زه‌نگێك خوانێكی به‌ربانگی كرد به ‌شین
چیرۆكی مه‌یاده‌، ئه‌و كچه‌ی بۆمبێك نه‌یهێشت جلی جه‌ژن بپۆشێت

June 10, 2018 at 12:27 am

كه‌ركوك/2017/ مه‌یاده‌ حه‌مید له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانی له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچون له‌ زانكۆ فۆتۆ: ئه‌كاونتی مه‌یاده‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك ناو

مه‌یاده‌ و ئه‌حلامی هاوته‌مه‌ن،‌ پور و خوشكه‌زای یه‌كترن، پێكه‌وه‌ پێده‌كه‌نن و خواردن بۆ سه‌ر خوانێكی به‌ربانگ ده‌به‌ن له‌ ماڵی باوه‌ گه‌وره‌.

خواردنه‌كان له‌و جۆرانه‌ن كه‌ مه‌یاده‌ حه‌زیان پێده‌كات‌، خوانه‌كه‌ به‌ده‌ستی ئه‌و دوو هاوڕێ هه‌میشه‌ییه‌ رازێنرایه‌وه‌، هه‌ندێك نزاده‌كه‌ن و له‌ چاوه‌ڕوانی بانگی ئێواره‌دان بۆ شكاندنی رۆژوه‌كانیان له‌وانه‌ش مه‌یاده‌.

ئاماده‌كارییه‌كانی جه‌ژن، هه‌ر له‌سه‌ر خوانه‌كه‌ گفتوگۆ ده‌كرێت، جلوبه‌رگ، رازاندنه‌وه‌ی ماڵ، نوقڵ و شیرینی بۆ میوان.

مه‌یاده‌ حه‌مید (25 ساڵ) دوای نانخواردن و پشودان، له‌گه‌ڵ دایك و خوشكه 14 ساڵه‌كه‌ی، ماڵی باوه‌ گه‌وره‌ به‌جێده‌هێڵن و بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی جه‌ژن به‌ره‌و بازاڕ رێده‌كه‌ن، ئه‌حلام له‌ ده‌رگا به‌ڕێیانده‌كات و ده‌ستی مه‌یاده‌ به‌رده‌دات.

خۆشیی ئه‌و ئێواره‌یه‌‌ تا كاتژمێر 10ی شه‌و له‌ ناخ و دڵی ئه‌حلامدا هاتوچۆی ده‌كرد‌، به‌ڵام زه‌نگێك هه‌موو شتێكی گۆڕی، “مه‌یاده‌ كوژرا، دایك و خوشكه‌كه‌ی خه‌ڵتانی خوێن بون و بێهۆشن”، ئه‌حلام ده‌ستده‌كات به‌ گریان..

دوای دوو مانگ له‌ ئارامی، له‌ رۆژی هه‌ینی 8ی حوزه‌یران دوو بۆمب له‌ دوو شوێنی جیاوازی ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك ته‌قینه‌وه‌ و یه‌كێك له‌و بۆمبانه‌ له‌نزیك مزگه‌وتی ئه‌برار له‌ شه‌قامی قودس خێزانه‌كه‌ی مه‌یاده‌ی كرده‌ ئامانج.

ئەحلام سامى هاوته‌مه‌ن و پوری مه‌یاده‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “وتم مه‌یاده‌ لای من بمێنه‌وه‌ مه‌چۆ بۆ بازاڕ، وتی ده‌بێت جلی جه‌ژن بكڕم… ئیتر ئه‌و رۆیشت و نایبینمه‌وه‌‌”.

وتم مه‌یاده‌ لای من بمێنه‌وه‌ مه‌چۆ بۆ بازاڕ، وتی ده‌بێت جلی جه‌ژن بكڕم… ئیتر ئه‌و رۆیشت و نایبینمه‌وه‌‌

“رۆژوه‌كه‌یان شكاند و پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر خوانه‌كه‌ دانیشتین و قسه‌مانكرد، نه‌مزانی ئه‌وه‌ دوا دانیشتنه‌، من بیری ئه‌و ده‌كه‌م، شه‌و رۆژ پێكه‌وه‌بوین، ئێمه‌ وه‌كو هاوڕێ بوین نه‌ك پور و خوشكه‌زا”، ئه‌حلام به‌گریانه‌وه‌ وای وت.

كه‌ركوك/9ی حوزه‌یرانی 2018/ شوێنه‌واری ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێك كه‌ كچێك به‌ناوی مه‌یاده‌ حه‌مید به‌هۆیه‌وه‌ گیانیله‌ده‌ستداو دایك و خوشكێكی برینداربون له‌ شه‌قامی قودس فۆتۆ: كاروان ساڵحی

مه‌یاده‌‌ حه‌مید ده‌رچوی كۆلێژی كارگێڕیی و ئابوری زانكۆی كه‌ركوك بوو، باوكی له شوباتی 2008 هه‌ر به‌ روداو‌ی ته‌قینه‌وه‌ له‌سه‌ر سنوری عیراق – ئه‌رده‌ن گیانیله‌ده‌ستدا كاتێك ده‌یویست بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر بچێته‌ ئه‌رده‌ن.

مه‌یاده‌ به‌هۆی به‌هێزی ته‌قینه‌وه‌ی یه‌كه‌م، ده‌كه‌وێته‌ سه‌رزه‌ویی و به‌وته‌ی كه‌سوكاری سه‌ری به‌ر شۆسته‌ی شه‌قامه‌كه‌ كه‌وتوه‌ و پارچه‌ی بۆمبه‌كه‌ به‌ر چه‌ند شوێنێكی جه‌سته‌ی كه‌وتوه‌. به‌ر له‌گه‌یشتنی بۆ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌و ده‌مرێت.

مه‌سعه‌ب حەمید براى مەیادە به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دایكم ته‌ندروستی باش نییه‌، هه‌ر شه‌وی ته‌قینه‌وه‌كه‌ نەشتەرگەرى دورینەوەى گەدەیان بۆ كردوه‌، بەڵام پێویستى بە نەشتەرگەرى دیکە هەیە، پزیشكه‌كان ده‌ڵێن بەهۆى پەستانى خوێنەوە ناتوانن نەشتەرگەرى بۆ بکەن و لە چاوەڕوانى ئەوەدان پەستانى خوێنى دابەزێت”.

هه‌رچی مه‌ریه‌می 14 ساڵه‌، چه‌ند پارچه‌یه‌ك له‌ سه‌ر و جه‌سته‌ی دایه‌و ئه‌ویش پێویستی به‌ نه‌شته‌رگه‌ری هه‌یه‌.

مه‌سعه‌ب پرسیار ده‌كات “ئێمه‌ چیمان به‌سه‌ر هات؟ باوك، خوشكه‌كه‌م مردن، دایكم و خوشكه‌كه‌ی تریشم بێهۆشن ته‌قینه‌وه‌ كه‌ی كۆتایی دێت؟”.

باوك، خوشكه‌كه‌م مردن، دایكم و خوشكه‌كه‌ی تریشم بێهۆشن ته‌قینه‌وه‌ كه‌ی كۆتایی دێت؟

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین ته‌قینه‌وه‌یه‌ روده‌دات له‌ دوای مانگی نیسانی رابردو له‌ شاری كه‌ركوك كه‌ قوربانی هه‌بێت.

له‌15-4و له‌ ناوچه‌ی پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، له‌ گه‌ڕه‌كی خه‌زرا له‌ ناوه‌ڕاستی شاری كه‌ركوك، ئۆتۆمبێلێك ته‌قییه‌وه‌ به‌هۆیه‌وه‌ مه‌ده‌نییه‌ك كوژراوو لانیكه‌م 10 كه‌سیش برینداربون.

عیراق له‌ دوای ساڵی 2003ه‌وه‌ ئارامی ته‌واوی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، ته‌قینه‌وه‌كان به‌هۆی بونی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ناو پارێزگاو سه‌نته‌ری شاره‌كان هێشتا مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر هاوڵاتیان.

كه‌ركوك كه‌ له‌ چوار ساڵی رابردودا تاڕاده‌یه‌ك روداوه‌كانی ته‌قینه‌وه‌ بنبڕكرابون، خه‌ریكه‌ ئه‌و نائارامییه‌ بۆ پارێزگاكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

كه‌ركوك/9ی حوزه‌یرانی 2018/ پرسه‌ی مه‌یاده‌ حه‌مید (25ساڵ) كه‌ به‌ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێك گیانیله‌ده‌ستدا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌وانه‌ش داعش هه‌رچه‌نده‌ ناوچه‌كانیان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌چوار سالی رابردودا كۆنترۆڵیان كردبوو، به‌ڵام هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر پارێزگاكه‌ و مۆڵگه‌ی سه‌ربازییان هه‌یه‌ له‌و ناوچانه‌ی سه‌ختن.

پۆلیس هێشتا هیچ گروپێكی دیاریكراوی تۆمه‌تبارنه‌كردوه‌، له‌سه‌ر دوو ته‌قینه‌وه‌كه‌ی هه‌ینی رابردوو.

ته‌قینه‌وه‌ی یه‌كه‌م، جگه‌ له‌ كوژرانی مه‌یاده‌ 14 كه‌سی تری برینداركرد، به‌ڵام بۆمبی دووه‌م كه‌ له‌ناو ئۆتۆمبێلێكه‌وه‌ و له‌نزیك كافتریایه‌ك هه‌ڵدرا، زیانی نه‌بوو.

سەرمەد محه‌مەد ئامۆزای مەیادە به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “داواکارین سیاسییه‌کان ململانێکانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن نه‌ك شه‌ڕی خۆیان به‌ هاوڵاتیان بكه‌ن”.

داواکارین سیاسییه‌کان ململانێکانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن نه‌ك شه‌ڕی خۆیان به‌ هاوڵاتیان بكه‌ن

له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایاری رابردو گرژیی نه‌ته‌وه‌یی له‌ كه‌ركوك دروستبوه‌، به‌هۆی تۆمه‌تباركردنی یه‌كتر به‌یاریكردن به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌.

توركمانه‌كان كه‌ پارتێكی كوردی به‌ یاریكردن به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، دوای 26 رۆژ خۆپیشاندان، شه‌وی ته‌قینه‌وه‌كه‌ كۆتاییان به‌ خۆپیشاندانه‌كان هێنا.

به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه‌ ئه‌و دوو روداوه‌ په‌یوه‌ندی به‌و ناكۆكییانه‌وه‌ هه‌بێت.

“شه‌قامه‌كانی شارى کەرکوک له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی جه‌ژن زۆر قه‌ره‌باڵغن‌، پێویستە دەزگا ئەمنییه‌کان مەفرەزەکانیان زیادبکەن و هاتوچۆى هاوڵاتیان رێکبخەن، له‌و دوو ته‌قینه‌وه‌یه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌رپرسیارن”، سه‌رمه‌د محه‌مه‌د ئامۆزای مه‌یاده‌ وای وت.

كه‌ركوك/8ی حوزه‌یرانی 2018/ ئۆتۆمبێلێكی فریاكه‌وتن له‌ نزیك شوێنی ته‌قینه‌وه‌كه‌

ئه‌وكاته‌ی په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئه‌و خێزانه‌ی جێهێشت، مه‌یاده‌ له‌ گۆڕستان بوو، دایك و كچه‌ 14 ساڵانه‌كه‌ی تری له‌ چاوه‌ڕوانی نه‌شته‌رگه‌ریی له‌ ئازاردا ده‌تلانه‌وه‌، ئه‌حلامیش له‌ پرسه‌ی هاوڕێ هه‌میشه‌ییه‌كه‌یدا ده‌گریاو ده‌گریا.

“ئیتر كێ له‌ ڤایبه‌ر و مه‌سنجه‌ر نامه‌م بۆ بنێرێت، با ته‌قینه‌وه‌ ته‌واوبێت من مه‌یاده‌م ده‌وێته‌وه‌”، ئه‌حلام وای وت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن