چوار كه‌س به‌هۆی ئاگری كۆگاكه‌ی كۆمسیۆنه‌وه‌ ده‌ستگیرده‌كرێن

June 11, 2018 at 10:00 pm

به‌غدا، 10-6-2018، كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر له‌ كۆگایه‌كی كه‌لوپه‌ل و سندوقی ده‌نگه‌كانی كۆمسیۆن فۆتۆ: كۆمسیۆن

كه‌ركوك ناو

چوار كه‌س به‌ تۆمه‌تی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كۆگاكه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستگیرده‌كرێن، له‌ نێویاندا سێ له‌ كارمه‌ندانی پۆلیس، ئه‌وه‌ش به‌پێی بڕیاری دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی ره‌سافه‌ له‌ به‌غدا.

دوانیوه‌ڕۆی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 10-6 له‌ كۆگایه‌كی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌كان له‌ به‌غدا ئاگر كه‌وته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك ئامێری ئه‌لیكترۆنی و كه‌لوپه‌لی جیاوازی كۆمسیۆن له‌ نێویاندا سندوقی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان سوتان.

عه‌بدولستار به‌یره‌قدار، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ئاشكرایكرد به‌ بڕیاری دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی ره‌سافه‌ چوار تۆمه‌تبار راگیراون به‌هۆی تاوانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كۆگاكانی كۆمسیۆن، له‌وانه‌ش سێ پۆلیس و كارمه‌ندێكی كۆمسیۆن.

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كه‌ له‌ ئێستادا له‌رێی ژماره‌یه‌ك دادوه‌ره‌وه‌ كاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران راییده‌كات له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هۆشداریده‌دات هه‌ركه‌سێك هه‌وڵی یاریكردن بدات به‌ به‌ڵگه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان روبه‌ڕوی توندترین سزا ده‌بێته‌وه‌.

له‌ سه‌روبه‌ندی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك لایه‌ن و قه‌واره‌ی سیاسی له‌ عیراق گومانی خۆیان نیشاندا له‌ روداوه‌كه‌وه‌ و به‌شێكیان به‌ “به‌رنامه‌ بۆ دارێژراو” ناویان برد، له‌ نێویاندا سه‌لیم جبوری، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوایكرد هه‌ڵبژاردن به‌وهۆیه‌وه‌ دوباره‌ بكرێته‌وه‌.

ئه‌و هه‌نگاوه‌ی دادگا له‌باره‌ی روداوه‌كه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌دێت حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق داوای به‌ زویی ئاشكراكردنی هۆكاره‌كانی ئه‌و ئاگره‌ی كرد و به‌پێویستی زانی، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان رێكاری توندتر بگرنه‌به‌ر بۆ پاراستنی كۆگاكانی كۆمسیۆن.

ئه‌و روداوه‌كه‌وه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست، ئه‌وه‌ش به‌پێی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك لایه‌ن ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی به‌رانبه‌ر هه‌ژمار و جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌نگه‌كان.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و هه‌مواره‌ یاساییه‌ی په‌رله‌مان بڕیادراوه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانه‌كانی ده‌ره‌وه‌، مه‌رجدار و تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی هه‌بونی ساخته‌كاری، له‌گه‌ڵ راگرتنی كاری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆن كه‌ له‌ ئێستادا نۆ دادوه‌ر جێگه‌ی گرتونه‌ته‌وه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن