عه‌بادی: ئاگری كۆگاكه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست بووه‌
لیژنه‌یه‌ك بۆ سكاڵای خه‌ڵك له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن پێكده‌هێنرێت

June 12, 2018 at 7:51 pm

به‌غدا. 12-5-2018، ده‌نگدانی حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیران

كه‌ركوك ناو

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ئاشكرایكرد ئاگری كۆگاكه‌ی كۆمسیۆن به‌ ئه‌نقه‌ست بووه‌ و لیژنه‌یه‌ك بۆ وه‌رگرتنی سكاڵای هاوڵاتیان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ پێكهێنراوه‌، جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ دواوه‌ نیه‌ و ته‌نیا دادگا ده‌توانێت بڕیار له‌ دوباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی پرۆسه‌كه‌ بدات.

وته‌كانی عه‌بادی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12-6 له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا هات له‌ به‌غدا، دوابه‌دوای كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ تێێدا بڕیاردراوه‌ به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ وه‌رگرتنی سكاڵای خه‌ڵك له‌باره‌ی كێشه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌، تا له‌ 14 رۆژدا ته‌واوی كاره‌كانی ته‌واوبكات.

هه‌ربه‌پێی گفتوگۆكانی حكومه‌ت داواكراوه‌ داواكاری گشتی سكاڵا بجوڵێنێت دژ به‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ دروستكردنی كێشه‌ و گرفت بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌ جۆرێك بێگه‌ری و پاكی پرۆسه‌كه‌ له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌كاندا‌ گره‌نتی بكرێت.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئاشكرایكرد به‌پێی راپۆرتی سه‌ره‌تایی روداوه‌ی ئاگرتنه‌وه‌ له‌ كۆگایه‌كی كۆمسیۆن، ده‌ركه‌وتووه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست بووه‌ و به‌نزین به‌كارهێنراوه‌ و كامێراكانیش كوژێنراونه‌ته‌وه‌، كاره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌بووه‌ وڵات به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی نادیار ببه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌لای حكومه‌ته‌وه‌ جێی قبوڵ نییه‌.

یه‌كشه‌ممه‌ 10ی ئه‌م مانگه‌ له‌ كۆگایه‌كی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ به‌غدا ئاگر كه‌وته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك ئامێری ئه‌لیكترۆنی و سندوقی ده‌نگدان سوتان، تائێستاش چوار كه‌س كه‌ له‌ سێ پۆلیس و كارمه‌ندێكی كۆمسیۆن پێكهاتون به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌ستگیركراون.

به‌غدا، 10-6-2018، كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر له‌ كۆگایه‌كی كه‌لوپه‌ل و سندوقی ده‌نگه‌كانی كۆمسیۆن فۆتۆ: سۆمه‌ریه‌نیوز

عه‌بادی ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه‌ جارێكیتر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ و په‌كخستنی هه‌ڵبژاردن نییه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ره‌و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ هه‌نگاوبنێن، دوباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی پرۆسه‌كه‌ش له‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت و په‌رله‌ماندا نییه‌، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتی دادگای فیدراڵییه‌ دۆسیه‌كه‌ یه‌كلاییبكاته‌وه‌.

له‌ سه‌روبه‌ندی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك لایه‌ن و قه‌واره‌ی سیاسی له‌ عیراق گومانی خۆیان نیشاندا له‌ روداوه‌كه‌وه‌ و به‌شێكیان به‌ “به‌رنامه‌ بۆ دارێژراو” ناویان برد، له‌ نێویاندا سه‌لیم جبوری، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌یاد عه‌لاوی، جێگری سه‌رۆك كۆمار داوایانكرد هه‌ڵبژاردن به‌وهۆیه‌وه‌ دوباره‌ بكرێته‌وه‌.

ئه‌و روداوه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست، ئه‌وه‌ش به‌پێی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك لایه‌ن ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی به‌رانبه‌ر هه‌ژمار و جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌نگه‌كان.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و هه‌مواره‌ یاساییه‌ی په‌رله‌مان بڕیادراوه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانه‌كانی ده‌ره‌وه‌، مه‌رجدار و تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی هه‌بونی ساخته‌كاری، له‌گه‌ڵ راگرتنی كاری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆن كه‌ له‌ ئێستادا نۆ دادوه‌ر جێگه‌ی گرتونه‌ته‌وه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری عیراق، زیاتر له‌ 10 ملیۆن كه‌س به‌ رێژی سه‌دا 44 به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان ئاڵۆزی و بارگرژی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌هۆی گومانی ده‌ستكاری ده‌نگه‌كان.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن