جوتیارانی كه‌ركوك سێ زیانیان به‌رده‌كه‌وێت

June 7, 2018 at 10:27 pm

كه‌ركوك، 5-6-2018، دروێنه‌ی گه‌نم له‌گوندی سمایل به‌گ له‌ناحیه‌ی شوان فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك ناو

به‌رهه‌می دانه‌وێڵه‌ی جوتیارانی كه‌ركوك كه‌میكردووه‌، به‌هۆی هاوكارینه‌كردنیان له‌لایه‌ن حكومه‌ت و نه‌بونی بارانه‌وه‌ له‌ واده‌ی خۆیدا، چاوه‌ڕوانده‌كرێت ساڵی داهاتووش روبه‌ڕوی زیانێكی دیكه‌ ببنه‌وه‌.

به‌وته‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ جوتیاران و لێپرسراوانی ئیداری، به‌رهه‌می ئه‌مساڵی گه‌نم و جۆ زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌ و به‌شێكیان به‌هۆی خراپیه‌وه‌ ناتوانرێت بدورێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا ساڵانی رابردوو ركابه‌ری سه‌ره‌كی پارێزگاكانی تری عیراق بون.

مستەفا حامد، جوتیار لە سنوری ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر له‌ رۆژهه‌ڵاتی كه‌ركوك ده‌ڵێت له‌ كاتێكدا پابه‌ندكراون به‌ چاندنی گه‌نم و جۆ، به‌ڵام له‌ دوو لاوه‌ زه‌ره‌مه‌ند بون، یه‌كه‌میان نه‌بونی بارانبارین بووه‌ له‌ كاتی خۆیدا و له‌ مانگی ئازاردا، دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت هاوكاری نه‌كردوون.

ئه‌و جوتیاره‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو خراپترین ساڵە بۆ بەرهەمەكانمان.. ئه‌و پارەیەی لە بەرهەمەكەم خەرجم كردووە، ئەمساڵ دەستم بكەوێتەوە ئەوا خۆم بە سودمەند دەزانم”.

به‌هۆی نەبارینی باران لە كاتی خۆیدا بەشێك لە جوتیاران زەری گەوەریان لێكەوتۆتەوە

گله‌یی ئه‌وه‌شی هه‌بوو دوای مانگێك چاوه‌ڕوانی ئه‌وكات ده‌توانن به‌رهه‌مه‌كانیان راده‌ستی سایلۆی كه‌ركوك بكه‌ن، له‌ به‌رانبه‌ردا حكومه‌ت له‌ پێدانی مافه‌ داراییه‌كانیاندا وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت “ده‌ستی ده‌ستیمان پێده‌كات”، چونكه‌ له‌مساڵدا توانیویه‌تی پاره‌ی گه‌نمی چوارساڵ له‌مه‌وبه‌ری وه‌ربگرێت.

ئاماره‌كانی به‌رهه‌می ئه‌مساڵی دانه‌وێڵه‌ له‌ كه‌ركوك ئاماده‌نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌ ساڵانی رابردوو له‌ پله‌ی دووه‌م و سێیه‌مدا ده‌هات له‌سه‌ر ئاستی عیراق.

زوهێر عەونی، بەڕێوەبەی كشتوكاڵی كەركوك به‌وه‌كاله‌ت به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بەرهەمی جوتیاران لە گەنم و جۆ لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر جیاوازی هەیە، بەڵام بەهۆی نەبارینی باران لە كاتی خۆیدا بەشێك لە جوتیاران زەری گەوەریان لێكەوتۆتەوە، هێشتا زووە بۆ ڕاگەیاندنی ئاماری بەرهەمەكان بۆ ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوو، چونكە هێشتا بەشێك لە جوتیاران بەرهەمەكانیان ڕادەست بە سایلۆی كەركوك نەكردووە”.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ “بەروبومی گەنم و جۆ زۆرباش نیە، بەشێوەیەك یەك و یەكی دەركردووە یاخود یەك و دوو یان سێ، واتا بۆ كیلۆك چاندنی گەنم لە دورینەوە بەرهەمەكە یەك كیلۆی دەرخستووە”.

كه‌ركوك، 5-6-2018، دروێنه‌ی گه‌نم له‌گوندی سمایل به‌گ له‌ناحیه‌ی شوان فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

جگه‌ له‌و دوو زیانه‌ی به‌هۆی هاوكارینه‌كردنی حكومه‌ت و نه‌بونی بارانه‌وه‌ به‌ر جوتیاران كه‌وتووه‌، هۆشداری دراوه‌ له‌وه‌ی بۆ ساڵی داهاتوو گره‌نتی دابینكردنی ئاو ناكرێت بۆ چاندنی گه‌نم و جۆ، به‌هۆی هه‌بونی كێشه‌ له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان له‌نێوان عیراق له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا.

شەهاب حەكیم نادر، بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەكانی كەركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی راگه‌یاند ئه‌و ئاوه‌ی له‌ به‌نداوی دوكان گلدراوه‌ته‌وه‌ له‌مساڵدا بۆ خواردنه‌وه‌ و باخه‌كان به‌شده‌كات، به‌ڵام رێگه‌نادرێت به‌كاربهێنرێت بۆ كشتوكاڵی گه‌نم و جۆ و برنج.

ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌هات ئێران به‌ردانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئاوی زێی بچوكی كه‌مكرده‌وه‌ به‌هۆی دروستكردنی به‌نداوه‌وه‌ له‌ خاكی وڵاته‌كه‌یدا، له‌كاتێكدا ئه‌و روباره‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دابینكردنی ئاوه‌ بۆ هاوڵاتیان و كشتوكاڵ له‌ تێپه‌ڕینیدا به‌ كه‌ركوكدا.

عادل عەونی، جوتیار لە سنوری ناحیەی شوان لە پارێزگای كەركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بەروبومی ئەمساڵی گەنم و جۆ زۆر خراپە، لە دورینەوەی جۆ كەمترین سودمان بینوە، بەجۆریك بە چاندنی تەنێك جۆ یەك تەن جۆمان دەستكەوتووە، ئەمەش كەمترین  ڕێژەی بەدەستهاتووی بەرهەمەكانمانە”.

جوتیارانی كەركوك لە نێوان حكومەتی عیرا و هەرێمی كوردستان بون به‌ قوربانی

“سەرەڕای ماندبون و زیانەكانمان، حكومەت هیچ هاوكاریەكمان ناكات، ساڵانە بڕی چوار بۆ پێنج هەزار لیتر گاز بەكاردێنن، حكومەت تەنها 400 لیتر گازمان پێدەدات، لە كاتی ڕادەستكردنی گەنم و جۆش بە سایلۆ ئەوەندە ماندومان دەكەن، پەشیمان دەبینەوە لە فرۆشتنی بە حكومەت، بەوهۆیەوە ناچارین لە بازاڕی ڕەش بیفرۆشین” عادل ده‌ڵێت هێشتا پاره‌ی سێ ساڵی رابردوی وه‌رنه‌گرتووه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی بازرگانی عیراق، تا سه‌ره‌تای حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ ملیۆنێك و 500 هه‌زار ته‌ن گه‌نم له‌ جوتیارانی ناوخۆیی وه‌رگیراون و پرۆسه‌كه‌ش، له‌ هه‌موو پارێزگاكان به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

مه‌ردان عه‌بدولره‌حمان، سەرۆكی لقی كەركوكی سەندیكای جوتیارانی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “جوتیارانی كەركوك لە نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا بون به‌قوربانی، هەردوو حكومەت سەرەڕای نەدانی دەرمان و كەلوپەل، مافەكانی جوتیارانیش دەخۆن”.

ئه‌و رونیكرده‌وه‌ ئه‌و ده‌رمانه‌ی بۆ جوتیاران ره‌وانه‌ ده‌كرێت ده‌ستی به‌سه‌رداده‌گیرێت و له‌ بازاڕدا ده‌فرۆشرێته‌وه‌.

“حكومەت نەك هاوكار نابێت، بەڵكو بۆتە بارگرانی بۆ جوتیارانی سنوری كەركوك، له‌كاتێكدا پێویستە ساڵانە گاز بدرێتە جوتیاران بۆ ئەوەی بەرهەمی دەغڵ و دان بدورنەوە، نەك ئەوەی نەكردووە بەڵكو كرێی كاركردنی دەڕاسه‌ی گران كردووه‌”، مه‌ردان داواشیكرد تا زووه‌ حكومه‌ت خه‌م له‌ سامانی كشتوكاڵی وڵات بخوات.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن