له‌ كه‌ركوك ته‌قینه‌وه‌ رویدا

June 8, 2018 at 10:55 pm

كه‌ركوك/8ی حوزه‌یرانی 2018/ ئۆتۆمبێلێكی فریاكه‌وتن له‌ نزیك شوێنی ته‌قینه‌وه‌كان

ئیبراهیم عوبه‌یدی – كه‌ركوك

دوو بۆمب له‌ دوو شوێنی جیاوازدا له‌ كه‌ركوك ته‌قینه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هاوڵاتییه‌ك كوژراو 14ی تر برینداربون.

روداوه‌كان دوای كاتژمێر 10ی شه‌و له‌ ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك رویاندا.

بۆمبی یه‌كه‌م له‌ نزیك مزگه‌وتی ئه‌برار له‌ شه‌قامی قودسی شاری كه‌ركوك بوه، به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بۆ (كه‌ركوك ناو).

سه‌رچاوه‌كه‌ وتیشی “بۆمبی دووه‌م له‌لایه‌ن ئۆتۆمبێلێكی جۆری توێتاوه‌ له‌ رێگای به‌غدا له‌نزیك كافتریای عه‌راب هه‌ڵدراوه‌ و دواتر ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ره‌و شوێنێكی نادیار رۆیشتوه‌”.

له‌و دوو روداوه‌دا هاوڵاتییه‌ك كوژراو 14ی تر برینداربون، له‌گه‌ڵ گڕگرتنی ئۆتۆمبێلێك، هه‌ر به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی (كه‌ركوك ناو).

هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و روداوه‌دا ئاڕ پی چی-یه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كی موسه‌ڵا ئاراسته‌ی ناو شار كرا، به‌ڵام زیانی گیانی نه‌بوه‌.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین ته‌قینه‌وه‌یه‌ روده‌دات له‌ دوای مانگی نیسانی رابردو له‌ شاری كه‌ركوك كه‌ قوربانی هه‌بێت.

له‌15-4و له‌ ناوچه‌ی پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، له‌ گه‌ڕه‌كی خه‌زرا له‌ ناوه‌ڕاستی شاری كه‌ركوك، ئۆتۆمبێلێك ته‌قییه‌وه‌ به‌هۆیه‌وه‌ مه‌ده‌نییه‌ك كوژراوو لانیكه‌م 10 كه‌سیش برینداربون.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن