كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان: تانه‌ له‌ یاساكه‌ی په‌رله‌مان ده‌ده‌ین

June 7, 2018 at 4:24 pm

پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كۆمسیۆن

كه‌ركوك ناو

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ناڕازییه‌ له‌ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و بڕیاریداوه‌ تانه‌ی لێبدات، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی ئه‌وان به‌هۆی ژماره‌یه‌ك پێشێلكاریی و نه‌گونجانیه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌ستوردا.

ئه‌و بڕیاره‌ی كۆمسیۆن له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاراندا هات كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7-6 بڵاوكرایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عیراق دوێنێ چوارشه‌ممه‌ هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران په‌سه‌ندكرد، به‌ ئامانجی گرتنه‌به‌ری چه‌ند رێكارێك له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاراندا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی هه‌موو مافێكی خۆیان به‌كارده‌هێنن به‌پێی ده‌ستور و یاسا بۆ تانه‌دان له‌و هه‌مواره‌، چونكه‌ “له‌ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یدا ژماره‌یه‌ك پێشێلكاری هه‌یه‌ و ناگونجێت له‌گه‌ڵ ده‌ستور و پێچه‌وانه‌ی یاسای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌”.

به‌پێی هه‌مواری یاساكه‌ كاری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران و به‌رێوه‌به‌ری ئۆفیسه‌كانی كۆمسیۆن له‌ ته‌واوی پارێزگاكان راگیراوه‌ و له‌ بری ئه‌وان بڕیاره‌ یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری نۆ دادوه‌ر بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ و بۆ هه‌ر پارێزگایه‌كیش دادوه‌ریك بۆ راییكردنی كاره‌كانیان رابسپێرێت.

ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ئاماژه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی ته‌واو ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بۆ ئاسانكاری كاره‌كانیان و ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ دژی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان بن ئه‌گه‌ر پاڵپشتی یاسایی هه‌بێت.

هه‌روه‌ها جارێكیتر دڵنیایی خۆیان نیشانداوه‌ له‌ نه‌بونی كێشه‌ له‌ لایه‌نی هونه‌ری و یاسایی ئیداره‌دانی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق و ئاشكرایده‌كه‌ن، پێشتر زنجیره‌یه‌ك رێكار گیراونه‌ته‌به‌ر دژی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌مته‌رخه‌م بون له‌ ئه‌ركه‌كانیاندا، رێگه‌یان نه‌داوه‌ هیچ لایه‌نێكیش ده‌ستتێوه‌ردان له‌ كاره‌كانیاندا بكات یان كاریگه‌ری هه‌بێت.

په‌رله‌مانی عیراق له‌ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌نگه‌كانی عیراقی جێگیركردوه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی ده‌ره‌وه‌، ئاواره‌كان، جوڵه‌ی دانیشتوانی ژماره‌یه‌ك پارێزگا و ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌و هه‌نگاوه‌ی په‌رله‌مان له‌كاتێكدایه‌، ژماره‌یه‌ك قه‌واره‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوك و به‌غدا، له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن رازی نین و پێیانوایه‌ ساخته‌كاری و ده‌ستكاریكردنی ده‌نگه‌كان هه‌بووه‌، بۆیه‌ هه‌ندێكیان داوای هه‌ژماری ده‌ستی و به‌شێكیشیان داوای دوباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقیش، له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌یدا سێشه‌ممه‌ی رابردوو 5-6 راسپارده‌ و ئه‌نجامی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌ی كێشه‌كانی هه‌لبژاردنه‌وه‌ په‌سه‌ند كرد كه‌ تێیدا ده‌یسه‌لمێنن له‌ ژماره‌یه‌ك ناوه‌ند ساخته‌كاری هه‌بووه‌، بۆیه‌ ژماره‌یه‌ك رێكاریان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ركرد.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن