یه‌كێتی و پارتی له‌ كه‌ركوك و‌ نه‌ینه‌وا كورسی له‌ده‌ستده‌ده‌ن

June 12, 2018 at 1:39 pm

كه‌ركوك، 10-5-2018، ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بن له‌ ئاستی عیراق له‌ په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق و چاوه‌ڕوانده‌كرێت به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند كورسییه‌ك له‌ده‌ستبده‌ن.

په‌رله‌مانی عیراق 6ی حوزه‌یران هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی په‌سه‌ندكرد و تێیدا بڕیاریدا به‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ته‌واوی ده‌نگه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی ده‌ره‌وه‌، ئاواره‌كان، جوڵه‌ی دانیشتوان، له‌گه‌ل ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان.

بۆچی هه‌مواری یاساكه‌؟

هه‌مواری یاساكه‌ دوای ناڕه‌زایی فراوانی ژماره‌یه‌ك لایه‌نی سیاسی هات له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان، دژی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و بێده‌نگی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان.

ئه‌و لایه‌نانه‌ جه‌ختیانكردنه‌وه‌ له‌ یاریكردن به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نی سیاسییه‌وه‌.

به‌هۆیه‌وه‌ په‌رله‌مان جگه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگی ئاواره‌، تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌نگدانی ده‌ره‌وه‌ و جوڵه‌ی دانیشتوان، بڕیاریدا به‌ هه‌ڵپه‌ساردنی كاره‌كانی كۆمسیۆنیش.

هه‌ردوو پارێزگای نه‌ینه‌وا و كه‌ركوك، هاوشانی هه‌رێمی كوردستان پشكی شێری گۆڕانكارییه‌كانیان به‌رده‌كه‌وێت به‌پێی هه‌موار یاساكه‌، یه‌كێتی و پارتی-ش وه‌ك زه‌ره‌رمه‌ندترین هێز.

چۆن یه‌كێتی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت؟

له‌ پارێزگای كه‌ركوك یه‌كێتی زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت، كه‌ له‌ ئێستا به‌ به‌ده‌ستهێنانی شه‌ش كورسی نیوه‌ی كورسییه‌كانی پارێزگاكه‌ی بۆ خۆی بردوه‌، هه‌روه‌ها له‌ سلێمانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ كه‌ هه‌شت كورسی هه‌یه‌ له‌ كۆی 18 كورسی.

كه‌ركوك/7ی ئازاری 2010/ لایه‌نگرانی یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان وێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی كۆچكردوی حزبه‌كه‌یان ماچ ده‌كه‌ن له‌ ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

به‌پێی ئاماری ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی، كه‌ پێشتر به‌ (كه‌ركوك ناو) دراوه‌، نزیكه‌ی 40 هه‌زار ده‌نگده‌ری كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوكن، واته‌ له‌ سلێمانی و هه‌ولێر نیشته‌جێن و ده‌نگده‌ری جوڵه‌ی دانیشتوانیان پێده‌وترێت.

ئه‌گه‌ر سه‌دا 50ی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ ده‌نگیان دابێت نزیكه‌ی 20 هه‌زار ده‌نگ ده‌كات كه‌ نزیكده‌بێته‌وه‌ له‌ كورسییه‌ك، به‌ڵام به‌پێی هه‌مواری یاساكه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌فه‌وتێت.

یه‌كێتی خۆی به‌ خاوه‌نی زۆرینه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌زانێت و به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش بێت ئه‌و زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت.

جگه‌ له‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ پرسی ئاواره‌كانیش زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت به‌تایبه‌ت له‌ دیاله‌ و كه‌ركوك.

ئه‌و حزبه‌ له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تیشدا كه‌ به‌پێی یاساكه‌ هه‌ژمارناكرێت، نزیكه‌ی دوو كورسی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ستده‌دات، كه‌ به‌پێی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو ته‌نیا له پارێزگای‌ سلێمانی نزیكه‌ی 40 هه‌زار ده‌نگی هه‌بوه‌.

خەسرۆ گۆران، لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، ده‌ڵێت “بەڕەتكردنەوەی دەنگدانی ئاوارەكان بێگومان ژمارەی كورسییەكانی پارتی لەموسڵ ‌و یەكێتی لەكەركوك كەمدەكات، چونكە سەدان هەزار كەس بێبەش دەكرێن لەمافی دەنگدان”.

پارتی له‌ نه‌ینه‌وا و هه‌رێمی كوردستان كورسی له‌ده‌ستده‌دات

پارتی كه‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا خاوه‌نی شه‌ش كورسییه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ به‌هێزترین لیسته‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م بێت، به‌هۆی هه‌ژمارنه‌كردنی ده‌نگی ئاواره‌كان.

كه‌ركوك، 10-5-2018، ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: عومه‌ر جه‌واد

پارتی له‌و پارێزگایه‌ پشتی به‌ ده‌نگی ئاواره‌كان به‌ستوه‌، زۆرینه‌ی كه‌مپی ئاواره‌كان له‌ سنوری جوگرافیای ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و حزبه‌دان، هه‌روه‌ها ئه‌و ناوچانه‌ی له‌دوای ساڵی 2003ه‌وه‌ له‌ نه‌ینه‌وا له‌ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆیدابون هێشتا زۆرێك له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا به‌پێی یاساكه‌ ده‌نگه‌كانیان ده‌فه‌وتێت.

هه‌روه‌ها له‌ ده‌نگدانی ده‌ره‌وه‌شدا هه‌رچه‌نده‌ زۆر نییه‌، به‌ڵام پارتی زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ نێو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هێزی یه‌كه‌مه‌.

خه‌سره‌و گۆران ده‌ڵێت “رەتكردنەوەی دەنگەكانی دەرەوە و دەنگدانی ئاوارەكان، بەڵێ ئەگەر ئەو دەنگانە رەتبكرێنەوە بێگومان كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانمان دەبێت.”

هاوشانی كه‌ركوك، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بنكه‌ی ده‌نگدانی بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی نه‌ینه‌واش كردبۆوه‌ كه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك نیشته‌جێن و ده‌نگده‌ری جوڵه‌ی دانیشتوانیان پێده‌وترێت، له‌وه‌شدا پارتی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت له‌ نه‌ینه‌وا.

پارتی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا زۆرترین ده‌نگده‌ری هه‌یه‌ له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تدا به‌پێی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو، بۆیه‌ هه‌مواری یاساكه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كورسییه‌كانی ده‌بێت.

خەسرۆ گۆران، ده‌ڵێت “ئێمه‌ لە دوبارە جیاكردنەوەو هه‌ژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست ناترسین، بەڵام لەڕەتكردنەوەی دەیان هەزار سندوقی دەنگدانی تایبەت دەترسین بێگومان ئەوە كاریگەری لەسەر دەنگ و ژمارەی كورسییەكانمان دەبێت”.

لەڕەتكردنەوەی دەیان هەزار سندوقی دەنگدانی تایبەت دەترسین بێگومان ئەوە كاریگەری لەسەر دەنگ و ژمارەی كورسییەكانمان دەبێت

سه‌عید كاكه‌یی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سڕكراوی كۆمسیارانی سه‌ر به‌كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، به‌ ماڵپه‌ڕی مه‌دا-ی راگه‌یاندوه‌ كه‌ به‌هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگی به‌شێك له‌ ده‌نگده‌ران، “نزیكه‌ی 20 كاندیدی سه‌ركه‌وتوو له‌و دۆخه‌ نوێیه‌ی هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ ده‌كه‌ون، له‌بری ئه‌وان 20 كاندیدی دیكه‌ شوێنیان ده‌گرنه‌وه”.

 

یه‌كێتی و پارتی چی ده‌كه‌ن؟

هه‌ر له‌ رۆژی په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌دا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنیان ره‌تكرده‌وه‌ و جه‌ختیان له‌ تۆماركردنی سكاڵا لای دادگای فیدراڵی كرده‌وه‌.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژی یه‌كێتی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا یاساكه‌ی ره‌تكرده‌وه‌، به‌ هه‌نگاوێكی نایاسایی ناویبرد، وتی “ئەوەی جێی نەنگییە و لەهەموویان خراپترە، لەبری ئەوەی سوپاسی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و ناوخۆ بكرێت و رێز لەشەهیدەكانیان بگیرێت، بەڵام خەریكە بەبڕیارێك دەنگەكانیشیان دەفەوتێنرێت”.

لەبری ئەوەی سوپاسی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش بكرێت، خەریكە بەبڕیارێك دەنگەكانیشیان دەفەوتێنرێت

یه‌كێتی كۆتایی هه‌فته‌ی رابردو سكاڵای له‌ دادگای فیدراڵی تۆماركرد و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامه‌.

هاوكات خه‌سرۆ گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی له‌باره‌ی هه‌مواری یاساكه‌وه‌  په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ڵێت له‌به‌رئه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان له‌باره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانەوە “سیاسیین”، بۆیه‌ له ‌دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ن.

“ئێمە لەجیاكردنەوەی دەنگەكان ناترسین بەڵكو لەوە دەترسین بێ هەژماركردن و جیاكردنەوە دەیان هەزار سندوقی دەنگدان پوچەڵبكرێنەوە ئەوە چۆن كاریگەری نابێت؟ بۆیە ئێمە سكاڵامان تۆماركردوە دژی ئەو بڕیارە چەوت و نادەستورییە”، خه‌سره‌و وای وت.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن