داعش شه‌ش هاوڵاتی له‌ گوندی زه‌نقه‌ره‌ی كاكه‌یی ده‌ڕفێنێت

June 11, 2018 at 11:57 am

كه‌ركوك/ئایاری 2018/ گوندی زه‌نقه‌ره‌ی كاكه‌یینشین به‌ره‌و چۆڵبون ده‌چێت به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش له‌ ناوچه‌كه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

چه‌كدارانی داعش به‌ره‌به‌یانی دووه‌شممه‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر گوندی زه‌نقه‌ره‌ له‌ قه‌زای داقوق و ئاغایه‌كی كاكه‌ییه‌كان و پێنج شۆفێری ده‌ڕاسه‌ كه‌ له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌بن ده‌ڕفێنن.

روداوه‌كه‌ كاتژمێر 2:30 خوله‌كی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رویداوه‌، كاتێك چه‌كدارانی داعش كه‌ خه‌ڵكی گونده‌كه‌ به‌ 20 چه‌كدار مه‌زنده‌یان ده‌كه‌ن، ده‌چنه‌ ناو گونده‌كه‌وه‌ و ئه‌و شه‌ش هاوڵاتییه‌ ده‌ڕفێنن و تائێستاش بێسه‌روشوێنن.

ئومێد حسين، فه‌رمانده‌ له‌ لیوای بابلیۆنی حه‌شدی شه‌عبی له‌ سنوری داقوق، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و چه‌كدارانه‌ به‌جلوبه‌رگی سه‌ربازیی دزه‌یانكردۆته‌ ناو گوندی زه‌نقه‌ره‌ كه‌ نزیكه‌ی 20 چه‌كدار بون، فه‌رهاد ئاغای كاكه‌یی و پێنج شۆفێری ده‌ڕاسه‌یان رفاندوه‌ كه‌ ئیشیان بۆ فه‌رهاد ئاغا كردوه‌”.

چه‌كداره‌كان ئه‌و شه‌ش هاوڵاتییه‌یان به‌ره‌و شوێنێكی نادیار رفاندوه‌ و تائێستاش هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر چاره‌نوسیان نییه‌.

هه‌روها ئۆتۆمبێلێكی پیكاب-ی ماڵی فه‌رهاد ئاغای كاكه‌ییان له‌گه‌ڵ خۆیان بردوه‌.

“چه‌ند جار داوامانكردوه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ پێویستی به‌هێزی ئه‌منی زیاتره‌ به‌تایبه‌ت له‌ سنوری كاكه‌ییه‌كان، چونكه‌ هێزه‌كه‌ی ئێمه‌ ناتوانێن كۆنترۆڵی هه‌موو ناوچه‌كه‌ بكات، به‌ڵام بێسود بوه‌”، ئومێد حسێن فه‌رمانده‌ له‌ لیوای بابلیۆن وای وت.

كه‌ركوك/ئایاری 2018/ گوندی زه‌نقه‌ره‌ی كاكه‌یینشین فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كاكه‌ییه‌كان له‌ ئێستادا له‌ گوندی زه‌نقه‌ره‌ی كاكه‌یینشین‌ كۆبونه‌ته‌وه‌و گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و روداوه‌ و روداوه‌كانی پێشتر ده‌كه‌ن.

(كه‌ركوك ناو) له‌ڕاپۆرتێكیدا 5ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌ گونده‌ كاكه‌ییه‌كانی كه‌ركوك جموجۆڵی داعش زۆر بوه‌و ئه‌و پێكهاته‌یه‌ ده‌كرێته‌ ئامانج.

كاكه‌ییەکان كه‌ زۆرینه‌یان له‌ گونده‌كانی داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك نیشته‌جێن) له‌ راپۆرته‌كه‌دا داوای هاوكاریی به‌په‌له‌یان كرد، ئه‌گه‌رنا هه‌ڵویستی تر ده‌گرنه‌به‌ر.

بڵاوبونه‌وه‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌ 25ی نیسان كه‌ تیایدا داعش به‌ ده‌مانچه‌ دوو هاوڵاتی كاكه‌یی ده‌كوژن، مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئه‌و پێكهاته‌ كاكه‌ییه‌ی زیاتر كرد؛ ئه‌و دوو كه‌سه‌ پێنج مانگ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ سنوری داقوق رفێنران.

ره‌جه‌ب عاسی کاکەیی، لێپرسراوی رێخراوی میرپا بۆ پەرەپێدان و رۆشنبیرى ئایینی یارسانی، پێشتر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بارودۆخی ئه‌منی گونده‌ كاكه‌یینشینه‌كان رۆژ دوای رۆژ خراپتر ده‌بێت، بۆشایی ئه‌منی له‌ ناوچه‌كه‌ دروستبوه‌ و کاکەییەکان بونەتە ئامانجی سەره‌کی گروپه‌ توندڕە‌وه‌كانی وەک داعش”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن