بۆری نه‌وتبه‌ری كه‌ركوك – بێجی – به‌غدا ده‌خرێته‌وه‌گه‌ڕ

June 12, 2018 at 6:46 pm

كه‌ركوك/ ته‌موزی 2017/ یه‌كێك له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی پارێزگاكه‌ فۆتۆ/ بنار سه‌ردار

كه‌ركوك ناو

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق، خستنه‌وه‌گه‌ڕی هێڵی گواستنه‌وه‌ی بۆری نووتبه‌ری كه‌ركوك – بێجی – به‌غدای راگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌ ته‌واوی له‌كاركه‌وت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12-6 جه‌بار لوعێبی، وه‌زیری نه‌وت له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد تیمه‌كانیان له‌ واده‌یه‌كی كه‌مدا توانیویانه‌ ئه‌و هێڵه‌ ستراتیژییه‌ له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا، جارێكیتر چاكبكه‌نه‌وه‌ و بیخه‌نه‌وه‌كار.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌ت له‌و بۆرییه‌وه‌ كه‌ درێژییه‌كه‌ی 180 كیلۆمه‌تره‌، رۆژانه‌ به‌ توانای 40 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ كێڵگه‌كانی پارێزگای كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌نێردرێته‌ بێجی له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و دواتر له‌وێوه‌ بۆ به‌غدا ره‌وانه‌ ده‌كرێت.

له‌و نه‌وته‌ی كه‌ركوك، به‌شی پاڵاوگه‌كانی بێیجی و دۆره‌ دابینده‌كرێت، له‌گه‌ڵ دابینكردنی سوته‌مه‌نی بۆ وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای قودس له‌ باكوری به‌غدا.

وه‌زاری نه‌وتی عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ئه‌و هێڵه‌ ستراتیژییه‌، هه‌زاران بۆمب و ته‌قه‌مه‌نی جیاوازی پاشماوه‌ی شه‌ڕ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ڵگیراونه‌ته‌وه‌، كه‌ داعش له‌ رابردوودا دایناون.

بۆری نه‌وتبه‌ری كه‌ركوك – بێجی – به‌غدا، له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا روبه‌روی تێكدان و زیانی زۆر بۆته‌وه‌، له‌ ساڵی 2014وه‌ به‌ ته‌واوی به‌كارهێنانی راوه‌ستاوه‌.

به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ئه‌و بۆرییه‌، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌كارییه‌كانی عیراق بۆ هه‌نارده‌ی به‌شێك له‌ نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێی تانكه‌ره‌وه‌ بۆ ئێران، دوای ئه‌وه‌ی له‌م مانگه‌دا بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو پرۆسه‌كه‌ تاقیكرایه‌وه‌.

كەركوك ‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە‌و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بە ناوی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی، كەوتنە ژێر دەستی حكومەتی ناوەندی دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە‌ و لەوكاتەوە هەناردەی نەوتی پارێزگاكە، راوەستاوە.

لە سنوری پارێزگای كەركوك هەریەك لە كێڵگە نەوتیەكانی ئاڤانا ‌و بای حەسەن لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بوون و رۆژانه‌ 250 به‌رمیلی هه‌نارده‌ ده‌كرا، به‌ڵام له‌ ئێستادا لەگەڵ كیڵگە نەوتیەكانی قوبەی بابا ‌و جمبور ‌و خەبازە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقیدان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن