ئاگر له‌ كۆگایه‌كی كۆمسیۆن كه‌وته‌وه‌
وه‌زاره‌تی ناوخۆ: سندوقی ده‌نگه‌كان پارێزراون

June 10, 2018 at 5:59 pm

به‌غدا، 10-6-2018، ئاگر له‌ كۆگایه‌كی ئامێر و كه‌لوپه‌له‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌وته‌وه‌ فۆتۆ: فه‌یسبوك

كه‌ركوك ناو

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق، جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و ئاگره‌ی له‌ كۆگایه‌كی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كه‌وته‌وه‌ له‌ به‌غدا، كه‌مترین زیانی به‌ سندوقی ده‌نگه‌كان گه‌یاندووه‌ و دۆخه‌كه‌ش كۆنتڕۆڵكراوه‌.

دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10-6 له‌ شه‌قامی فه‌له‌ستین له‌ به‌ری ره‌سافه‌ی شاری به‌غدا ئاگر له‌ كۆگایه‌كی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی عیراق كه‌وته‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرا بۆ هه‌ڵگرتنی سندوق و ئامێره‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.

سه‌عد مه‌عن، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق له‌ شوێنی روداوه‌كه‌وه‌ به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا چوار كۆگا هه‌یه‌ و ئاگر ته‌نیا له‌ كۆگایه‌كیان كه‌وتۆته‌وه‌، سێ كۆگاكه‌ی تر له‌ زیان به‌دوورن.

به‌ وته‌ی ناوبراو ئه‌و كۆگایه‌ی سوتاوه‌ ژماره‌یه‌ك ئامێر و كه‌لوپه‌لی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی تێدا بووه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك به‌ڵگه‌ و چه‌ند سندوقێكی ده‌نگه‌كانیش له‌و كۆگایه‌دا بینراون.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆ جه‌ختیكرده‌وه‌ زۆربه‌ی سندوق و به‌ڵگه‌ گرنگه‌كان له‌ سێ كۆگاكه‌ی تردان كه‌ دورن له‌ ئاگره‌كه‌ و له‌لایه‌ن تیمه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ سندوقه‌كان ئێستا پارێزراون.

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كرد چه‌ندین تیم له‌ناوچه‌ی روداوه‌كه‌وه‌دا ئاماده‌ن و ئاگره‌كه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك لایه‌ن و قه‌واره‌ی سیاسی له‌ عیراق گومانی خۆیان نیشاندا له‌ روداوه‌كه‌وه‌ و به‌شێكیان به‌ “به‌رنامه‌ بۆ دارێژراو” ناویان برد.

محه‌مه‌د روبه‌یعی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌غدا له‌باره‌ی روداوه‌كه‌وه‌ به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند كه‌ سندوقی ده‌نگه‌كانی كه‌رتی ره‌سه‌فای كۆمسیۆن هه‌مویان له‌ كۆگایانه‌دابون و به‌ ته‌واوی سوتاون.

ئه‌و روداوه‌كه‌وه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست، ئه‌وه‌ش به‌پێی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك لایه‌ن ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی به‌رانبه‌ر هه‌ژمار و جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌نگه‌كان.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و هه‌مواره‌ یاساییه‌ی په‌رله‌مان بڕیادراوه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانه‌كانی ده‌ره‌وه‌، مه‌رجدار و تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی هه‌بونی ساخته‌كاری، له‌گه‌ڵ راگرتنی كاری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆن كه‌ له‌ ئێستادا نۆ دادوه‌ر جێگه‌ی گرتونه‌ته‌وه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن