لێپرسراوانی شاره‌كه‌ ئاگادارنین
هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ ئێران راده‌وه‌ستێت

June 7, 2018 at 9:22 pm

كه‌ركوك، 2016، كۆمپانیای نه‌وتی باكور له‌ شاری كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك ناو

هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ ئێران، دوای ره‌وانه‌كردنی چه‌ند كاروانێك به‌ تانكه‌ر راگیراوه‌ و بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری كێشه‌ هونه‌رییه‌كاندا به‌فه‌رمی ده‌ستپێبكاته‌وه‌‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هێشتا لێپرسراوانی پارێزگاكه‌ ئاگاداری ورده‌كاری ئه‌و پرۆسه‌یه‌ نین.

به‌پێی رێككه‌وتنێكی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق و ئێران كراوه‌، بڕیاره‌ نه‌وتی كه‌ركوك ره‌وانه‌ی به‌ تانكه‌ر ئه‌و وڵاته‌ بكرێت، له‌ چه‌ند رۆژی رابردوشدا تاران ده‌ستپێكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی راگه‌یاند به‌ڵام به‌غدا ده‌ڵێت ته‌نیا بۆ تاقیكردنه‌وه‌ بووه‌.

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ئێستادا ئامادەكاریەكانی هەناردەكردنی نەوتی كەركوك لە رێگای تەنكەرەوە بۆ ئێران بە گشتی كۆتای پێنەهاتوە، لە ماوەی رابردوو چەند تانكەرێك رەوانە كراوە تەنها بەمەبەستی تاقیكردنەوەی رێگاكە بووه‌”.

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ هه‌ركاتێك ئامادەكارییەكان كۆتایی بێت به‌ فەرمی هەناردەكردنه‌كه‌ دەستپێدەكات، ئه‌و ئاماده‌كارییانه‌ش زیاتر پەیوەستە بەرێگاوبانەوە، چونكه‌ رێگه‌ی هاتوچۆی تانكه‌ره‌كان به‌رزی و نزمی و شاخاوییه‌، پێویسته‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بیر له‌ سه‌لامه‌تی بكرێته‌وه‌.

لە ماوەی رابردوو چەند تانكەرێك رەوانە كراوە تەنها بەمەبەستی تاقیكردنەوەی رێگاكە بووه‌

رێككه‌وتنه‌كه‌ی تاران و به‌غدا، بۆ هه‌نارده‌ی رۆژانه‌ی 30 تا 60 به‌رمیله‌ له‌رێی تانكه‌ره‌وه‌ بۆ شاری كرمانشان، دواتر وه‌رگرتنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان له‌ پاڵاوگه‌كانی باشوری عیراق.

جه‌بار لوعێبی، وه‌زیری نه‌وتی عیراق به‌ ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌ به‌هۆی كێشه‌ی هونه‌رییه‌وه‌ نه‌وتی كه‌ركوك هه‌نارده‌ی ئێران ناكرێت، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌كه‌ی حه‌وت مانگ له‌مه‌وبه‌ر واژۆكراوه‌.

ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئێران بڵاویكرده‌وه‌، تانكه‌ره‌كانی نه‌وتی خاوی كه‌ركوك گه‌یشتونه‌ته‌ وڵاته‌كه‌یان و لە خەزێنە نەوتییەکانی “دەرە شار” کە لە لایەن کۆمپانیای نیشتمانیی تارانه‌وه‌ ته‌رخانكراوه‌، تانكه‌ره‌كان خاڵی کراون.

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ نه‌وتی كه‌ركوك بۆ (كه‌ركوك ناو)، تائێستا ته‌نیا یه‌ك كاروان نه‌وتی شاره‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك رۆژێك له‌رێی چه‌ند تانكه‌رێكه‌وه‌ ره‌وانه‌ی ئێران كراون، دواتر پرۆسه‌كه‌ راگیراوه‌ به‌هۆی چه‌ند كێشه‌یه‌كه‌وه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتی “بەهۆی كێشەی تەكنیكی و ئیدارییەوە راگیرا و بڕیاروایە لە چەند رۆژی داهاتوو كێشەكە چارەسەر بكرێت و جارێكی دیكە هەناردەكه‌ دەستپێبكاتەوە”.

كه‌ركوك/له‌ ساڵی 2011، كۆمپانیای نه‌وتی باكور سه‌رپه‌رشتی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنی ته‌واوی نه‌وتی باكوری عیراقی ده‌كرد فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كەركوك ‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە‌و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بە ناوی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی، كەوتنە ژێر دەستی حكومەتی ناوەندی دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە‌ و لەوكاتەوە هەناردەی نەوتی پارێزگاكە، راوەستاوە.

جەمال مەولود، ئەندامی لیژنەی وزە و نەوت و غاز لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “وەكو ئەندامانی لیژنەكە تەنها (له‌باره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت) بیستومانە بەڵام هیچ شتێكی فەرمی و نوسراوێك بۆ ئێمە نەهاتوە”.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ دانیشتنه‌كانی په‌كیكه‌وتووه‌ و به‌شێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بون.

نەجات حوسێن، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “نزیكەی شەش مانگە لیژنەكەمان سڕكراوە.. به‌هۆی ئەوەی نە سەرۆكی ئەنجومەن و نە ئەندامانی ئەنجومەن  ئامادەن، كۆمپانیای نەوتیش هیچ دەعوەتنامەیەكمان بۆ نانێرن”.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئایاری ئه‌مساڵ ئاشكرایكرد پێشنیاری بۆ حكومه‌تی عیراقی كردووه‌ له‌ رێی بۆری نه‌وتبه‌ری هه‌رێمه‌وه‌ نه‌وتی كه‌ركوك ره‌وانه‌ی توركیا بكرێت له‌ژێر چاودێری به‌غدا، به‌ڵام هێشتا گفتوگۆی كۆتایی له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌كراوه.

لە سنوری پارێزگای كەركوك هەریەك لە كێڵگە نەوتیەكانی ئاڤانا ‌و بای حەسەن لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بوون و رۆژانه‌ 250 به‌رمیلی هه‌نارده‌ ده‌كرا، به‌ڵام له‌ ئێستادا لەگەڵ كیڵگە نەوتیەكانی قوبەی بابا ‌و جمبور ‌و خەبازە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقیدان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن