه، الرزازه، الموصل، حديثه، دوكان، دربندخان).

عەلوەش پێشنیازى ئەوەش دەکات کرێى بەنداوەکانى تورکیا بەدابەزاندنى نرخى نەوت و گاز بکرێت بۆ تورکیا، هەروەها تۆڕى کارەباى عێراقیش پەیوەست بکرێت بەتورکیاو وڵاتانى دراوسێوە، تا ئەوکاتەى دەگەنە ئیدارەى هاوبەشى حەوزەکانى دجلەو فورات، لەگەڵ گرتنەبەرى کۆمەڵێک رێوشوێنیتر کە زامنى پاراستنى سامانى ئاو دەکات.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن